--> ::هه‌رێمی هیچ ::

هه‌رێمی هیچ

Saturday, February 28, 2004

باوك و ئالان و دیلانم ماڵ به‌ده‌ر كرد. هه‌ر خۆم مامه‌وه. وه‌كو هه‌میشه شاژنی ماڵ. ئه‌وان چوون بۆ ته‌ماشای هۆكی. ووتم له ده‌ره‌وه نان بخۆن به‌ته‌ما نیم خواردنتان بۆ دروست كه‌م. تا دره‌نگتریش بێنه‌وه بۆ من باشتره. تا ئێستا له‌ده‌ره‌وه‌ن و خوا خۆی ده‌زانی خه‌ریكی چین.

هه‌ر كه ئه‌وان ڕۆیشتن، هه‌موو په‌نجه‌ره‌كانم كرده‌وه. به‌فر كلو كلو ده‌‌باری به‌ڵام سارد نه‌بوو. هه‌وایه‌كی خۆش ماڵه‌كه‌ی پڕ كرده‌وه. هه‌موو چه‌رچه‌فه‌كان و به‌رگه‌ سه‌رینه‌كانم لێكرده‌وه و فڕێمدانه ناو مه‌كینه‌ی جل‌شتنه‌كه‌وه. قۆڵم لێ هه‌ڵمای و ژووره‌کانم پاككرده‌وه. ماڵه‌كه‌م گه‌سك لێدا. قاپه‌كانم شتن.  پاشان چووم گوڵدانه‌كانم هێنا و خۆڵه‌كانیم گۆڕی. بۆنی خۆڵه‌كه زۆر خۆش بوو. بنی نینۆكه‌كانم پڕ بوون له خۆڵ... دواتر كه چووم جله‌كان ده‌ربێنم ته‌ماشام كرد لووتیشم خۆڵاوی بووه. ئه‌وه‌نده‌م لووت پێوه‌نابوو. به خۆم پێكه‌نیم، خۆمم پێ شیرین بوو. دوایی ئه‌وانه نانێكی خێرام خوارد و كه‌مێك ڕاكشام. ماڵه‌كه بێده‌نگ، نه ده‌نگی CDی ئالان و نه زرم و زامی یاری كه‌مپیوته‌ری دیلان و نه هاتوچۆی بێكۆتایی باوكیان. بێده‌نگ بێد‌‌گ. خه‌وه‌كه‌م زۆر خۆش و قوڵ بوو. كه هه‌ستام به‌ ته‌واوه‌تی ئیسراحه‌تم كردبوو. ته‌ماشایه‌كی سه‌لاجه‌كه‌م كرد، ئه‌سپێ تێیدا ئه‌ڵاوه‌یسی ئه‌ووت. ژنانه خۆمم پێچایه‌وه به‌ره‌و بازاڕ كه‌وتمه ڕێ.  كۆڵێ شتم كڕی و هاتمه‌وه. ئێستا سه‌لاجه‌كه‌یه كه له خۆشیان خه‌ریكی سێ‌پێیی و فه‌تاح پاشاییه. هه‌وای ده‌ره‌وه‌ش خۆش بوو. ته‌واو خۆشی كردم و سه‌رمه‌ست.

ئێستا دانیشتووم و ئه‌مانه ئه‌نووسم. ئیشه‌كانم ته‌واو كردووه. ماڵه‌كه به‌ ڕوومه‌وه پیئه‌كه‌نێ. پیاوه‌كانی ماڵ له ماڵ نین هێشتا. ته‌ماشای ده‌نگوباسم كرد: ئه‌مریكا و هاییتی و ترسی و ترشیی ئه‌مریكا له هێرشی په‌نابه‌ر بۆ ئه‌وێ. هانس بلیكسی هه‌ژار  له ماڵی خۆی دانیشتبوو به ته‌له‌فۆن بۆ ئه‌مسه‌ر و ئه‌وسه‌ری دنیا ته‌له‌فۆنی ئه‌كرد كه‌چی خه‌ڵكی به‌دكار گوێیان به‌ دیواره‌كه‌یه‌وه نابوو، كورد گووته‌نی كووڵیان لێئه‌گرت. كابرای محامیش به كچێكی ووتوه: جله‌کانی له جلوبه‌رگی قه‌حبه ئه‌چێت!!!!. له سه‌ر كۆمپیوته‌ری محامییه‌كه كۆڵێك ئادره‌سی ماڵپه‌ڕی ڕووت و قووت دۆزراوه‌ته‌وه. محامییه‌كی شاره‌زایه! دوای كه‌ناڵم گۆڕی و دیم باسی Big Brother ه گوایه سیروان ناوێك تێیدا به‌شداره. دڵنیام كورده.  نازانم ئه‌م  براد‌ره‌ش به قه‌د نادیا شانسی ناوبانگ ده‌ركردنی ئه‌بێ، یان ئه‌بێ ئه‌میش جوتێ مه‌مكی قووت و له‌شولارێكی به‌ر هه‌تاو هه‌ڵخراوی هه‌بێ؟ ئایا بۆ چوونی ئه‌میش ئه‌بێته نوێنه‌ری هه‌موو پیاوه‌كان؟ ئایا قسه‌كانی ئه‌بێته پێناسه‌یه‌ك بۆ هه‌موو پیاوه كورده‌كان؟ 

ئه‌مه‌ش ڕۆژی من. هه‌ست به ڕازی بوون ئه‌كه‌م. جارێ كاتم زۆر ماوه. پێمخۆشه كێكێك درووستكه‌م. با ‌بڕۆم گوێم له ته‌قه‌ی ده‌رگا سه‌ره‌كییه‌كه‌یه. هاتنه‌وه! :-) 



* * * * * * * * * * * * * * * * * * * *