--> ::هه‌رێمی هیچ ::

هه‌رێمی هیچ

Sunday, April 11, 2004

ڕۆژێكی گه‌رمی هاوینه، من و خه‌سووم سواری پاسێكی كۆسته‌ر به‌ڕێگه‌وه‌ین. له‌ ده‌روازه‌ی شار دێینه ده‌رێ و یه‌كه‌م پرسگه یان شوێنی پشكنین پاسه‌كه ڕائه‌گرێت. خه‌سووم له ژێر لێوه‌وه ورته‌ی دێت و خه‌ریكی دوعا خوێندنه. به په‌نجه زبره‌كانیشی دانه‌ی ته‌زبیحه‌كه‌ی ئه‌ژمێرێ و جار نه‌ جار هه‌ناسه‌یه‌كی قوڵ هه‌ڵئه‌كێشێت. منیش ئه‌ترسم و لێدانی دڵم زیاد ئه‌كات. سه‌ربازه‌كه سه‌رئه‌كه‌وێت و به مۆڕه‌وه ته‌ماشایه‌كی خه‌ڵكه‌كه ئه‌كات و به خێسه‌وه به پیاوه‌كان ئه‌ڵێ: هه‌ویه‌كه‌ت ( ناسنامه‌كه‌ت)؟ ئه‌وانیش خێرا خێرا ده‌ست ئه‌كه‌نه باخه‌ڵییان و هه‌وییه‌كانیان ده‌رئه‌‌هێنن و سه‌ربازه‌كه‌ش به لاچاوێك ته‌ماشایه‌كی ئه‌كات و بۆیان فڕێ ئه‌داته‌وه. ساته‌كان ئه‌وه‌نده قورسن هه‌ر ناڕۆن. ته‌نانه‌ت هه‌وای ناو پاسه‌كه، نیگاكانیش قورسن و خاو. چركه له‌كه‌سه‌وه نایه‌ت. من  ته‌ماشای ده‌ره‌وه ئه‌كه‌م. نامه‌وێ سه‌ربازه‌كه چاوی به چاوم بكه‌وێت. ئه‌ترسم چاوم بخوێنێته‌وه. بزانێت مناڵه پێشمه‌رگه‌یه‌كم له هه‌ناومدا شاردۆته‌وه، چه‌ند نامه‌یه‌كی دایك و ده‌زگیران و كه‌سوكاری پێشمه‌رگه‌م پێیه. ئه‌ترسم تێبگات كه  ئیتر هه‌رگیز چاوم به شاره‌كه‌م ناكه‌وێته‌وه و ڕێگه‌یه‌كی درێژ و سه‌ختم له‌به‌ره. ئه‌ترسم تێبگات ئه‌و مه‌نجه‌ڵه یاپراخه‌ی پێمانه، ئێواره  ئه‌بێته شیوی پیشمه‌رگه‌كان.

سه‌ربازه‌كه چاوێكی تر به ناوپاسه‌كه‌ و نیشته‌جێكانی ئه‌بڕێت و ئه‌ڵێ هه‌موو پیاوه‌كان دابه‌زن بۆ پشكنین. زه‌عیفه‌كان با له‌ ناو پاسه‌كه‌دا بمێننه‌وه.



* * * * * * * * * * * * * * * * * * * *