--> ::هه‌رێمی هیچ ::

هه‌رێمی هیچ

Friday, February 13, 2004

سبه‌ی ڕۆژی دڵان و ئه‌و شتانه‌یه. بازاڕگه‌كه‌ی شارۆچكه‌كه‌ی من ڕه‌نگ و ڕوخساری خۆی گۆڕیوه و هه‌ر له دووره‌وه سوور و په‌مه‌یی ئه‌نوێنێ. یه‌كێك له دوكانه‌كان جلی ژێری ژنان و پیاوان ئه‌فرۆشێت. هه‌ر كه بۆنه‌یه‌ك ئه‌بێت‌ وه‌كو سه‌ری ساڵ و ڕۆژی دڵان و هی دایك و باوك یه‌كسه‌ر كۆڵی شۆرت و ستیانی سه‌یر و سه‌مه‌ره به په‌نجه‌ره‌كانییه‌وه هه‌ڵئه‌واسرێت. له‌گه‌‌ل كۆمه‌ڵه كارتێك كه وێنه‌ی ده‌مێكی گه‌وره‌ی سوراو لێدراوه و خه‌ریكی ماچه. به‌رامبه‌ر دوكانه‌كه‌و له ده‌ره‌و‌‌‌ه‌ی ڕیزه كورسییه‌ك دانراوه بۆ پشووی كڕیاره‌كان. ئه‌م ڕیزه كورسیانه قه‌ت چۆڵ ناكرێن. هه‌ر كاتێك ئه‌ڕۆم بۆ پاقله‌و گه‌ڵا مێو كڕین ئه‌بینم 10-12 پیره‌پیاو له‌وێ لێیدانیشتوون و چاویان بڕیوه‌ته ئه‌و شۆرت و ستیانانه‌ و سه‌ریان ئه‌له‌قێننه‌وه. جارێكیان لانه‌م له‌گه‌ڵ بوو لێیان چووه پێشه‌وه‌و ووتی: ئه‌رێ ئێوه هه‌میشه لێره لێیدانیشتوون و به‌دیقه‌ت هات و نه‌مانی مۆدێله‌كان ده‌بینن هیچ گۆڕانێك له مۆدێلی جلی ژێره‌وه‌دا ڕوویداوه؟ پیاوه‌كان سوور هه‌ڵگه‌ڕان و منیش له شه‌رما له‌و ناوه نه‌مام و له دووره‌وه چاوم له لانه بوو بۆ خۆی قاقاپێئه‌كه‌نی. كه هاته‌وه ووتی دایه مه‌وزوعێكی خۆشم دۆزییه‌وه بۆ ڕۆژنامه‌ی مه‌كته‌ب. سبه‌ی دێمه‌وه گفتوگۆیان له‌گه‌ڵ ئه‌كه‌م.



* * * * * * * * * * * * * * * * * * * *