Saturday, September 04, 2004
پوره حه‌لاو خۆی ئه‌كا به ژووردا. داوێنی كراسه‌كه‌ی هه‌مووی قووڕاویه. كه دائه‌نیشێ داوێنهكهی كۆ ئه‌كاته‌وه. دایكم حه‌مامی گه‌رم كردووه. پوره حه‌لاو گیان جارێ بچۆ خۆت بشۆ وجلهكانت بگۆڕه، جلی پاكم بۆ داناوی. پوره حه‌لاو ئه‌ڵێ باشه به ساقه‌ت بم با جارێ بحه‌سێمه‌وه. دایكم هه‌ر زۆری لێ ئه‌كات تۆ بچۆ حه‌مامه‌كه‌م داخستووه، به خوا تا خۆت نه‌شۆی ئیسراحه‌ت ناكه‌ی. دایكم له خۆشی هاتنی نامه‌ی كاكم و ده‌نگ و باسی سه‌لامه‌تی ئه‌و پێی به عه‌رزه‌وه به‌ن نابێت.
ئه‌ده‌م له ده‌رگای حه‌مامه‌كه و ئه‌ڵێم پورێ هیچت پێویست نییه؟ ئه‌ڵێ به‌رێ وه‌ڵا، وه‌ره ده‌ستێ لفكه له پشتم به! پشتی ئه‌شۆم و پڕم له پرسیار و شه‌رم ئه‌كه‌م بپرسم. پوره حه‌لاو ئه‌ڵێ بڕۆ له گیرفانی سهڵتهكهمدا شتێكی تیایه هی تۆیه. به په‌له ده‌ستم وشك ئه‌كه‌مه‌وه و سهڵتهكهی بۆ دێنم. پوره حه‌لاو پێئه‌كه‌نێ و چاوه‌كانی له ژێر برۆ پڕه‌كه‌یه‌وه بز ئه‌بێته‌وه ئه‌ڵێ: كچم ئه‌و گیرفانه نا ، گیرفانه‌كه‌ی پشته‌وه.
نامه‌یه‌كه كه له‌سه‌ر كاغه‌زێكی ته‌نكی په‌مه‌یی به خه‌تێكی یه‌كجار ورد نووسراوه. له به‌شێكی نامه‌كه‌دا وای نووسیوه:
"ئارامی دڵه‌كه‌م!
به خه‌تێكی ورد بۆت ئه‌نووسم بۆ ئه‌وه‌ی زۆر بنووسم و كه‌م جێ بگرێت."
ئه‌مدیوو و ئه‌ودیوی نامه‌كه‌ی نوسیوه و بۆم زه‌حمه‌تر ئه‌بێ خوێندنه‌وه‌كه‌ی. زه‌حمه‌تر چونكه ناوێرم له لای دایكم و ئه‌وان بیخوێنمه‌وه و شه‌رم نایه‌ڵێ، له لایه‌كی تره‌وه زوو زوو با‌نگم ئه‌كه‌ن بۆ ئیشێك. ئێواره جله‌كانی پوره حه‌لاو ئه‌شۆم و ئه‌چمه سه‌ربان ههڵیانخهم. نامه‌كه دێنمه ده‌ره‌وه و له به‌ر تیشكی پرته‌قاڵی خۆری ئێواره ئه‌یخوێنمه‌وه. یه‌ك جار ، دوو جار ده جار و پانزه جار.
ئاگام لێ نییه پوره حه‌لاو له سه‌ر خۆی دێته لام و به چیچكانه دائه‌نیشێت. كچم له‌بیرم چوو ئه‌و دیارییهیشی بۆ ناردویت. وێنه‌یه‌كی خۆیه‌تی. وێنه‌ی پێشمه‌رگه‌یه‌كی ڕووخۆش.
دیسانه‌وه له‌به‌ر شه‌رم و خۆشی نازانم چ بڵێم و له ڕووم نایه ته‌ماشای وێنه‌كه بكه‌م. پوره حه‌لاو جارێكی تر پێئه‌كه‌نێت و ئه‌ڵێ: خه‌مت نه‌بێ كچم بۆ كاكتی دركاندووه و ئه‌ویش پێی وتووه؛ پیرۆزه!