--> ::هه‌رێمی هیچ ::

هه‌رێمی هیچ

Tuesday, January 06, 2004

ته‌ماشا كردنی فیلمی زه‌ماوه‌ند و جه‌ژنه‌كانی دیم پێخۆش نییه. نازانم بۆ به دیتنیان دڵم ته‌نگ ده‌بێت. نه‌گبه‌تیه‌كه‌ش له‌وه‌دایه هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی چوویته میوانییه‌ك جارێ دوو قسه‌ت نه‌كردووه یه‌كسه‌ر كاسێتی زه‌ماوه‌ندت بۆ سه‌رده‌خه‌ن. خۆ ئه‌گه‌ر بڵێی خێرتان ده‌گاتێ سه‌ری‌مه‌خه‌ن و من هاتووم بۆ لای خۆتان نه‌ك ته‌ماشا كردنی ئاهه‌نگی زه‌ماوه‌ندی كوڕی پوری ئامۆزای دایكتان. لچت لێهه‌ڵده‌قورتێنن و ده‌ڵێن ئه‌ها ئه‌وه ئێره‌یی ده‌بات، وشكه، بێزه‌وقه و هه‌زارویه‌ك شتی دی. جا ئه‌گه‌ر له كاتی سه‌رداندا یه‌ك دوو كوڕی گه‌نجی ڕه‌به‌ن یان پیره پیاوی ڕه‌به‌نت له‌گه‌ڵدا بێت، ئه‌وا هێنانی لێدانی كاسێته‌كه زۆر به‌‌له‌زه‌تتر ده‌بێت و ده‌ڵێن ئه‌مه تایبه‌ته به ئێوه.  خاوه‌ن ماڵ جاروبار به‌ده‌م له ده‌مئاخنینی میو‌ه‌ و شیرینی و چه‌ره‌زاته‌وه له كوڕه‌ ڕه‌به‌نه‌كان ده‌پرسێت كه ئایا جنسیه‌ی وڵاتێكی ئه‌وروپیان هه‌یه و چ كاره‌ن. پاش وه‌رگرتنی وه‌ڵام ده‌ستده‌كاته غه‌یبه‌ت كردنی كچی ڕۆژئاوا كه به‌كه‌ڵك نایه‌ن و هه‌ر پێویست به باس كردن ناكات... ئینجا دێته سه‌ر باسی ئه‌و كچه خۆوڵاتییانه‌ی كه له ڕۆژئاوا گه‌وره بوون.... وه‌ی وه‌ی نه‌عوزو بیلا، ئه‌مانه له‌وان خراپترن. خۆ نازانن ڕێز و حورمه‌ت چییه. ژن ئه‌بێت ژن بێت و پیاو ده‌بێت پیاو. ژنی كابرای خانه‌خوێش له‌ولاوه داده‌نیشێ و چونكه وه‌زیفه‌ی ژنانه‌ی خۆی باش ده‌زانێ زوو زوو شت دێنێته به‌ر ده‌ستی میوانان و مێرده‌كه‌ی. و به ده‌نگێكی چپه‌دو ورده ورده كچه عازه‌به‌كانی ڤیدیۆكه بۆ میوانه ژنه‌كان باسده‌كات. ئه‌وه‌یان كیژی ماڵه فڵانه، كچی چاكه، زۆر ده‌ست‌ ڕه‌نگینه. ئه‌مه‌یان پێبكه‌نێت دانی ده‌رناكه‌وێت. هه‌ر زۆر به‌ حه‌یا و شه‌رمه. له‌ناكاو كچێكی جوان ده‌رده‌كه‌وێت كه ده‌موچاوی هێنده ڕه‌نگ كردووه له گه‌یشای ژاپۆنی ده‌چێت. هه‌موو ده‌ڵێن ئه‌مه كێیه؟ ژنه به سرته‌وه ده‌ڵێت: حه‌یف ئه‌مه شووی كردووه. شووی كردووه به پیاوێكی زۆر له خۆی به‌عه‌مرتر، به‌ڵام مێرده‌كه‌ی گه‌له‌ك ده‌وڵه‌مه‌نده!
ئیدی ته‌ماشا كردن، له یادكردنه‌وه‌ی ڕووداوێكی پڕ له سۆز و خۆشه‌ویستی دێته ده‌رێ و ده‌بێته بازاڕی كڕین و فرۆشتنی گۆشت به‌رامبه‌ر به پاسپۆرت



* * * * * * * * * * * * * * * * * * * *