Monday, May 17, 2004
دره‌نگانێكی شه‌وه، ده‌رگای حه‌وشه‌كه دائه‌خه‌م. دێمه هه‌یوانه‌كه و چاوێك به ده‌وروبه‌ردا ئه‌گێڕم، ته‌ماشای ته‌باخه‌كه ئه‌كه‌م و لێی دڵنیام ئه‌بم كه كوژاوه‌ته‌وه. ده‌رگای ژووره بچوكه‌كه‌یش پێوه ئه‌ده‌م. ئینجا دێمه ژووره گه‌وره‌كه و جێگه‌ی مناڵه‌كان دائه‌خه‌م. كچه‌كان نزیكتر له ته‌له‌ڤیزیۆنه‌كه ئه‌خه‌ون، كوڕه گه‌وره‌كه‌م له گۆشه‌كه‌وه كه دره‌نگتر به به‌یانیان ڕووناك ئه‌بێته‌وه. كوڕه بچوكه‌كه‌شم له ته‌نیشت خۆمه‌وه ئه‌خه‌وێنم. ده‌ستێكیش به ژێر سه‌رینه‌كه‌مدا ئه‌هێنم؛ ئا له‌وێیه. دڵنیا ئه‌بم... خوویه‌كه گرتوومه. شه‌وانه چه‌قۆ گه‌وره‌كه له ژێر سه‌رینه‌كه‌م دائه‌نێم. پێش خه‌وتن ده‌ستێك به ژێر سه‌رینه‌كه‌دا ئه‌هێنم بزانم له بیرم نه‌چووه. شه‌و باش له مناڵه‌كان ئه‌كه‌م وپاشان نیوه ناته‌واو ئه‌خه‌وم. چه‌قۆكه‌م له ژێرسه‌ردایه به‌ڵام تا به‌یانی هه‌زار جار به‌خه‌به‌ردێم. به هه‌موو ته‌قه‌یه‌ك، ده‌نگێكی دوور و نزیك، هه‌ناسه‌یه‌ك ڕائه‌چه‌ڵه‌كێم. تا به‌یانی چه‌ند جارێك دائه‌نیشم و له‌به‌ر ڕووناكی تیشكی كزی تێله كاره‌بای گه‌ڕه‌ك كه خۆی ئه‌خزێنێته ژووره‌كه‌مانه‌وه، ته‌ماشای ده‌موچاوی خه‌وتووی مناڵه‌كانم ئه‌كه‌م. ئه‌مڕۆیش سه‌لامه‌ت بوون، خوا گه‌وره‌یه بۆ سبه‌ینێ!
كوڕه بچوكه‌كه‌م هه‌موو جارێ پێش خه‌وتن ده‌سته بچووكه‌كانی به ده‌موچاومدا دێنێت و ئه‌ڵێ: دایه، ئێمه هیچمان لێ نایه وا نییه؟ نا، ڕۆڵه هیچمان لێ نایه. دووای خۆی ئه‌خزێنێته باوه‌شمه‌وه وئه‌ڵێ ئه‌گه‌ر هاتن به‌و چه‌قۆیه ئه‌یانكوژی، وا نییه؟ ئا، كوڕم ئه‌گه‌ر هاتن ئه‌یانكوژم، نایه‌ڵه‌م په‌نجه‌یان به‌رتان كه‌وێت. تووند به خۆمییه‌وه ئه‌گوشم و ماچبارانی ئه‌كه‌م. بنوو كوڕم كه‌س نایه‌ت. كه‌س ئێمه له‌م ژێر زه‌وییه‌دا نادۆزێته‌وه.
مناڵه‌كان ئارام خه‌وتوون. تۆ ده‌مێكه ڕووت كردۆته شاخ و منیش ده‌مێكه ته‌نیا له‌م ژێر زه‌مینه ئه‌ژیم و بوومه‌ته پاسه‌وانی به‌رخه‌كانم. چه‌قۆكه‌یش بۆته هۆی ئارامی مناڵه‌كان؛ ئه‌گه‌ر دوژمن هات دایه هه‌موویان به چه‌قۆ ئه‌كوژێت.
نا دایه به چه‌قۆ كه‌س ناكوژێت. دایه خۆی و ئێوه فریو ئه‌دات. دایه به چه‌قۆ نا، به شه‌ونخونییه‌كانی خۆی ئه‌تانپارێزێت. دایه هه‌موو گیانی گوێیه و به بچوكترین خشه، ئه‌بێته ئاسكێكی سرك و سه‌ر لێشێواو به ده‌وروبه‌ری خۆیدا هه‌ڵبه‌ز ودابه‌ز ئه‌كات و هیچ چه‌قۆیه‌كیش دادی نادات. دایه ئازایه، دایه ئێوه ئه‌گه‌یه‌نێته كه‌ناره ئارامه‌كان.