--> ::هه‌رێمی هیچ ::

هه‌رێمی هیچ

Saturday, March 06, 2004



دره‌نگێك له ئیش‌ هاتمه‌وه. له‌ ناو قه‌تاره‌كه‌دابه‌رامبه‌رم ژنێك دانیشتبوو. ته‌مه‌نی ده‌ورووبه‌ری چل ساڵێك ئه‌بوو. ژنێكی كه‌ڵه‌گه‌تی باریك ئه‌ندام بوو. قژێكی درێژی زه‌ردی هه‌بوو كه به‌سه‌ر شان و ملیدا په‌خش بووبووه‌وه. دوو چاوی گه‌وره‌ی شین و ده‌مولێوێكی قه‌ڵه‌وی هه‌بوو. پانتۆڵێكی چه‌رم و پاڵتۆیه‌كی فه‌روداری له‌به‌ردا بوو. جله‌كانی گه‌رم بوون. له جله‌كانی گه‌رمتر نیگاكانی بوون، ده‌موچاوی پڕ بوو له بزه‌ و گه‌شی. پاش ماوه‌یه‌ك ته‌له‌فوونه ده‌ستیه‌كه‌ی له جانتاكه‌ی ده‌رهێنا و ته‌ماشایه‌كی كرد.
ته‌له‌فۆنه‌كه‌ی خسته‌وه ناو جانتاكه‌ی، دیسانه‌وه ده‌ریهێنا و ته‌ماشایه‌كی تری كرد و دیسانه‌وه له جانتاكه‌ی كرده‌وه. بۆ جاری سێیه‌م ده‌ریهێنا و زۆر به نه‌رمی شاشه‌ی ته‌له‌فۆنه‌كه‌ی ناز كرد و ته‌ماشایه‌كی ده‌ره‌وه‌ی كرد و پاشان من، بۆم پێكه‌نی و سه‌رێكی ڕاوه‌شاند. ئه‌مجاره‌یان به نادڵنیاییه‌وه ته‌له‌فۆنه‌كه‌ی خسته‌وه ناو جانتاكه‌ی. ساتێكی پێنه‌چوو ده‌ریهێنا، ئه‌مجاره‌یان زۆر به په‌له ده‌ستی كرد به نووسینی په‌یامێك. په‌یامه‌كه‌ی نووسی، ته‌ماشایه‌كی كرد، ده‌ستی به شاشه‌كه‌دا هێنا و هه‌ناسه‌یه‌كی هه‌ڵكێشا؛ چاوه‌ شینه‌كانی بوون به ده‌ریایه‌‌ك، فرمێسك تێیدا شه‌پۆلی ئه‌دا. په‌یامه‌كه‌ی نارد... ته‌له‌فۆنه‌كه‌ی خسته‌وه جانتاكه‌ی و چاوه‌كانی لێكنا... بزه‌ی سه‌رلێوی هه‌موو ده‌موچاوی ڕووناك كردبووه‌وه.



* * * * * * * * * * * * * * * * * * * *