Friday, April 16, 2004
كـــــــــــــــــــــــــــــــێی زه‌لام؟
شوو ئه‌كه‌م... 19 ساڵ لهمهوپێش. به‌ره به‌یانییه‌كی زۆر زووه و هێشتا خۆر هه‌ڵنه‌هاتووه، سه‌یاره‌یه‌ك له‌به‌رده‌م ماڵی باوكمدا ڕائه‌وه‌ستێت. چاوه‌كانم له‌به‌ر بێخه‌وی و گریانی زۆر سوور و ئاوساون. كراسێكی كوردی شینم له‌به‌ره و سه‌رپۆشێكی بچكۆلهشم له‌سه‌ر كردووه. دوو جانتام پێیه. دایكم وباوكم له ژووره‌وه و به ئه‌سپایی ماڵئاواییم لێئه‌كه‌ن. دایكم ئه‌گری و باوكیشم ده‌نگی له‌رزه‌ی تێكه‌وتووه. خهسوومیش باوه‌ش به دایكمدا ئه‌كات و ئه‌ڵێ خه‌مت نه‌بێ، ئینشائه‌ڵا قه‌ده‌می خێر ئه‌بێ و زوو ئه‌گه‌ڕێنه‌وه ناومان.
من و خه‌سووم و شوبراكهم ئه‌كه‌وینه ڕێ. هێشتا خۆر به ته‌واوی هه‌ڵنه‌هاتووه كه ئه‌گه‌ینه شارۆچكه‌كه. له ماڵێك ئه‌بینه میوان. شوبراكهم به خۆی و سه‌یاره‌كه‌ی ئه‌گه‌ڕێته‌وه من و خه‌سووم و پیاوی خانه‌خوێ به لاندرۆڤهرێك ده‌گه‌ینه لادێیه‌كی قه‌دپاڵی چیا. تازه كاتژمێر 10 ی به‌یانییه. له لادێكه، له‌ماڵێكی تر ئه‌بینه میوان. ئه‌وه‌نده ماندووم چاوم بۆ ناكرێته‌وه. خانه‌خۆی جار به جار ته‌ماشام ئه‌كات و سه‌رێك ئه‌له‌قێنێت و ئه‌ڵێ وره‌ت به‌رز بێت! ئافه‌رین كچم! ژنه‌كه‌ی جێگه‌م بۆ ڕاده‌خا و ئه‌ڵێ: كچم ماندوویت، پشوویه‌ك بده كه‌مێك ڕاكشێ دواتر خه‌به‌رت ئه‌كه‌مه‌وه! ئه‌خه‌وم. خه‌وێكی قوڵ... به بۆنی كۆلكه داری تازه ئاگراوی ناو زۆپا به‌خه‌به‌ر دێمه‌وه.
ئێواره‌یه هێستره‌كان له ده‌ره‌وه ڕاگیراون. ژنی خانه‌خوێكه ڕانهكێكم ئه‌داتێ: كچم ئه‌وه له‌به‌ر كه و كراسه جوانه‌كه‌ت له‌وێ له‌به‌ر كه! به ڕانهكهوه ئاسانتر به‌سه‌ر هێسترهكهدا زاڵ ئه‌بی و ناكه‌ویت.
شه‌وێكی دره‌نگ، لێرهواڕێكی چڕ و پڕ و هاژه‌ی چه‌مێكی سه‌ر شێت و بۆنی خۆشی گه‌ڵا داره‌كان وگژوگیا شه‌ونم لێدراوه‌كان...
كێییییییی زه‌لام؟
خۆمانین، بوكمان پێیه!