--> ::هه‌رێمی هیچ ::

هه‌رێمی هیچ

Thursday, February 05, 2004

كاتێك شتێك له مه‌كته‌بی مناڵه‌كانم ڕوو ئه‌دات، بێ سێ و دوو ته‌له‌فۆن بۆ شوێنی ئیشه‌كه‌ی من ئه‌كه‌ن. وه‌ره كوڕه‌كه‌ت نه‌خۆشه، شه‌ڕی كردووه. له مناڵی تری داوه یان خۆی لێیدراوه و زۆر شتی تر. زۆربه‌ی جاره‌كان یان هه‌ر به ته‌له‌فۆن چاره‌سه‌ری ئه‌كه‌م یان خۆم ئه‌ڕۆم بۆ مه‌كته‌به‌كه‌یان و گرفته‌كه چاره‌سه‌ر ئه‌كه‌ین.
زۆر جار كه كۆبوونه‌وه‌ی دایكوباوكانه، من ئه‌ڕۆم. كاتێك پێشكه‌ش كردنی شانۆیه‌ك، پێشبڕكێیه‌كی وه‌رزشییه هه‌ر منم. ئه‌ڵێم زۆربه‌ی جار و نه‌وه‌ك هه‌موو جارێك. كاتێكیش نه‌خۆش ئه‌‌كه‌وێت منم كه له ماڵه‌وه‌ئه‌بم ‌‌و ئاگام لێده‌بێت.
له خۆم ئه‌پرسم بۆ مامۆستاكان به‌شێوه‌یه‌كی ئۆتۆماتیك ته‌له‌فۆنی من ئه‌كه‌ن نه‌‌وه‌ك هی بابیان، ئه‌ی بۆ بۆنه‌كان من ئه‌ڕۆم و باوكیان كه‌متر. چونكه باشتره من ئیشه‌كه‌م جێبێڵم. له‌ڕووی ئابوورییه‌وه وا باشتره. هه‌رچه‌ند من و ئه‌و هه‌ردووكمان هه‌مان ئیشمان هه‌یه و به‌قه‌د یه‌كترمان خوێندووه كه‌چی دیسانه‌وه‌ش‌ مانگانه‌ی ئه‌و زۆرتره له‌وه‌ی من. كه‌واته وا باشتره پاره‌یه‌كی كه‌متری من ببڕدرێت نه‌وه‌ك ئه‌وه‌ی مێرده‌كه‌م. جگه له‌مه‌ش ئێستاش په‌روه‌رده‌كردنی مناڵ به‌كارێكی سه‌ره‌كی  دایكه‌كه ئه‌ژمێردرێت و هه‌ر ئه‌ویشه كه گله‌یی لێ‌ئه‌كرێت بۆ مناڵه‌كه‌ی ته‌مه‌ڵه یان هارو هاجه هه‌تا ده‌ڕوا.  له‌وانه‌ش تێپه‌ڕێت هێشتاش مناڵ به‌ ناوی باوكییه‌وه ده‌كرێت له‌گه‌ل ئه‌و هه‌موو غایب بوونه‌ی له ژیانی مناڵه‌كه‌یدا. 
تاوانی كێیه؟ نه من و نه مێرده‌كه‌م. ئه‌گه‌ر سیسته‌مه‌كه هه‌لومه‌رجی یه‌كسانی بۆ هه‌ردووكمان دابین بكردبایه دڵنیام كه باوكه‌كانیش به ئه‌ركی خۆیان هه‌ڵئه‌ستان.



* * * * * * * * * * * * * * * * * * * *