--> ::هه‌رێمی هیچ ::

هه‌رێمی هیچ

Monday, March 15, 2004



به له‌نجه و به‌ له‌نجه
ئۆخه‌ی به‌ لارو له‌نجه
باری كرد، باریكرووه، بۆ شاره‌كه‌ی هه‌ڵه‌وجه...

به‌ له‌نجه و به‌ له‌نجه ، زۆر به ئاسپایی، زۆر له سه‌رخۆ، ئێواش ئێواش وه‌كو گه‌ڵای پاییزه ته‌نوره‌یان كرد و كه‌وتنه خواره‌وه. گه‌‌ڵایه‌ك، دووان، سێیان، چوار، پێنج، شه‌ش، حه‌وت، هه‌شت، نۆ، پازده، په‌نجا، سه‌د، پێنج سه‌د، هه‌زار، دوو هه‌زار، سێ هه‌زار، چوار هه‌زار، پێنج هه‌زار. وای، وای چ گه‌ڵاڕێزانێك... وای له‌ له‌نجه‌ی وه‌رینی ئه‌و هه‌موو گه‌ڵایه. وای له‌و به‌هاره‌ی گوڵ هه‌ڵبوه‌رێت، ئه‌ویش نه‌یه‌ك نه‌ دوو، به‌ڵكو پێنج هه‌زار...  وای له‌وكۆڵانانه‌ی كه چیدی قریوه‌ی پێكه‌نینی مناڵه هاروهاجه‌كانی لێ نابیسرێت... وای كه‌سه‌كانم...
چاوم ئه‌نوقێنم، خۆم له ناوپاسێكی كۆسته‌ردا ئه‌بینم پاسه‌كه لێره‌و له‌وێ ئه‌وه‌ستێ، عه‌ربه‌ت، سه‌ی سایه‌ق و ئه‌گاته زه‌مه‌قی. ئاهێكم دێته‌وه به‌ردا، ئۆخه‌ی گه‌یشتین و ئینجا هه‌ڵه‌بجه. جاده‌ی سه‌ره‌كییه‌كه‌ی شار، گه‌ڕه‌كی كانی ئاشقان، دووكانه‌كان، گه‌ڕه‌كی مامۆستایان. له‌وبه‌ره‌وه گردی شه‌هیدان دیاره پشتی گرده‌كه سه‌وزایی چڕوپڕی عه‌بابه‌یلێ. ئه‌ڕۆم بۆ ئه‌وێ، به‌ناو گه‌ڕه‌كی باخاندا سه‌ر ئه‌كه‌وم ، ئای چ بۆنێكی هه‌بوو. بۆنی پونگه، بۆنی گوڵه باخه‌كان. له‌وێ وێنه‌یه‌ك ئه‌گرم. ئه‌وكات گه‌نجم كراسێكی كوردی سوورم له‌به‌ره و هه‌ڵه‌بجه‌ش وه‌كو من گه‌نج و خۆی به گوڵاله سوره خه‌‌مڵاندووه. ئێستاش هه‌ر له ناو خه‌یاڵه‌كانمدام... ئه‌چمه باوه‌كۆچه‌ك... كچی خاڵم بیر ده‌كه‌وێته‌وه پڕ به ده‌می پێده‌كه‌نێت و هاوار ئه‌كات بردمه‌وه بردمه‌وه!!! له‌وێ نامێنم و به‌ره‌و عه‌نه‌و... ڕاده‌چه‌نم... خه‌و خه‌یاڵ نییه، ڕاستییه. ئه‌و هه‌موو شوێنانه زه‌رد بوون، سیس بوون، خنكان...
جارێكی تر چوومه‌وه هه‌ڵه‌بجه پاش وه‌رینی، ئه‌مجاره ڕه‌گه‌كانی خۆی له خاك گیر كردبوو، گه‌ڵای بچوك بچوك چه‌كه‌ره‌ی كردبوو. به‌ گه‌ڕه‌ك و كۆڵانه نیوه ڕووخاو نیوه ئاوه‌دان كراوه‌كانیدا تێپه‌ڕێم. نه‌مئه‌توانی هه‌نگاو بنێم ب‌‌سه‌ر ئه‌رزه‌كه‌دا. نه‌مئه‌توانی سه‌رم به‌رز كه‌مه‌وه، نه‌مئه‌توانی ته‌ماشای كه‌س و هیچ بكه‌م. پێویستیشی نه‌ئه‌كرد وا بكه‌م. هه‌موو كاته‌كه وێنه‌ و خه‌یاڵی ئێوه بوو له پێش چاوم. له‌نجه‌ی  وه‌رینی ئێوه بوو. ئه‌ترسام پێم به‌ر زه‌وی بكه‌وێت، نه‌كا ئه‌و گه‌ڵا بچوكانه ئێوه بن.


* * * * * * * * * * * * * * * * * * * *