--> ::هه‌رێمی هیچ ::

هه‌رێمی هیچ

Sunday, May 29, 2005

خه‌ریک بوو بنووسم ئینسان وایه و ئه‌مه‌یه، دوای په‌شیمان بوومه‌وه با ته‌نیا باسی خۆم بکه‌م له‌وانه‌یه هه‌موو که‌س وا نه‌بێ، به‌ هه‌ر حاڵ... له ڕادیۆ زایه‌ڵه باسی به‌رنامه‌‌که‌ی ئه‌ڤین ڕووبار کراوه. ڕادیۆ زایه‌ڵه ئاوهای نووسیوه له لاپه‌ڕه‌که‌ی خۆیدا:(فیدراسیۆنی سه‌راسه‌ریی ڕێکخستنه‌کانی یارمه‌تی به‌ ژنان و کچانی ئازاردراو (ROKS) له‌سه‌ر ئه‌م بڕوایه‌یه‌ که‌ (پیاوه‌کان حه‌یوانن، ماشێنن، ئاله‌تێکی سه‌ناعین که‌ هاتوچۆ ده‌کا، مڵۆزمن، به‌دشانسسیه‌کی بیۆلۆژین. پیاو بوون نه‌خۆشییه‌!).

ئه‌م قسانه‌ بۆته جه‌نجاڵ و هه‌راو هوریا له سوید و باس له شه‌ڕی ڕه‌گه‌زیی پیاو و ژن ئه‌کرێ. ناشوکری نه‌بێ شه‌ڕ که‌مه ئه‌مه‌ی بێته سه‌ر. باس باسی ئینسان و خۆم بوو. مه‌قسه‌د له‌م قسه دوو سێ شته.

یه‌ک: قسه‌کانی ئه‌و خانمه زۆر قۆڕه.

دوو: ئه‌گه‌ر مرۆڤ. نا بابه قه‌سدم خۆمه ڕه‌خنه له خۆم بگرم گیانم نایه‌ته ئێش به‌ڵام که‌سێکی تر له‌ولاوه بێت و بڵێ پشتی چاوت برۆیه زۆرم له سه‌ر دڵ قورس ئه‌بێ. جا هه‌زار ساڵ پیاو به پیاو قسه بکات و یه‌کتری به بێناموس و درۆزن و دز بانگ بکه‌ن، که‌عبه که‌ج نابێ. ئه‌م شته منیش ئه‌گرێته‌وه ئه‌گه‌ر که‌سێکی خۆم وا بکات یان ژنێک وا بکات باکم نییه یان که‌متر خۆم ئه‌خۆمه‌وه. له‌وه‌ته‌ی له بیرم دێ هه‌ر له نه‌نکه‌کانمه‌وه بگره تا مامه حه‌مه ساڵحم هه‌میشه نه‌سیحه‌تیان ئه‌کردین: کچینه به ته‌نیا نه‌چنه ده‌رێ، جلی کورت له‌به‌ر مه‌که‌ن، له گه‌ڵ پیاوی غه‌ریبه قسه‌مه‌که‌ن، پیاو ئه‌مانی نی‌ یه، پیاو گورگه، گورگ. ئاگاتان له خۆتان بێ!

سێ: جگه له نه‌نک و باپیر و مامه حه‌مه ساڵح، له کتێبه ئاینیه‌کانیشدا هه‌ر باسی ئه‌و لایه‌نه حه‌یوانییه‌ی پیاوه کراوه. کتێبه ئاینیه‌کانیش که‌ خوا( نێره) و پێغه‌مبه‌ر و ئه‌سحابه و حه‌وارییه‌کانی نووسیویانه ئه‌وانیش هه‌موویان پیاون وا ئه‌فه‌رموێ؛ ژن خۆی داپۆشی بۆ ئه‌وه‌ی پیاو عه‌قڵ و سه‌یته‌ره‌‌ی له چاویدایه و ناتووانێت نه‌فسی خۆی بگرێت.

چوار: باشه ئه‌وه مامه حه‌مه ساڵح و کتێبه ئایینیه هه‌زاران ساڵ کۆنه‌کان و ساحیبی پله‌ی بۆی و ڕه‌ئیس حیزب و مه‌لا و قه‌شه‌ و ڕابی و بازرگانان وا ئه‌ڵێن. مه‌قسه‌د پیاو خۆی به خۆی وا ئه‌ڵێ. به‌ڵام ئه‌ی ئێوه بۆ قسه‌كانی ئه‌وان دووباره ئه‌که‌نه‌وه و جلی فیمینستی له‌به‌ر ئه‌که‌ن؟!

پێنج: خۆی قسه‌ی ئه‌و ژنه ڕاسیستانه‌یه، به‌ڵام ئه‌ویش هه‌روه‌كو هه‌موو سه‌رۆك حیزب و كۆمه‌ڵه‌ و ڕێكخراوه‌یه‌ك به دوای ده‌سه‌ڵاته‌یه‌وه، قسه‌ قۆڕه‌كه‌ی ئه‌و ( هه‌رچه‌ند پاڵپشتی له قسه‌كانی مامه ساڵح و كتێبه پیرۆزه‌كانیشه‌وه وه‌رگرتبێ) ئه‌بێته هۆی دڕدۆنگ بوونی كۆمونه‌كان له دانی یارمه‌تی و پشتگیری به سه‌ر‌په‌نای ژنان( kvinnojour),لێره‌دا ئه‌وه ئه‌و خانمه یان ئه‌ڤین ڕووبار یان سۆسیال دیمۆكرات نی‌یه كه زه‌ره‌ری هه‌ره گه‌وره‌ی لێ ئه‌كه‌وێ به‌ڵكو هه‌موو ئه‌و ژنه ده‌ستدرێژی لێكرا و زوڵم لێكراوانه‌ن كه ئه‌گه‌ر‌ی بێپشتیوان مانه‌وه‌یان بۆ په‌یا ئه‌بێت.

شه‌ش: \"ئاله‌تێکی سه‌ناعین که هاتوچۆ ده‌كا\" چ مه‌عنایه‌کی ئه‌بێ هه‌بێ؟

گوێم له سویدییه‌که‌ی گرت. عه‌یب نه‌بێ مه‌به‌ستی کابرای موته‌رجیم له ئاله‌تێکی سه‌ناعی هه‌مان دیلدۆ بوو!!! به‌م شێوه‌ ته‌رجومه‌ی هه‌موو رسته‌که هه‌ڵه‌ ده‌رهات. وه‌ڵا من وامزانی ئاله‌تی سه‌ناعی که هاتوچۆ ئه‌كا، ڕۆبۆته. ئه‌گه‌ر جه‌ماعه‌ت له ڕوویان نه‌هاتووه بنوسن دیلدۆ یان کێر‌ی ده‌ستکرد بۆ نه‌یانوسیووه ئامێری‌ پیاوی سه‌ناعی...

حه‌وت:نازانم مه‌به‌سته‌که‌م گه‌یاندووه یان نه؟!


* * * * * * * * * * * * * * * * * * * *

Sunday, May 22, 2005

حه‌مه سه‌عید حه‌سه‌ن له‌م ماوه‌یه‌ شتێکی نووسیبوو ماشه‌ڵای لێ بێ شتی زۆریش ئه‌نووسێ. شتێکی نووسیبوو له بیرم نی‌یه باسی چی کردبوو. ئه‌وه‌نه‌م له بیره باسی نووسیبووی ئه‌نووسم کوردستانی عراق چونکه کورده‌کانی باشوور خۆیان ڕه‌ئیان بۆ عراقی کردنی کوردستان دا.
مام جه‌لال سه‌رۆکه و به پارتی و یه‌کێتی یه‌وه هه‌وڵ ئه‌ده‌ن عه‌راق ئاوه‌دان بکه‌ن و میانه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌رودراوسێ ڕیک خه‌ن که‌چی هێشتا له‌ سه‌ر سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم شه‌ڕه. هێشتا په‌رله‌مانی کوردستان کۆبوونه‌وه‌ی خۆی ده‌ست پێنه‌کردووه و چاوه‌ڕێن که‌ی مام و کاک تێریان خوارد و قڕقێنه‌یان لێدا ئینجا ئه‌وانیش دانیشتنی بۆ بکه‌ن. باشوری کوردستانیش بوو به کوردستانی عه‌راق وه‌کو حه‌مه سه‌عید ئه‌ڵێ. جا ئایا ئه‌م بوونه و هه‌ڵبژاردنه باش بوو یان نه، ئه‌وه مه‌گه‌ر کات وه‌ڵاممان باته‌وه. ده‌نگ نه‌درایه وه‌کو سونییه‌کانمان لێ ئه‌هات و ده‌ست له گونان درێژتر هه‌ر به زۆر به عراقه‌وه ئه‌لکاین یان ئه‌مه‌یان باشه که بووین به کوردێکی عه‌راقی و سه‌رۆک و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق کورده؟
ملوانکه‌ی شین شتێکی باشی له‌ باره‌ی کوردی ڕۆژهه‌ڵات و باشوور باس کردووه. ئینسان دڵی ته‌نه ئه‌بێ به‌ڵام که‌میش نین به‌و شێوه بیری لێ ئه‌که‌نه‌وه: ئێوه‌ی ئێرانی و ئێمه‌ی عیراقی یان به پێچه‌وانه‌وه. نامه‌یه‌کم بۆ ملوانکه‌ی خۆشه‌ویست نووسی و ئه‌ویش هێژایانه وه‌ڵامی دامه‌وه. پێم وایه و خۆشبه‌ختانه نه‌ ئه‌و ئێرانی بوو نه من عێراقی. دوو ژنی کورد بووین. دوو که‌س له هه‌نده‌ران که خۆمان به کورد ئه‌زانین و کوردستانیش وڵاتی هه‌موو کوردێک.

هه‌رچه‌ند ئێستا زۆر نازانم ئه‌گه‌ر من کوردی کوردستانی عێراق بم فه‌رقم ئه‌بێ له‌گه‌ڵ ملوانکه‌دا؟

هه‌ر لێره‌شه‌وه پیرۆزبایی له دایک بوونی لێئه‌که‌م


* * * * * * * * * * * * * * * * * * * *

Tuesday, May 17, 2005

ئه‌ڵێن له لای خوا هیچ شتێک موسته‌حیل نی‌یه، تۆ بڵێی؟


* * * * * * * * * * * * * * * * * * * *

Saturday, May 14, 2005

سروشت زۆر جوان بووه لێره و که‌شیش به‌ره‌و گه‌رمی ئه‌چێ، نه‌بێ به چاوی پیسه‌وه. له دوایی نانی به‌یانییه‌وه مناڵه‌کانم نه‌هاتوونه‌ته‌وه. ئالان لێیداوه و ڕۆیشتووه بێ ئه‌وه‌ی هیچمان پێ بڵێ به‌ڵام دیلان له سه‌ر کوته کاغه‌زێ نووسیبوی: دایه ئه‌وه ئه‌چم بۆ لای ماتیاس ئه‌گه‌ر چێشتی خۆشت لێنا ته‌لیفۆنێکی ماڵی ماتیاسم بۆ بکه. ئه‌گه‌ر به ته‌مای چێشته ناخۆشه‌که لێنه‌ی ته‌لیفۆنم بۆ مه‌که!

له خواره‌وه تێبینیه‌کی نووسیبوو: ژماره‌که‌ی ماڵی ماتیاس ئه‌زانی خۆ ئه‌گه‌ر نازانی ئه‌مه‌یه!!!!!

چێشته خۆشه‌که: برنج و هه‌ر شله‌یه‌ک بێت

چێشته‌ ناخۆشه‌که‌: یاپراخی که‌له‌مه

منیش شفته‌م دروست کردوه، نازانم ته‌لیفۆنی بۆ بکه‌م یان نه.


* * * * * * * * * * * * * * * * * * * *

Wednesday, May 04, 2005

من له کوێ بزانم کاتێ تۆ ئه‌ڕۆیته ده‌ره‌وه جارێکی تر ئه‌تبینمه‌وه یان نه. من چوزانم کاتێ دوعات بۆ ئه‌که‌م و له‌ سه‌ر به‌رماڵه‌که‌م داوا له خوای گه‌وره و میهره‌بان ئه‌که‌م پشتیوانت بێت، نوێنه‌رانی ناوی خوا ژیانی تۆ و خۆیان نا‌دزن...هه‌موو ڕۆژێک مه‌رگ و بۆمب خه‌ریکی دروێنه‌ی ڕوحی ئێوه‌ن. هه‌موو ڕۆژێک باوه‌ڕێکی سه‌یر له‌م لاو له‌ولاوه وه‌کو عازه‌به‌یه‌کی پڕ کێم هه‌ڵئه‌تۆقێت و بیره‌کان ژه‌هراوی ئه‌کات. ئه‌وه‌نده‌یان ژه‌هراوی ئه‌که‌ن، توانای بینینی ژیان و هیوایان نامێنێت.

ماندووم له مه‌رگ، ماندووم له خوێن، ماندووم.

بۆ کورد یه‌ک ناگرێت؟ خۆ بۆمبه‌کان و خۆکوژه‌ ژیان کوژه‌کان فه‌رقی نێوان کوردی زه‌رد و سه‌وز و په‌مه‌یی و شین نازانن؟ بۆ یه‌ک ناگرن؟ خۆ دوژمنه‌کان جیاوازی نێوان کوردی ئه‌م دیوی سنور و ئه‌و دیوی سنور تێناگه‌ن.

ماندووم...



* * * * * * * * * * * * * * * * * * * *

Tuesday, May 03, 2005

"هه‌ر شارێک خاسییه‌تی خۆی هه‌یه‌، من له‌ پاریس بووم، پێم سه‌یر بوو فه‌رانسیه‌کان چۆن ته‌حه‌ممولی ئه‌و هه‌موو مه‌غریبی و تونسی و جه‌زائیری و ئه‌فریقی و تورک و فارس و ئه‌رمه‌نیه‌ ده‌که‌ن، فه‌ره‌نسیه‌ک له ناو پاس دانیشتوه‌، یه‌کێک له‌ ته‌نیشتیه‌تی ده‌ڵێی مه‌یمونه‌ له‌ ئه‌فریقیا هاتووه‌، ئه‌وه‌ی لای چه‌پی ده‌ڵێی سه‌یه‌، ئه‌وه‌ی به‌رامبه‌ری ده‌ڵێی بزنه‌، کۆمه‌ڵێک حه‌یوانات له‌ ده‌وروبه‌ری ئه‌و فه‌ره‌نسیه‌ ده‌بینی... فه‌ره‌نسیه‌کان ته‌حه‌موولیان ده‌که‌ن، پاریس باوه‌ش به‌ بیانی دا ده‌کا، به‌ڵام به‌رلین، یان کۆبنهاگن وه‌کو جسمه‌کی غه‌ریب ده‌یبینێ، قبوڵی ناکا، قه‌دری ناگرێ‌..." - حه‌فته‌نامه‌ی مێدیا ژماره‌ 186، سێ‌شه‌ممه‌ 22.4.2005،
لاپه‌ڕه‌8، بابه‌تی "بۆچی ده‌ڵێن هه‌ولێرییه‌کان فه‌قیرحاڵن"، وته‌کانی "د. فه‌رهاد پیرباڵ
"
***
عه‌لي عه‌بدول: "له ڕووی بایۆلۆجیی و کۆمه‌ڵایه‌تییشه‌وه، بارزانییه‌کان کورد نین، به‌لكو بارزانیین. هه‌ربۆیه ده‌ڵێن: ئێمه ته‌نها له‌نێو بارزانییدا ژنوژنخوازیی ده‌که‌ین و ڕیی پێده‌ده‌ین. تاکه‌کانی نێو بارزانییه‌کان، پێکهاته‌ی بایۆلۆجیی مێشکیان هێشتا نه‌گه‌شتۆته ئاستی مرۆڤێکی کامڵی کورد و ده‌رککردن به‌و ڕاستییه‌ی که مانه‌وه‌یان به مانه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌ی کورده‌وه‌یه."(کوردستان پۆست)
***
بۆیه له دایکبوونی بیرێکی هیتله‌ریانه‌ی توندڕه‌و بۆ ئه‌و مه‌سه‌لانه، بۆ کپکردنی ئه‌و بیره گڵاو و نه‌زانانه له جێی خۆیه‌تی، بۆیه‌ش هیتله‌ر ده‌که‌ینه نموونه‌یه‌ک چونکه هێشتا زه‌بر و زه‌نگ و توند و تیژی ته‌نها ئامرازه بۆ گه‌یشتن به‌و ئامانجه سه‌ختانه، ئه‌گینا ئه‌گه‌ر هه‌موو کوردێک بگاته ئه‌و ئارامی و که‌یف و سه‌فایه‌ی هه‌ندێ که‌س و وه‌رگرتنی سۆشیالی ئه‌وروپی، وه‌ک ئه‌وان ده‌چێته به‌ره‌ی دژه نه‌ته‌وه‌یی و دژه کوردی و خۆی ده‌كاته تاکه سواری مه‌یدان و هه‌ندیکیش دیش لێره چه‌پڵه‌ی توندی بۆ لێده‌ده‌ن تاوه‌کو باشتر دابه‌زێته سه‌ر برا کورده‌که‌ی تری له‌وبه‌ر! "(زاگرۆس ڕیباز- کوردستان نێت
***
ئه‌رێ قسه‌ و بۆچوونی وه‌کو ئه‌وانه‌ی سه‌ره‌وه نه‌بوو شه‌ڕی جیهانی دووه‌می لێ بووه‌وه؟ ئه‌رێ ڕۆژانه له هه‌ر چوار گۆشه‌ی
دنیاوه خه‌ڵک له‌ به‌ر خاتری بیری گڵاوی ڕه‌گه‌ز په‌رستییه‌وه نی‌یه که له بچوکترین مافی بێبه‌ش ئه‌کرێت؟ نازانم ئه‌و که‌سانه‌ی ئه‌و شتانه‌یان نووسیوه چۆن له ڕوویان هاتووه بڵاوی که‌نه‌وه؟ نازانم چۆن شه‌رمییان نه‌کردووه؟ ئه‌رێ کورد به هۆی بیری ڕه‌گه‌زپه‌رستییه‌وه نه‌بوو و نی‌یه که ڕۆژانه سه‌رده‌بڕدرێت و له‌ناو ده‌چێت و کیمیاباران و ئه‌نفال ده‌کرێت؟!ده‌سا تفتان لێ بێت بۆ خۆتان و بۆ چوونتان!


* * * * * * * * * * * * * * * * * * * *