Tuesday, May 11, 2004
به‌رده‌م خێوه‌ته‌كه ئاوڕشێن ئه‌كه‌م و گه‌سكێكی لێئه‌ده‌م. شوشه‌ی چراكه پاک ئه‌كه‌مه‌وه نه‌وتیشی تێئهكهم. قاچه‌كانم زۆر ماندوون به‌ڵام له‌شم سووكه. ئه‌مڕۆ به كێوه‌كه‌ی ئه‌وبه‌ردا هه‌ڵگه‌ڕام و دار هه‌رمێ كێویلهیهكم دۆزییه‌وه. گیرفانه‌كانم پڕ كردن له هه‌رمێ. دڵم زۆر خۆش بوو، ماوه‌یه‌ك بوو حه‌زم له شتێكی ته‌ڕی كه‌مێك شیرین و مزر ئه‌كرد ده‌ستم نه‌ئه‌كه‌وت. جگه له گوێز هیچی تری لێنه‌بوو.
جارێكیان تۆیش له لای دكتۆری شۆڕش قوتووهیهك ڤیتامین سیت سواڵ كردبوو. پێشمه‌رگه‌كان گاڵته‌یان پێكردبووی: حای ئه‌و شێره كوڕه چۆن بووه به گه‌دا. حه‌بی ڤیتامین Cیه‌كانم كردنه دوو له‌ته‌وه تا به‌شی ماوه‌یه‌كی زۆرتر بكات. ترش و خۆش بوون. ڕۆژی لهتێكیم ئه‌خوارد. تامی شار، بۆنی شاری لێئه‌هات. ئه‌مڕۆیش كه ههرمێكانم دۆزییه‌وه وه‌كو ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر گهنجینهیهكدا كه‌وتبێتم ئاوها، له‌سه‌ر خۆم هه‌ردوو گیرفانه گه‌وره‌كانی ڕانهكهكهم پڕ كردن و به ئه‌سپایی به پشت چادره‌كانی تردا هاتمه‌وه. به ژنه‌كانی دراوسێم نه‌ووت. ویست بوو یان نه‌وس نازانم، به‌ڵام ئه‌وه‌نده تامه‌زرۆی شتێكی خۆش بووم كه ترسام ئه‌وان هه‌مووی لێبكه‌نه‌وه و بیبه‌ن و هیچ بۆ من نه‌مێنێ.
هه‌رمێكان ئه‌به‌مه سه‌ر جۆگه‌له‌كه و ئهیانشۆمهوه. دانه‌یه‌كی ئه‌خۆم، خرچه‌ی دێت، ئاودار، ناسك، شیرین... هه‌رگیز میوه‌ی ئه‌وه‌نده خۆشم نه‌خواردووه. خوا خوامه تۆ زوو له مه‌قه‌ڕ بێیته‌وه و به‌سه‌رهاتی ئه‌و دۆزینه‌وه گه‌وره‌یه‌ت بۆ بگێڕمه‌وه. هه‌رمێكان دانه دانه له‌ناو قاپێكی پلاسكۆی شین‌دا دائه‌نێم. جارێك شێوه‌ی دڵی پێ دروست ئه‌كه‌م، جارێكی دی پیته‌كانی یه‌كه‌می ناوی خۆمان، جارێكی تر ئه‌نووسم كوردستان. تاوێك ڕائه‌مێنم... هه‌رمێیه‌كی تر ئه‌خۆم چاوه‌كانم لێك ئه‌نێم و گوێم له خرمهكهیهتی... ئای چه‌ندخۆشه...
شه‌وه... به‌رده‌م خێوه‌ته‌كه پاك و ئاوڕشێن كرا‌و. چراكه ڕووناكییه‌كی زۆر كز به ده‌وروبه‌ر ئه‌به‌خشێت و من و تۆ و شلێر خان و نه‌به‌زی كوڕی و ماڵی كاك تاهیر به ده‌ووری قاپه هه‌رمێ وه دانیشتووین.
+ ئێوه چاوتان بنوقێنن ئینجا بیخۆن ئاوها باشتر چێژ ئه‌دات!