Saturday, September 25, 2004
ئه‌و ئاوازه ده ساڵیش ئه‌بێ نه‌مبیستووه. من له بیرم نه‌مابوو. ئه‌و له ساتێکا و له به‌رامبه‌ر ئاوێنه‌که‌دا دیسانه‌وه بووه‌وه گه‌نجه‌که‌ی جاران. بڵێی چی له ئاوێنه‌که‌دا دیتبێت؟ خۆی؟ من؟
پرسیارم لێنه‌کرد و کاتێک له فیکه کێشانه‌که‌ی بووه‌وه منیش خێرا خۆم کرده موتبه‌خه‌که‌دا. هاته لام باوه‌شی پێداکردم و به چپه ووتی: تا سه‌گبابه‌کان له خه‌و هه‌ڵنه‌ستاون...
Thursday, September 16, 2004
به‌عزێك ئه‌ڵێن شاری گه‌وره باشه. ئازاد تری، وون ئه‌بی. به‌ڵام ئه‌گه‌ر مه‌سه‌له لوت خستنه ناو ژیانی خه‌ڵكی تر بێت به‌خوا له هه‌زار كونیش خۆت بشاریته‌وه هه‌ر ئه‌تدۆزنه‌وه. كورده‌كان ئه‌ڵێن هه‌ر كورد وایه. عه‌ره‌ب ئه‌ڵێن به‌خوا كه‌س وه‌كو ئێمه نین بۆ ته‌داخول كردن، ئیتر تورك و فارس و گرێكی و سویدی و هه‌مووی ئه‌ناڵێنن به ده‌ست خۆ خستنه ناو ژیانی ئه‌وانی تر.
نازانم جارێك له كوێ خوێندمه‌وه كه ئه‌و ڕۆژنامه و گۆڤارانه‌ی باسی خه‌ڵكی ده‌كه‌ن، خوێندنه‌وه‌یان باشه بۆ ته‌ندروستی. ئه‌بێ ئه‌و هه‌موو باسكردنی ژیانی ئه‌م و ئه‌ویش بۆ سیحه‌ت باش بێت كه هه‌موومان نیوه‌ی كاتمانی پێوه سه‌رف ئه‌كه‌ین. له‌وانه‌یه هه‌موومان نه‌بێ و به‌عزێكمان بێ.
له‌گه‌ل ئه‌وه‌شدا كه ژیان پڕه له فڕكا فڕكان و كاتی سه‌رخوراندنمان نی‌یه و ئاگامان له یه‌ك نی‌یه، بۆ هه‌واڵپرسینی یه‌كتر، ئه‌ڵێم. تێناگه‌م ئه‌م هه‌موو خه‌به‌ره له كوێوه دێت و چۆن بڵاو ئه‌بێته‌وه. مه‌سه‌له‌ن فڵانه كه‌س له ئا‌ڵمانیا گه‌رایه‌وه كوردستان و له‌وێ له كه‌ركوك دوو خانوی كڕی. فستان هاته‌وه له كوردستان و ئه‌ڵێن گوایه له‌وێ ژنێكی هێناوه به دزی ئه‌م ژنه‌ی ئێسته‌ی. كێ خان بۆیه سه‌فه‌ری فڵانه وڵاتی كرد له خه‌سوی تۆراوه. ئاخرین ده‌نگوباسیش كه دیسانه‌وه به‌ر گوێی خۆم كه‌وت و له‌باره‌ی خێزانی خۆمه‌وه بوو ؛ به هه‌ندێك ده‌ستكارییه‌وه، ماڵێك كچه‌كه‌یان كه له شارێكی تر زانكۆ ئه‌خوێنێ و هاوڕێ كوڕێكی گرتووه، بۆیه له‌و شاره‌ی خۆیان ناخوێنێ باوكی ته‌هدیدی كردووه ئه‌گه‌ر بێته‌وه ئه‌یكۆژێت و براكه‌یشی پێی وتووه هه‌ر ئه‌بێ بیده‌م به ژن بۆ خۆم!
ئه‌و كه‌سه‌ی ئه‌مه‌ی بۆ گێڕامه‌وه نه‌یئه‌زانی باسی لانه‌ی من ئه‌كات و زوو زوو ئه‌یووت ئه‌ی به قوربانی باوكی بم. به‌ڕه‌ڵاییه وه‌ڵا.
باوك ووتی ته‌واوم كرد، بووم به قاتلی كچی خۆم. ئه‌رێ ئێوه بۆ واز ناهێنن ئه‌ڵێی كه‌س دۆست و ده‌زگیرانی نی‌یه ئه‌م كچه‌ی من نه‌بێ؟ كابرا كه قسه‌كه‌ی گێڕاوه ده‌می بوو به ته‌ڵه‌ی ته‌قیوو. ته‌ماشای هه‌ردووكمانی كرد و ووتی: حه‌یف شێره كوڕ چی لێهات؟ پیاوه‌تی و كوردایه‌تی بۆ كوێ ڕۆی. ئێوه‌شمان هیچ.
قسه‌و قسه‌ڵۆك باشه بۆ سیحه‌ت ئیتر له سه‌ر حیسابی هه‌ر چی بێت گرنگ نی‌یه.
Tuesday, September 14, 2004
Thursday, September 09, 2004
ده‌رباره‌ی تۆ لێم ئه‌پرسن، ڕوناكی چاوه‌كه‌م. گۆرانییه‌كی وه‌رده جه‌زائیریه. ئه‌مڕۆ به هه‌ڵكه‌وت گوێم لێ‌بوو. گۆرانییه‌كی زۆر كۆن هی كاتێك كه من زۆر گه‌نج بووم و پورم ژنێكی 30 -35 ساڵی بوو.پورم هیچ له ژنه‌كانی تری ده‌وروبه‌رم نه‌ئه‌چوو، مناڵی هه‌بوو، مێردێكی ئێسك گرانی هه‌بوو به‌ڵام خۆی هه‌میشه ده‌م به پێكه‌نین و گیزه‌ی گۆرانی ووتنی بوو. ئه‌چووم بۆ لای و گوێم لێ ئه‌گرت. زۆر جار ئه‌م گۆرانیه‌و گۆرانیه‌كانی تری وه‌رد‌ه‌ی ئه‌وته‌وه. جارێكیان ووتی: من له وه‌رده ئه‌چم؟ پورم زۆر شۆخ و شه‌نگتر بوو له وه‌رده. ئه‌م ووت بۆ ئه‌وه‌نده حه‌زت له وه‌رده‌یه؟ هیچی نه‌ئه‌ووت.
گۆرانیه‌كانی وه‌رده زۆربه‌ی باسی خۆشه‌ویستیه‌كی گه‌ورانه‌تری ئه‌كرد. له‌وانه‌یه خۆش‌ویستی نێوان ژن ومێردێك و شه‌ڕه‌كانیان و ئاشت بوونه‌و‌ه‌كانیان. من گۆرانه‌كانیم پێخۆش نه‌بوو.
ڕۆژێك چوومه لای پورم. بۆ یه‌كه‌م جار دیم عاجزه و دڵته‌نگ. ووتی بۆ له ڕاستیدا قه‌ت وه‌كو گۆرانییه‌كانی وه‌رده نابێت؟ بۆ قه‌ت ڕازی نی‌یه؟ بۆ هه‌میشه شه‌ڕ ئه‌كات و قه‌ت ئاشت نابێته‌وه؟
پورم و مێرده‌كه‌ی له‌یه‌ك جیا بوونه‌وه. به‌لام ئێستایش گوێ له وه‌رده ئه‌گرێت...
Monday, September 06, 2004
خۆمم وه‌كو مناڵێكی بچوك دێته به‌رچاو كه ماوه‌یه‌كی باش خۆمم به دروستكردنی قه‌ڵایه‌كی گه‌وره‌ی چین له سه‌ر چینی پڕ ژوور و مه‌ناره و داڵانی پێچاو پێچ و پلیكانه‌ی بێ كۆتایی له داری بچكۆله‌ی داتاشراو دروستكردبێت و هه‌مووی ڕێك و پێك له‌سه‌ر یه‌ك بێت بێ هیچ لارییه‌ك و ڕێك له‌و كاته‌دا كه هه‌ست به خۆشییه‌كی گه‌وره ئه‌كه‌م به ته‌واو بوونی، ڕێك ئه‌و ساته ، قه‌ڵاكه‌م، قه‌ڵا جوانه به‌هێزه‌كه‌م دائه‌ڕمێته خواره‌وه...
خۆزگه ئه‌و قه‌ڵا ڕووخاوه چاك ئه‌بووه‌وه، خۆزگه...
Saturday, September 04, 2004
پوره حه‌لاو خۆی ئه‌كا به ژووردا. داوێنی كراسه‌كه‌ی هه‌مووی قووڕاویه. كه دائه‌نیشێ داوێنه‌كه‌ی كۆ ئه‌كاته‌وه. دایكم حه‌مامی گه‌رم كردووه. پوره حه‌لاو گیان جارێ بچۆ خۆت بشۆ وجله‌كانت بگۆڕه، جلی پاكم بۆ داناوی. پوره حه‌لاو ئه‌ڵێ باشه به ساقه‌ت بم با جارێ بحه‌سێمه‌وه. دایكم هه‌ر زۆری لێ ئه‌كات تۆ بچۆ حه‌مامه‌كه‌م داخستووه، به خوا تا خۆت نه‌شۆی ئیسراحه‌ت ناكه‌ی. دایكم له خۆشی هاتنی نامه‌ی كاكم و ده‌نگ و باسی سه‌لامه‌تی ئه‌و پێی به عه‌رزه‌وه به‌ن نابێت.
ئه‌ده‌م له ده‌رگای حه‌مامه‌كه و ئه‌ڵێم پورێ هیچت پێویست نی‌یه؟ ئه‌ڵێ به‌رێ وه‌ڵا، وه‌ره ده‌ستێ لفكه له پشتم به! پشتی ئه‌شۆم و پڕم له پرسیار و شه‌رم ئه‌كه‌م بپرسم. پوره حه‌لاو ئه‌ڵێ بڕۆ له گیرفانی سه‌ڵته‌كه‌مدا شتێكی تیایه هی تۆیه. به په‌له ده‌ستم وشك ئه‌كه‌مه‌وه و سه‌ڵته‌كه‌ی بۆ دێنم. پوره حه‌لاو پێئه‌كه‌نێ و چاوه‌كانی له ژێر برۆ پڕه‌كه‌یه‌وه بز ئه‌بێته‌وه ئه‌ڵێ: كچم ئه‌و گیرفانه نا ، گیرفانه‌كه‌ی پشته‌وه.
نامه‌یه‌كه كه له‌سه‌ر كاغه‌زێكی ته‌نكی په‌مه‌یی به خه‌تێكی یه‌كجار ورد نووسراوه. له به‌شێكی نامه‌كه‌دا وای نووسیوه:
"ئارامی دڵه‌كه‌م!
به خه‌تێكی ورد بۆت ئه‌نووسم بۆ ئه‌وه‌ی زۆر بنووسم و كه‌م جێ بگرێت."
ئه‌مدیوو و ئه‌ودیوی نامه‌كه‌ی نوسیوه و بۆم زه‌حمه‌تر ئه‌بێ خوێندنه‌وه‌كه‌ی. زه‌حمه‌تر چونكه ناوێرم له لای دایكم و ئه‌وان بیخوێنمه‌وه و شه‌رم نایه‌ڵێ، له لایه‌كی تره‌وه زوو زوو با‌نگم ئه‌كه‌ن بۆ ئیشێك. ئێواره جله‌كانی پوره حه‌لاو ئه‌شۆم و ئه‌چمه سه‌ربان هه‌ڵیانخه‌م. نامه‌كه دێنمه ده‌ره‌وه و له به‌ر تیشكی پرته‌قاڵی خۆری ئێواره ئه‌یخوێنمه‌وه. یه‌ك جار ، دوو جار ده جار و پانزه جار.
ئاگام لێ نی‌یه پوره حه‌لاو له سه‌ر خۆی دێته لام و به چیچكانه دائه‌نیشێت. كچم له‌بیرم چوو ئه‌و دیارییه‌یشی بۆ ناردویت. وێنه‌یه‌كی خۆیه‌تی. وێنه‌ی پێشمه‌رگه‌یه‌كی ڕووخۆش.
دیسانه‌وه له‌به‌ر شه‌رم و خۆشی نازانم چ بڵێم و له ڕووم نایه ته‌ماشای وێنه‌كه بكه‌م. پوره حه‌لاو جارێكی تر پێئه‌كه‌نێت و ئه‌ڵێ: خه‌مت نه‌بێ كچم بۆ كاكتی دركاندووه و ئه‌ویش پێی وتووه؛ پیرۆزه!
Wednesday, September 01, 2004
شوكری خان ئه‌یووت: به قوربان‌و بم لێره‌وه باشتره، حه‌ز ناكه‌م. لێره‌وه پیاوه‌كان نامبینن. خۆ ماشه‌ڵای لێ بێ ماڵی ئێوه هه‌میشه جمه‌ی دێ له‌به‌ر میوان.
كه ده‌ستی شوكری خانم ئه‌گرت ئه‌ترسام و ختوكه‌شم ئه‌هات. ده‌ستی نه‌رم. نه‌رمێكی سه‌یر. ئه‌ڵێن نه‌رم وه‌كو لۆكه ، ده‌ستی ئه‌و وا نه‌بوو. هیچ شتێكی تر وه‌كو ده‌ستی ئه‌و نه‌رم نه‌بوو. له‌وه نه‌ئه‌چوو ئێسقانێكی تیا بێ. خۆیشی به‌و نه‌رم و شل و ملییه‌ی خۆیه‌وه شانازی ئه‌كرد. ژنه‌كانی تریش حه‌سودیان پێ ئه‌برد. پوره حه‌لاویش زۆر جار ئه‌یووت: به‌وخوایه هه‌موو پیاوه‌كان حه‌سوودی به كاك كه‌مال ئه‌به‌ن بۆ ئه‌و ژنه نه‌رم و شل و سپی و سۆڵه‌ی هه‌یه‌تی.
شوكری خان جگه له نه‌خۆشی ره‌بوو، زه‌غتیشی هه‌بوو. ڕۆژێك تازه ده‌رسی ژیانزانیم ده‌ست‌پێ كردبوو ئه‌مویست زیر‌كی خۆم پیشان ده‌م به شوكری خانم ووت: بۆ كه‌مێك وه‌رزش ناكه‌ی؟ كه‌مێك كه‌متر چه‌وری بخۆ ئاوها بڕاوت توشی دڵیش ئه‌بی. شوكری خان مۆڕه‌ی لێكردم و ووتی ئاخر زه‌مانه به‌م دوای دوایه ده‌ست كه‌ینه ڕاو ڕاوێن. هه‌ر خواردنه‌كه‌مان هه‌یه دڵی پێخۆش كه‌ین خه‌ریكن به ناوی عیلم و میلمه‌وه له‌وه‌یش بێ به‌ریمان كه‌ن. شوكری خان به نازه‌وه ووتی: به‌و خوایه كه‌مال بۆ خۆی ئه‌چێ ڕۆنی مه‌ڕم بۆ ئه‌هێنێ. نایه‌ڵێ له ڕۆنی مه‌ڕ زیاتر به هیچ شتێكی تر چێشت لێنێم. ئه‌وه تۆ ئه‌ڵێی چی؟ ژه‌مێ گۆشتم نه‌بێ ئه‌بورێمه‌وه.
پاش ئاواره‌یی و ژیانی تاراوگه گه‌ڕامه‌وه كوردستان و شوكری خانم بینیه‌وه زۆر قه‌ڵه‌وتر له جاران. ڕه‌بووه‌كه‌ی لێی پیس كردبوو جگه له زه‌غت تووشی نه‌خۆشی دڵیش هاتبوو. منیان ده‌عوه‌ت كرد برنجه‌كه‌یان به ڕۆنی مه‌ڕ لێنابوو. شله‌كه‌یش پڕ بوو له گۆشتی چه‌ور و به‌زدار.