Sunday, December 21, 2003
هه‌ندێك كتێب هه‌ن تا ماوه‌یه‌كی درێژ و بگره هه‌تا هه‌تایه له بیری مرۆڤدا ده‌مێننه‌وه. كاتێك 12-13 سالان بووم له شوێنێكی بێ‌كتێبدا ڕۆمانێكم ده‌ستكه‌وت. ناوی ڕۆمانه‌كه (Things fall apart) بوو. هی نووسه‌رێكی نیجیریایی به ناویChinua Achebe. ڕۆمانه‌كه باسی دێیه‌كی چكۆله‌ی نیجیریای ده‌كرد. باسی ژیانی خێزانێكی ئه‌و دێیه، شێوه‌ی ماڵه‌كانیان، خواردنیان، ژن هێنان و شووكردن ومردن و جادوگه‌ره‌كان و قوربانی دان و خواكان.... هتد. لێره‌دا ناتوانم باسی بكه‌م كه چ ڕۆمانێكی نازدار بوو. چۆن له‌وشوێنه چۆڵه‌دا بوو به هاوڕێیه‌كی گیانی به گیانیم. ڕاستتان ده‌وێت ئه‌و كتێبه به زه‌حمه‌ت به‌رده‌كه‌وت. ئه‌و 5-6 كه‌سه‌ی له‌وێ بووین، شه‌ڕمان بوو له‌سه‌ری. چاكم له بیره له به‌شێكی ئه‌و كتێبه‌دا به‌یتێكی تێدا بوو كه مرۆڤ ده‌بووایه پێكانی بكوتێ به زه‌ویدا له كاتی خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و به‌یته. ئه‌گه‌ر دوواترین وشه‌ی به‌یته‌كه ڕێكبكه‌وتایه له‌گه‌ل دانانی پێی ڕاست له‌سه‌ر زه‌وی ئه‌وه ئارزووه‌كه‌ت ده‌هاته دی... له بیرمه چۆن به ڕیز ده‌وه‌ستاین و ئاره‌زوومان ده‌كرد وئه‌و به‌یته‌مان ده‌خوێنده‌وه. هه‌موومان ئارزه‌وومان ده‌كرد به‌ڵام هیچ كاتێك ئاره‌زووه‌كانمان هه‌میشه هی خۆمان بوو. كه‌سی تر بۆی نه‌بوو بیزانێت.
ساڵ هات و ڕۆی... من هه‌زاران فه‌رسه‌خ له‌وشوێنه دوور كه‌وتمه‌وه. قاڵیچه‌ی حه‌زره‌تی سلێمان هه‌ڵیدامه تاراوگه. ڕۆژێكی ساردی زستان بوو، تاقیكردنه‌وه‌م هه‌بوو. مامۆستاكه‌م بانگی كردمه ژووره‌كه‌ی خۆی بۆ گفتوگۆ له‌سه‌ر ناوه‌ڕۆكی ئه‌زمونه‌كه... قسه‌یه‌ك له من و قسه‌یه‌ك له ئه‌و، كه له ناكاو چاوم كه‌وته سه‌رمێزه‌كه‌ی و هه‌مان كتێبم دیته‌وه! زمانێك كه پێش ئه‌و ساته ده‌تگووت مه‌قه‌سته وه‌ستانی بۆ نییه، بوو به ته‌ڵه‌ی ته‌قیوو. چاوه‌كانم ئه‌بڵه‌ق بوون... ڕێك وه‌كو ئه‌وه‌ی كۆنه هاوڕێیه‌كی زۆر خۆشه‌ویستم دیتبێت. هه‌ر ته‌ماشام ده‌كرد و لاپه‌ڕه‌كانیم هه‌ڵده‌دایه‌وه. دووباره ئه‌و شوێنه‌ی یه‌كه‌مجار ده‌ستمكه‌وت و ئه‌و ده‌موچاوانه‌ی كه پێكه‌و ئارزوومان ده‌كرد وپێكوتانه زه‌وییه‌كانی خۆمانم كه‌وته‌وه یاد. بیرم كرده‌وه تۆ بڵێی چه‌ند دانه له‌و ئاره‌زووانه هاتنه دی؟