--> ::هه‌رێمی هیچ ::

هه‌رێمی هیچ

Sunday, August 15, 2004

حه‌فته‌كانی یه‌كه‌می ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی ئیش زۆر زوو ماندوو ئه‌بم و تا ئیش و ژیان ئه‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر ڕۆتینی خۆی ته‌واو بێتاقه‌تم ئه‌کات. سواری پاس بووم به‌ره‌و ماڵه‌وه بێمه‌وه دوو كه‌س له كورسیه‌كانی پێشوه‌ی من دانیشتبوون. یه‌كیان به‌وی تری ووت، ئه‌وه دایكی ئه‌و كچه‌یه كه دۆسته كوڕی هه‌یه، و به مل و برۆ ئیشاره‌ی بۆ من ئه‌كرد. ئه‌و دوو كه‌سه ماوه‌یه‌كه سڵاو ناكه‌ن و ناوی منیشیان له بیر چووه. ئێستا ناوی من له ده‌فته‌ر نفوسی ئه‌واندا " دایكی ئه‌و كچه‌ی دۆسته كوڕی هه‌یه‌" یه. خه‌ڵكێكی بێ ئیشن كه ئاگایان له ماڵ و حاڵی خۆیان نییه‌ و هه‌موو گیانیان بووه به گوێ و چاو بۆ هه‌ڵسوكه‌وتی خه‌ڵكی.
یه‌كه‌م جار كه لانه هاوڕێ كوڕه‌كه‌ی هێنا. له بیرمه پێش ئه‌وه چه‌نده ماندوو بووم. ماندوو بۆ ئه‌وه‌ی بۆ باوكی باسی كه‌م، بۆ ئه‌وه‌ی تێیگه‌یه‌نم و ڕازی بێت. ووتی باشه با بێت به‌لام با هه‌ر خۆمان بزانین... خــــــــــــ-ۆمان بزانین! دیسانه‌وه چه‌‌ندین سه‌عات دانیشتین و قسه‌مان كرد بۆ به‌س خۆمان بزانین؟ به چ مه‌نتقێك، له‌به‌ر كێ؟ چه‌ندین سه‌عات پڕ له گرژی و توڕه‌بوون و فرمێسك و نائومێد بوون. هه‌ردووكمان له خۆمان ئه‌پرسی ئه‌مه ئه‌و كه‌سه‌یه زیاتر له بیست ساڵه ئه‌یناسم و خۆشمئه‌وێ، ئاوها بیر ئه‌كاته‌وه؟ به‌ڵێن و قسه‌كانی خۆمانمان بیر یه‌كتر ئه‌خسته‌وه ده‌رباره‌ی په‌روه‌رده‌ی مناڵه‌كانمان. ئه‌و مناڵانه‌ی ئه‌و ده‌م هێشتا نه‌خوڵقابوون. بیرم ئه‌خسته‌وه.. بیرت دێ و بیرت دێ؟
پێمووت من ده‌ستت ماچ ناكه‌م و كڕنوشت بۆ نابه‌م چونكه ڕێگه ئه‌ده‌ی هاوڕێكه‌ی لانه بێت. ئه‌مه هه‌ر ئه‌بێ وا بێت، ناسروشتیه ئه‌گه‌ر وا نه‌بێ. ئه‌و‌نده‌مان وت و وت تا هه‌ردووك له‌و باسه ماندوو بووین. ئیتر ووزه‌مان تیا نه‌ما. من زانیم، له دڵه‌وه زانیم كه بۆ هه‌ردووكمان ئه‌مه هه‌نگاوێكی گه‌وره‌یه. نا لێتان ناشارمه‌وه، پێش ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ باوكی قسه‌ بكه‌م هه‌وڵمدا قه‌ناعه‌‌ت به خۆم بكه‌م. ئێمه هیچ نمونه‌یه‌كی ترمان نه‌بوو یان نییه ته‌ماشای كه‌ین. له وڵاتی ئێمه ئه‌م شتانه نییه. هه‌موو شت به دزی و پڕ له عه‌یبه‌یه. نه من و نه باوكیان ته‌جروبه‌مان نییه. نه‌مویست داری بێ ته‌جروبه‌یی ئێمه به‌ سه‌ر لانه‌دا بشكێته‌وه، باشتره بڵێم نه‌مانویست. ئێستاش نازانم چۆن ئه‌بێ...
هاوڕێ كوڕه‌كه‌ی لانه هات. هه‌ردوولا هه‌م ئه‌و و هه‌م من و باوكی لانه شڵه‌ژاو بووین و شه‌رمن بووین و لانه‌یش هه‌وڵیده‌دا خۆی نیگه‌ران پیشان نه‌دات. ئالان پێیوابوو كوڕێكی فشه‌كه‌ره به‌ڵام پاسكیله‌كه‌ی پێ جوان بوو. دیلان به چپه له گوێمدا ووتی، دایه ئیتر لانه له ماڵی خۆمان نامێنێته‌وه؟
نا كوڕم لانه جارێ به جێمان ناهێڵێ.



* * * * * * * * * * * * * * * * * * * *