--> ::هه‌رێمی هیچ ::

هه‌رێمی هیچ

Sunday, January 23, 2005

هه‌ر چه‌نه بیری لێ ئه‌كه‌مه‌وه ئه‌م وه‌ڵامه و گورگ و ڕێویه بۆ چی‌یه كه‌متر تێ‌ئه‌گه‌م. چووی بۆ لای سه‌رۆكیك یان چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌ك و دوو سێ پرسیاری كلاسیكت كردووه ئه‌و هه‌موو هات و هاواره‌ی ئه‌و سایت و ڕۆژنامانه‌ی نه‌ئه‌ویست، هه‌ر چه‌نده به‌ینی خۆشمان بێ حه‌زت لێ‌یه. له‌وه‌ش بگه‌ڕێین من وه‌كو ژنێك شه‌رمم له نوسینی هه‌ندێك له‌و نوسه‌رانه كرد و زیاتر شه‌رمم له نووسینه‌كه‌ی تۆ كرده‌وه. ئاخر تۆی نووسه‌ر كه له‌ ماوه‌ی11 ساڵ بوونت له ده‌ره‌وه‌ی وڵات یه‌ك ده‌قه‌ت به فێڕۆ نه‌داوه و هه‌ر خه‌ریكی خو‌ێندن و زانست وه‌رگرتن بووی، نه‌ئه‌بوو ئاوها وه‌ڵامی پیاوه‌كانت بدایه‌ته‌وه. ئه‌وه چ نه‌وعه وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌كه؟ ئه‌زانی چی، ئه‌و وه‌ڵامه‌تم بیست جار خوێنده‌وه و هه‌موو جارێ ته‌مه‌ننام ئه‌كرد كه چاوم ڕێشكه و پێشكه ئه‌كات و من هه‌ڵه‌م و ئه‌وه تۆ نیت ئاوها وه‌ڵام ئه‌نووسیته‌وه. مهاباد قه‌ره‌داغی ئه‌ڵێ:" بیرتان نه‌چێت هاوسه‌ره‌كانتان، خوشكه‌كانتان، دایكتان و ژنانی بنه‌ماڵه‌تان بهێنن، چونكه له فه‌رمایشته‌كانتاندا وا ده‌رده‌كه‌وێت ڕێگه‌تان داوه ژنانه‌كانتان(ژنه‌كانتان) ئازاد و چالاك بن" هه‌روه‌ها ئه‌ڵێ:" به‌ڵێنیش بێت ئه‌گه‌ر پۆستی وه‌زاره‌تێكم وه‌رگرت بیبه‌خشم به هاوسه‌ره‌كه‌ی تۆ ئه‌گه‌ر ته‌نانه‌ت چاره‌كێكی من چالاك بێت". ئاخر ئه‌زانی چی،له كه‌لتوری زۆربه‌ی كۆمه‌ڵگاكاندا وایه بۆ سه‌رشۆڕكردنی پیاو یان تایفه‌ و خێڵێك، ژنه‌كانیان به‌ر جنێو ئه‌ده‌ن و پیاوه‌كان سووك ئه‌بن و ڕه‌زیل ئه‌كرێن. تۆش خانمه خه‌باتگێڕه‌كه‌م هه‌مان ڕێگات گرتووه و بۆ قوڕ به‌ سه‌ری منی ژن كه چاوی هیوام له كه‌سانی وه‌كو تۆیه، دیسانه‌وه دێی بۆ سوكایه‌تی كردن به به‌رپرسی سایتێك ناوی ژن و هاوسه‌ره‌كه‌ی دێنیی. ئه‌زانم كه ئه‌و باسی ژن و بنه‌ماڵه‌ی مه‌سعود بارزانی كردووه به‌ڵام ئه‌و پیاوه و له‌وانه‌یه بانگه‌شه‌ی فیمینیست بوون نه‌كات. به‌ڵام تۆ مهابادی خۆشه‌ویست چۆن ئه‌بێ به هه‌مان زمانی باوكسالارانه قسه بكه‌یت و وه‌ڵام بده‌یته‌وه؟ ئه‌گه‌ر ڕه‌خنه‌ت له خۆی هه‌یه ڕووی قسه‌ت له خۆی بێت و به‌س ناوی ژن و هاوسه‌ری مه‌هێنه مه‌یدانه‌وه. ئه‌مه كه‌ی بوو به دابی مافی یه‌كسانی ژن و پیاو و... له‌وه‌ش گه‌ڕێین ئه‌وه ناچێته خانه‌ی گفتوگۆیه‌كی شارستانیانه‌وه.



مه‌هاباد ئه‌ڵێ: "خۆ ئه‌گه‌ر له به‌ر ناوی باب و برا و مێرد و خزم ته‌عینم كات، ئه‌وه هیچ، چونكه خۆم له هه‌موویان ناودارترم و هه‌موویان شانازیم پێوه ده‌كه‌ن"



باسی ئه‌وه‌ت كردووه كه تۆ له ناسیاو و مێرد و باب به ناوبانگتری و خۆتت پێوه هه‌ڵكێشاوه. ڕاستت ئه‌وێ وایه تۆ ناسراوی و ناسراو بووی. چ ئه‌و كاته‌ی وه‌كو كچه گه‌نجێكی شاعیر و چ ئێستایش. من مهاباده‌كه‌ی جارانم خۆش ئه‌وێ و ئه‌مه‌ی ئێستا تۆمورێكی خراپی ئه‌و مرۆڤه‌ی پێشووه. ئه‌وه‌ی من بزانم. نه‌جیبه ئه‌حمه‌د، ڕیواس ئه‌حمه‌د، كوردستان موكریانی، نه‌زه‌ند به‌گیخانی و هه‌موو ئه‌و ژن و پیاوه ناسراو و نووسه‌رانه هه‌ر به خۆیانه‌وه و به هۆی ڕه‌نج و خه‌بات و شه‌ونخونی خۆیانه‌وه ناسراون. ئیتر له تایبه‌ت بوونی ناسراو و بوونی تۆ بۆ خودی خۆت تێناگه‌م.



مهاباد خان، من هیچ هیوایه‌كه‌م به تۆ نی‌یه و تۆ به نوێنه‌ری خۆم نازانم و پێم وا نییه ڕۆژێك له ڕۆژان بتووانیت زمانیکی زانستییانه‌ت هه‌بێ بۆ داكۆكی كردن له مه‌سه‌له‌ی ژن.



چاوه‌ڕێی هیچ وه‌ڵامێكیش نیم چونكه وه‌كو خۆت پار كه له باره‌ی فاتیمه شاهینداڵه‌وه ده‌رباره‌ی كۆڕه‌كه ڕه‌خنه‌یه‌كم نووسیبوو، منت به ژنێك كه زمانێكی پیاو سالارانه‌ی هه‌یه و به ناكه‌ست ناو زه‌د كردم ، ئیستاش شته‌كان نه گۆڕاون و هه‌ر كه‌س ڕه‌خنه‌ت لێبگریت چ ژن و چ پیاو تۆ هه‌ر له سۆنگه‌ی بازرگانی به مه‌سه‌له‌ی ژن و فاتیمه‌كان و ئه‌سرینه‌كان و پێلاكان، هه‌موو خه‌ڵك به ناكه‌س و پیاوسالار دائه‌نێیت. غافڵ له‌وه‌ی وه‌ڵامه‌كانی خۆت زۆر زۆر دڵساردكه‌ره‌وه‌ن و به داخه‌وه هیچ خزمه‌تێك به ڕه‌وتی ئازادی ژنان ناكات به‌ڵكو زه‌ره‌رێكی گه‌وره‌ و ترسناكه بۆ بزوتنه‌وه‌ی ئازادی ژنی كورد.





* * * * * * * * * * * * * * * * * * * *