Friday, March 12, 2004
زۆرتان ئالفۆنس ئۆبێری ئه‌ناسن. چه‌ند ساڵێک له‌مه‌وبه‌ر 25 ساڵی پڕكرده‌وه. ئالفۆنس هاوڕێیه‌كی خه‌یاڵاوی هه‌یه. ته‌نیا خۆی ئه‌یبینێ وته‌نیایی خۆی له‌گه‌ڵدا به‌ش‌ئه‌كات. ناشزانم چه‌ند كه‌س هه‌یه كه هاوڕێیه‌كی وای هه‌یه، به‌ڵام ئه‌وه‌نه ئه‌زانم كه بوونی هاوڕێی وا باشی زۆری هه‌یه. ئه‌تووانی له‌گه‌ڵی به سه‌ربه‌ستی قسه بكه‌یت، توڕه بیت و بگریت بێئه‌وێ ده‌ستبكاته نه‌سیحه‌ت كردن و ڕێگه‌ی چاكه و خراپه پیشاندان.
نه‌مویست باسی ئالفۆنس بكه‌م. ئالان و جگه‌ره كێشانه‌كه‌ی بیری خستمه‌وه. ئالان ئه‌و كاته‌ی مناڵ بوو، ئه‌چووه باخچه‌ی ساوایان و من شه‌وانه ئالفۆنسم بۆ ئه‌خوێنده‌وه تا ئه‌خه‌وت. له ناو هه‌موو چیرۆكه‌كاندا زیاتر ئه‌و چیرۆكه‌ی پێخۆش بوو كه ئه‌چووه لای دایه‌گه‌وره‌ی و له‌وێ كێك وكولیچه‌ی ئه‌خوارد به دزی نه‌نه‌وه. زۆر جار ئه‌یپرسی دایه، من دایه گه‌وره‌م هه‌یه. ئه‌مووت ئا دایه گیان هه‌ته، له كوردستانه. وێنه‌ی دایه گه‌وره‌ی ئه‌و وه‌كو دایه‌گه‌وره‌ی ئالفۆنس نه‌بوو. دایه‌گه‌وره‌ی ئه‌و كڵاو وله‌چكی هه‌بوو، كراسه‌كه‌ی درێژ و فه‌قیانه‌ی هه‌بوو، ملوانكه‌ی شینی له ملدا بوو. كه سه‌یری ئه‌كرد ئه‌یووت دایه دایه‌گه‌وره‌ی من و ئالفۆنس وه‌كو یه‌ك وان! هه‌ردووكیان قژیان سپییه، هه‌ردووكیان خڕن.
بیر له ئالان ئه‌كه‌مه‌وه. حه‌ز ئه‌كه‌م دووباره مناڵ بێته‌وه... بچوك، بچوكتر و بچوكتر تا ده‌بێته ئاله ساواكه‌ی خۆم و توند توند له باوه‌شی بگرم. بۆن به لامله‌كه‌یه‌وه بكه‌م... دانه دانه په‌نجه بچوكه‌كانی ماچ كه‌م.
زۆر له باسه‌كه ده‌رچووم. ئالفۆنسم خوێنده‌وه بیرم له هاوڕێكه‌ی كرده‌وه. ئارام بوومه‌وه. منیش له‌گه‌ڵ مناڵیی ئالان و تا گه‌وره‌یی قسه‌م كرد. ئه‌و شتانه‌ی كه له دڵمدا بوون پێمووت. هه‌وڵئه‌ده‌م كاتێك قسه‌م له‌گه‌ڵ كرد وه‌كو هاوڕێكه‌ی ئالفۆنس بكه‌م؛ بێده‌نگ بم و گوێی لێبگرم. گوێ له هه‌نگاوی به‌ره‌و گه‌وره بوونی بگرم. هه‌ستئه‌كه‌م هه‌نگاوه‌كانی زۆر خێران. نازانم ئه‌توانم له‌و گه‌وره‌بوونه بگه‌م یان نه؟