Wednesday, March 17, 2004
سه‌رۆكی كار پاش هه‌فته‌یه‌ك نه‌خۆشی دێته‌وه. هه‌موو وه‌كو مه‌یموون بۆی ئه‌كه‌وینه سه‌ما، به‌خێر بێیته‌وه، كه‌فاره‌تی گوناحان!. هه‌موو گورجوگۆڵانه ئیشه‌كان به‌رێ ئه‌كه‌ین. كه‌س بۆڵه‌ی نایه‌ت،وه‌كو ڕۆبۆت. چاوی سه‌رۆك دیاره و هه‌موو له‌و كاتانه‌دا ده‌ستی یارمه‌تی بۆ یه‌ك درێژ ئه‌كه‌ین. هه‌موو هه‌وڵئه‌ده‌ین له كاتی پشووی خۆمان بگرینه‌وه و خێراتر له‌وی تر بگه‌ڕێینه‌وه سه‌ر ئیشه‌كانمان. ته‌له‌فۆنه‌كان به قسه‌ی تایبه‌تی مه‌شغوڵ ناكه‌ین. ڕێك‌وپێك. كه‌س پێنج ده‌قه زووتر ناڕواته‌وه. هه‌موو ئه‌ڵێی خه‌ریكی پێشبڕكێن بۆ باشتر كار كردن. یاخود به‌نده‌یی كردن، نازانم. سه‌رۆك ساغ و سه‌لامه‌ته و ئیشكردنی مه‌یمون ئاساییانه‌ی ئێمه‌ش به‌رده‌وام.
ڕۆژێكی تر:
كچێكی گه‌نجه و یه‌كه‌م ئیشی ڕه‌سمییه بۆی. هه‌موومان به‌مه ئه‌زانین. ئه‌و هیچ له ژیانیی ئیشكردن نازانێت. سفر كیلۆمه‌تر، تازه له زانكۆ وه هاتۆته ده‌ره‌وه. له‌م لاو له‌و لا كهموكوت ئیشی كردووه، به‌ڵام له شوێنێكی ئاوها گه‌وره و لێپرسراوییه‌تی هه‌بێت، نا. ئه‌زانین ناشییه. ددانمانی بۆ تیژ ئه‌كه‌ین، مێشكمانی بۆ ئه‌خه‌ینه كار و پیلانی بۆ دائه‌نێین: چۆنی بچه‌وسێنینه‌وه؟ خوا ناردوویه‌تی بۆمان. ئیشه‌كان به ئه‌و ئه‌كه‌ین خۆ ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌یه‌كیش ڕوویدا، یه‌كسه‌ر ئه‌و تووش ئه‌كه‌ین. قابیله ئێمه هه‌ڵه بكه‌ین؟ پاش ئه‌و هه‌موو ساڵه ئه‌زموونه؟ سه‌رۆك گوێبگره ئه‌م گه‌نجه‌ت هێناوه ، ته‌جروبه‌ی نییه! زه‌هری خۆمان ئه‌ڕێژین. لای ئه‌ویش دڵمان ئه‌بێته مۆم و نه‌رم نه‌رم ده‌توێینه‌وه بۆی. ئای كه گوناحی سه‌رۆكێكی بێڕهحممان هه‌یه، بیر له تازه‌كاری و هه‌رزه‌كاری تۆ ناكاته‌وه.
ڕۆژانێكی تر:
ئاژه‌ڵه‌كان به‌ناو یه‌كدا دێن و ئه‌چن. ماڵی و كێوی، دڕنده و به‌سته‌زمان... هه‌مووی له ته‌قه‌لادایه... شه‌ڕه! شه‌ڕ بۆ مانه‌وه!
تــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــف چ ڕۆژانێكه!