Sunday, December 28, 2003
خه‌وم دیسان خراپ بووه. دوێشه‌و له‌به‌ر هه‌ڵپه‌ڕكێ. ئه‌مشه‌و له‌به‌ر شه‌وه‌و مۆته‌كه. دێم و ده‌ستده‌كه‌مه پیاسه‌ی ناو ئینته‌رنێت. بومه‌له‌رزه‌ی ئێران، چاوپێكه‌وتنی مایكل جاكسون، دیموكراسی به شێوه‌ی كوردیی خوێندنگه‌ی عیفه‌ت، ڕق له نێوان كوردی باشور و باكور و دۆسته‌كچه‌كه‌م... ئه‌مانه كۆمه‌ڵه بابه‌تێك بوون خوێندمنه‌وه. به‌ڵام خه‌وم باشتر نه‌بوو، خراپتر بوو. ته‌له‌فۆنی دوێشه‌و كێ بوو، كه نه‌گه‌یشتمێ وه‌ڵامی بده‌مه‌وه؟ سێ جار كردی، به‌ڵام سه‌رم هێنده كاس بوو نه‌متووانی وه‌ڵام بده‌مه‌وه.
ووتی: زۆری پێخۆش بوو كه هات بۆ جه‌ژنه‌كه، ئاخر ئه‌و پێیوابوو مرۆ ئه‌گه‌ر شۆڕشگێڕ بێت، نابێت هیچ خۆشییه‌ك له ژیان ببینێ و ده‌بێت خۆی لێ بپارێزێ....
بیر‌ده‌كه‌مه‌وه... منیش خۆشه‌ویستم له خۆم حه‌رامكرد، چونكه وا فێر كرابووم، په‌روه‌رده كرابووم.. تا كاتێك ئاواره و ده‌ربه‌ده‌ری خۆشه‌ویستی ته‌نیا بۆ وڵاته، بۆ خاكه... هه‌سته‌كانی تر هه‌مووی سه‌ریان به قه‌بری بابیان. ئه‌و كات گه‌نج بووم، تێنه‌گه‌یشتم، نه‌كرا بڵێم چۆن ده‌تووانم، خۆشه‌ویستیم هه‌بێت به‌رامبه‌ر وڵات و خاك به‌ڵام ئه‌وانی تر بڤه بێت؟!
خه‌وم نایه... دوێشه‌و دیسان خه‌وی ناخۆشم بینی، دیسان من و تۆیان لێككرده‌وه. منیان بۆ شوێنێكی سپی په‌لپێچ كرد و تۆشیان برده شوێنێكی نادیار. به درێژایی بێكۆتایی شه‌و ئه‌مدیوو ئه‌و دیووم كرد. هه‌ناسه‌كانی تۆ له‌سه‌ر خۆ بوون، گوێم لێده‌گرتن و منیشی ئارام ده‌كرده‌وه. چاوم ده‌چووه خه‌و، دیسان ڕاپێچان و لێكترازان.
خۆشتده‌وێم؟
ئه‌رێ گوڵم، خۆشمده‌وێی.
به‌و هه‌موو شێتیشه‌وه؟
ئه‌رێ....
ماوه‌یه‌ك بێده‌نگی
تۆ شێت نی، بۆ وا ده‌ڵێی؟ وه‌ره سه‌ر خه سه‌رسینگم! هه‌وڵده ئارام بیت، من لێره‌م، هه‌میشه له‌گه‌ڵتدام، كه‌سیش جیامان ناكاته‌وه...
ده‌خه‌وم، خه‌به‌رم ده‌بێته‌وه... چمه؟ بۆ وا ده‌كه‌م، خۆ نه كاتی بێنویژییه، نه مانگیش چوارده‌یه... هه‌ر چه‌ند نازانم مانگ چوارده‌یه یان نا. به‌فر ئێواش ئێواش ده‌بارێ. ته‌ماشای ده‌كه‌م، حه‌سوودی به ئارامی بارینی ده‌به‌م، ئێره‌یی به كپییه‌كه‌ی ده‌به‌م...
خه‌وم نایه، ورد ورد به سه‌ر كار و كرده‌وه‌كانی خۆمدا ده‌چمه‌وه. باشییه‌كانم، میهره‌بانییه‌كانم و دڵنه‌رمییه‌كم، بچوك و بچوكتر ده‌بنه‌وه، كه‌چی هه‌ڵه‌كانم تا بێت گه‌وره و گه‌وره‌تر ده‌بێنه‌وه. ده‌ڵێی پفیلكێكی زۆر گه‌وره‌یه هه‌ر فووی تێد‌ه‌كه‌ن و هه‌ر پڕ نابێت... تۆ بڵێی من له هه‌ویری هه‌ڵه درووستكرابێتم؟! خۆم ده‌بمه قازی خۆم و حوكمده‌ده‌م، ده‌با ئاوهات بكرادیه، بۆ واتگووت؟ بۆ ئه‌وه‌ت له به‌ر كرد؟ بۆ ئاوهات نه‌كرد؟ بۆ؟ بۆ؟بۆ؟
خۆمیش ده‌بمه پارێزه‌ری خۆم و به‌هانه و پاساو بۆ خۆم دێنمه‌وه. له‌به‌ر ئه‌وه، ئاخر، نه‌ده‌كرا، ده‌با وامبكردایه... تا ماندوو ده‌بم.
نازانم چیمده‌وێت؟ ڕاستییت ده‌وێ نازانم، خۆمیش هیچ سه‌ر ده‌رناكه‌م. تۆم خۆشده‌وێ؟ ئا... منت خۆشده‌وێ؟ به دڵنیاییه‌وه! گرفتی دنیاش به من چاره ناكرێت... ته‌نیا ئه‌وه‌ی ماوه خۆم له‌گه‌ڵ خۆم ئاشت كه‌مه‌وه. بۆ له خۆم ناڕازیم؟ خۆزگه ئارام ده‌بوومه‌وه... خۆزگه بیری قۆڕ یه‌خه‌ی به‌رده‌دام. خۆزگه له خۆم ڕازی ده‌بووم. بۆ نیم؟
چاوم ماندووه، ده‌چمه‌وه ناو جێگه‌كه‌م... ده‌مه‌وێ ده‌ست له ملانێی په‌ری خه‌و بم...
Thursday, December 25, 2003
خۆشمده‌وێی، خۆشمده‌وێی، خۆشمده‌وێی، خۆشمده‌وێی.....
- هی خۆمی؟
+ منت بۆ چییه؟
ـ كایه‌ت له‌گه‌ڵدا ئه‌كه‌م.
+ ئێ؟
- نانت له‌گه‌ڵدا ئه‌خۆم.
+ ئێ؟
- چایت له‌گه‌ڵدا ئه‌خۆمه‌وه.
+ ئێ؟
- كه ده‌چینه پیاسه ده‌ستت ده‌گرم... تۆش ده‌ستم ده‌گریت.
+ ئێ؟
- كه ماندوو بووم، له ئامێزت ده‌گرم بۆ ئه‌وه‌ی بحه‌سێمه‌وه.
+ ئێ؟
- كه خه‌وت هات، ده‌ستم به قژه‌كانتا دێنم، تا خه‌و ده‌تباته‌وه.
+ ئێ؟
- ده‌مه‌قاڵه‌ت له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌م و پاشان ئاشت ده‌بینه‌وه.
+ ئێ؟
- پێت ده‌ڵێم خۆشمده‌وێی.
+ ئێ؟
- خۆشه‌ویستیت له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌م.
+ ئێ؟
- به‌یانیان ده‌تبه‌مه سه‌ر‌كار و ئێواران ده‌تهێنمه‌وه.
+ ئێ؟
- ئێ، ئێ!
Wednesday, December 24, 2003
Sunday, December 21, 2003
هه‌ندێك كتێب هه‌ن تا ماوه‌یه‌كی درێژ و بگره هه‌تا هه‌تایه له بیری مرۆڤدا ده‌مێننه‌وه. كاتێك 12-13 سالان بووم له شوێنێكی بێ‌كتێبدا ڕۆمانێكم ده‌ستكه‌وت. ناوی ڕۆمانه‌كه (Things fall apart) بوو. هی نووسه‌رێكی نیجیریایی به ناویChinua Achebe. ڕۆمانه‌كه باسی دێیه‌كی چكۆله‌ی نیجیریای ده‌كرد. باسی ژیانی خێزانێكی ئه‌و دێیه، شێوه‌ی ماڵه‌كانیان، خواردنیان، ژن هێنان و شووكردن ومردن و جادوگه‌ره‌كان و قوربانی دان و خواكان.... هتد. لێره‌دا ناتوانم باسی بكه‌م كه چ ڕۆمانێكی نازدار بوو. چۆن له‌وشوێنه چۆڵه‌دا بوو به هاوڕێیه‌كی گیانی به گیانیم. ڕاستتان ده‌وێت ئه‌و كتێبه به زه‌حمه‌ت به‌رده‌كه‌وت. ئه‌و 5-6 كه‌سه‌ی له‌وێ بووین، شه‌ڕمان بوو له‌سه‌ری. چاكم له بیره له به‌شێكی ئه‌و كتێبه‌دا به‌یتێكی تێدا بوو كه مرۆڤ ده‌بووایه پێكانی بكوتێ به زه‌ویدا له كاتی خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و به‌یته. ئه‌گه‌ر دوواترین وشه‌ی به‌یته‌كه ڕێكبكه‌وتایه له‌گه‌ل دانانی پێی ڕاست له‌سه‌ر زه‌وی ئه‌وه ئارزووه‌كه‌ت ده‌هاته دی... له بیرمه چۆن به ڕیز ده‌وه‌ستاین و ئاره‌زوومان ده‌كرد وئه‌و به‌یته‌مان ده‌خوێنده‌وه. هه‌موومان ئارزه‌وومان ده‌كرد به‌ڵام هیچ كاتێك ئاره‌زووه‌كانمان هه‌میشه هی خۆمان بوو. كه‌سی تر بۆی نه‌بوو بیزانێت.
ساڵ هات و ڕۆی... من هه‌زاران فه‌رسه‌خ له‌وشوێنه دوور كه‌وتمه‌وه. قاڵیچه‌ی حه‌زره‌تی سلێمان هه‌ڵیدامه تاراوگه. ڕۆژێكی ساردی زستان بوو، تاقیكردنه‌وه‌م هه‌بوو. مامۆستاكه‌م بانگی كردمه ژووره‌كه‌ی خۆی بۆ گفتوگۆ له‌سه‌ر ناوه‌ڕۆكی ئه‌زمونه‌كه... قسه‌یه‌ك له من و قسه‌یه‌ك له ئه‌و، كه له ناكاو چاوم كه‌وته سه‌رمێزه‌كه‌ی و هه‌مان كتێبم دیته‌وه! زمانێك كه پێش ئه‌و ساته ده‌تگووت مه‌قه‌سته وه‌ستانی بۆ نییه، بوو به ته‌ڵه‌ی ته‌قیوو. چاوه‌كانم ئه‌بڵه‌ق بوون... ڕێك وه‌كو ئه‌وه‌ی كۆنه هاوڕێیه‌كی زۆر خۆشه‌ویستم دیتبێت. هه‌ر ته‌ماشام ده‌كرد و لاپه‌ڕه‌كانیم هه‌ڵده‌دایه‌وه. دووباره ئه‌و شوێنه‌ی یه‌كه‌مجار ده‌ستمكه‌وت و ئه‌و ده‌موچاوانه‌ی كه پێكه‌و ئارزوومان ده‌كرد وپێكوتانه زه‌وییه‌كانی خۆمانم كه‌وته‌وه یاد. بیرم كرده‌وه تۆ بڵێی چه‌ند دانه له‌و ئاره‌زووانه هاتنه دی؟