--> ::هه‌رێمی هیچ ::

هه‌رێمی هیچ

Saturday, September 25, 2004

ئه‌م به‌یانییه‌ له‌به‌ر ئاوێنه‌که ڕاوه‌ستا بوو ڕیشی ئه‌تاشی. به‌ ته‌واوه‌تی چوو بووه ناو ڕه‌نگدانه‌وه‌ی وێنه‌که‌ی خۆی له ئاوێنه‌که‌دا. له‌ سه‌رخۆی ڕیشی ئه‌تاشی و به‌ ئارامی به فیکه ئاوازی گۆرانییه‌کی لێئه‌دا. من خه‌ریک بووم ئه‌چووم بۆ لای بزانم لێبۆته‌وه یان نا. هه‌نگاوه‌کانم سڕ بوون. ڕاوه‌ستام نه‌ئه‌متووانی بچمه پێش، نه بگه‌ڕێمه‌وه بۆ موتبه‌خه‌که... ئه‌و ئاوازه، ئه‌و فیکه له‌سه‌ر خۆیه... بۆ ئه‌مڕۆ؟

ئه‌و ئاوازه ده ساڵیش ئه‌بێ نه‌مبیستووه. من له بیرم نه‌مابوو. ئه‌و له ساتێکا و له‌ به‌رامبه‌ر ئاوێنه‌که‌دا دیسانه‌وه بووه‌وه گه‌نجه‌که‌ی جاران. بڵێی چی له ئاوێنه‌که‌دا دیتبێت؟ خۆی؟ من؟

پرسیارم لێنه‌کرد و کاتێک له فیکه‌ کێشانه‌که‌ی بووه‌وه منیش خێرا خۆم کرده موتبه‌خه‌که‌دا. هاته لام باوه‌شی پێداکردم و به چپه ووتی: تا سه‌گبابه‌کان له خه‌و هه‌ڵنه‌ستاون...


* * * * * * * * * * * * * * * * * * * *