--> ::هه‌رێمی هیچ ::

هه‌رێمی هیچ

Wednesday, July 27, 2005

نزیکه‌ی هه‌زار که‌س چوونه به‌رده‌م سه‌فاره‌ی ئێران له ستۆکهۆڵم و یه‌ک چرکه‌ی له هیچ کام له‌ ته‌له‌فزیۆنه‌کانی ئه‌م وڵاته بۆ ته‌رخان نه‌کرا. نازانم ئه‌وان خۆیان ئاگادار نه‌بوون، یان ئاگادار نه‌کرابوونه‌‌وه یان وه‌کو هه‌موو جاره‌کانی تر گوێی خۆیان لێ که‌ڕ کرد.

ئه‌گه‌ر سه‌ر ڕشێکی نه‌گبه‌ت پاره‌ی قیتاره‌که‌ی نه‌دا، چاک باسی ئه‌که‌ن و ئه‌بێته پرۆگرام دروست کردن و ناو پیس کردنی هه‌موو په‌نابه‌رێک.

ده‌ی گله‌یی له تیڤی ئێره بۆ بکه‌م، کاتێک کوردسات و کوردستان تیڤییه‌که‌ی خۆمان که‌مته‌رخه‌می ئه‌کا.





* * * * * * * * * * * * * * * * * * * *

Friday, July 22, 2005



* * * * * * * * * * * * * * * * * * * *

Thursday, July 14, 2005



* * * * * * * * * * * * * * * * * * * *

خۆ ئێمه‌ میلله‌تێکی خوا پێداو نین و هه‌میشه ئاواره و ده‌ربه‌ده‌ر و لێ کوژراومان هه‌بووه. میژوویه‌کی پڕ کاره‌سات و ناسۆرمان هه‌یه. زۆر که‌من ئه‌و ڕۆژانه‌ی تروسکه‌ی هیوای تێدا بێت، به‌ڵام هه‌ندێ جار و هه‌ندێ شت قورسایی له شتی تر زۆرتره و ناخۆشییه‌که‌ی کاست ئه‌کا و نازانی چی بکه‌ی و لای کێ خه‌مه‌کانت سووک که‌یته‌وه.

دوو به‌شی دانپێدانه‌کانی شێخ زانا و هاوڕێکانیم ته‌ماشا کرد. سڕ بووم، ته‌زو به هه‌موو له‌شمدا ئه‌هات. ڕێگه‌م نه‌دا مناڵه‌کانم بیبینن.

هه‌رچه‌نده نووسرابوو ئه‌و که‌سانه‌ی ناتوانن وێنه‌ی دڵته‌زێن ببینن با ته‌ماشای ئه‌و وێنانه نه‌که‌ن، به‌ڵام لاشه‌ی هه‌تک پێکراوی شه‌هید شوانه قادریم بینی، دڵم له‌رزی و دنیام له پێش چاو ڕه‌ش بوو...

ئه‌وانه هه‌مووی ئه‌بینم، لاشه‌ی هه‌تک پێکراو، سه‌ری بڕاو و هه‌زاران تاوانی ئاوها گه‌وره. شه‌ڕ زه‌وی ئاسمانی ته‌نیوه. شه‌ڕ کون به کون به‌ دووامانه‌وه‌یه‌وه و نازانی بۆ کوێ بڕۆی...

هه‌موو شوێنێک پڕه له سه‌رباز، پۆستاڵ، چه‌ک، چه‌قۆ، بۆمب، فڕۆکه‌ی شه‌ڕکه‌ر و تانک و هه‌موو که‌ره‌سه‌یه‌کی ژیانکوژی مه‌رگ هێنه‌ر.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌نگی بۆمب و ویژه‌ی ده‌نگی فیشه‌ک گه‌وره بووم و چاوم به شه‌هید و بریندارکردنی نزیکترینه‌کانم کراوه‌ته‌وه که‌چی هه‌رگیز هه‌رگیز ئه‌و وێنانه و ئه‌و کاره‌ساتانه نابنه شتێکی ئاسایی، هه‌میشه زیندوکه‌ره‌وه‌ی کاره‌ساته کۆنه‌کانن که دیوومن و ته‌جروبه‌م کردوون.

له هه‌موو شتێک بێزارم... ژیان خۆشه، نابێ ئاوها ناشرین بکرێت...


* * * * * * * * * * * * * * * * * * * *

Monday, July 11, 2005


فه‌رموون، نۆشی گیانتان بێت!


* * * * * * * * * * * * * * * * * * * *

Sunday, July 10, 2005

هه‌موو جارێ که مام جه‌لال له تی ڤی پیشان ئه‌یات، دڵم ئه‌له‌رزێ و له دڵی خۆما ئه‌ڵێم ئه‌یه‌ڕۆ به‌و خوایه ئه‌مجاره‌ش قسه‌یه‌ک ئه‌کا و حه‌یامان ببات.

ئه‌مه عراقه‌که‌ی مام جه‌لال فریشته‌ی ڕه‌حمه‌تی به‌ سه‌را ئه‌فڕێ و خوا گیانه چاوی لێیه‌تی چونکه زاتێکی پاکی وه‌کو سیستانی به دیاری ناردووه بۆ عراق.

که مام جه‌لال پیشان ئه‌دا، نازانم سه‌ری خۆم بۆ کوێ هه‌لگه‌رم.


* * * * * * * * * * * * * * * * * * * *

Tuesday, July 05, 2005

من و لانه و ته‌مه‌ڵی کردن له پارچه زه‌وییه‌که‌مان



سه‌وزه‌ و گوڵه‌کانم پشکوتوون و سه‌وز و ئاماده بۆ پێشوازی له مناڵه‌کانم و میوانه‌کانمان. زۆربه‌ی ئێواران سه‌به‌ته‌یه‌ک ئاماده ئه‌که‌ین و پڕی ئه‌که‌ین له سه‌ندویچ و خواردنه‌وه و شووتی و سه‌وزه‌ی ته‌ڕ و ناسکیش له‌وێ ئاماده‌یه. ئه‌گه‌ر باران نه‌بێ زۆر خۆش ئه‌بێ. ئه‌گه‌ر مناڵه‌کانیش له‌گه‌ڵـمان نه‌یه‌ن خۆمان دوو به دوو ئه‌چین بۆ ئه‌وێ. ئێستا لانه‌که‌م له لانه‌که‌ی خۆیه‌تی، له باوه‌شی خۆمان. ئێواره تا دره‌نگانێ له‌وێ ئه‌مێنینه‌وه و به گژ و گیاکانه‌وه خه‌ریک ئه‌بین و کتێب ئه‌خوێنینه‌وه و ته‌مه‌ڵی کردن.

تۆ یه‌کساڵ 5 هه‌فته که‌م ئیش ئه‌که‌ی و دوایی که پشوه‌کانت ده‌ست پێ ئه‌که‌ی، ئینجا ئه‌زانی چه‌نێ ماندوویت و چه‌نێ مێشک و له‌شت پێویستی به ئیسراحه‌ت و خۆر هه‌یه.

ئامۆژگاری بۆ خۆم و له‌وانه‌یه ئێوه‌ش: سه‌یری کوردستان نێت و کوردسات و کوردستان تیڤی مه‌که‌ن. ئیخباره‌که‌ی حه‌یابه‌ره و خه‌فه‌ت هێنه‌ره‌یه و گۆرانیه‌کانیشی له زه‌وقی فه‌ننی بێ به‌ش. که‌واته ته‌سجیله‌ کۆنێک و کاسێته‌ کۆنه‌کانتان و یه‌ک دوو کتێبی خۆش و بینینی هاوڕێ و که‌‌‌سێک که به‌ڕاستی پێتان خۆشه بیان بینین، باشترین ڕێگه‌یه. ئه‌گه‌ر تاقه‌تی جوتیاریتان نی‌یه، ئه‌وه هه‌ر ته‌پۆڵکه‌ و سه‌وزایی و بن دار و قه‌راغ ده‌ریا زۆره مێشکتان ساف که‌نه‌وه لێی.


* * * * * * * * * * * * * * * * * * * *

Sunday, July 03, 2005

یه‌کشه‌ممانه ڕۆژێکی خۆشه ئه‌گه‌ر خۆش بێ!!!!

نووسیبوی: زوهره‌ی موفتی زاده باشتری کرد. ئه‌و بوو به شاعیر و شیعری جوان جوان ئه‌نووسێ. تۆ بووی به چی؟!

- من؟

با که‌مێک بیری لێ‌ بکه‌مه‌وه. خۆره‌تاوه، چای و هه‌ندێ شیرینی و میوه له‌گه‌ڵ خۆما ئه‌بم و مناڵه‌کانم و باوکیان ده‌عوه‌تی خۆر و شیرینی و چای ئه‌که‌م و ئه‌گه‌ر هه‌ر وا گه‌رم بێت، له‌و به‌ر خۆره ڕائه‌کشێم و بیر ئه‌که‌مه‌وه بزانم من بووم به چی.


* * * * * * * * * * * * * * * * * * * *