--> ::هه‌رێمی هیچ ::

هه‌رێمی هیچ

Thursday, June 30, 2005

له ڕاستیدا به قسه‌ی دایکمم کرد، له هه‌ندێ شتی زۆر بچوکدا نه‌بێ. نازانم کاممان باشترمان کرد؟ من یان زوهره‌ی موفتی زاده؟!


* * * * * * * * * * * * * * * * * * * *

به‌ڕاستی ئیتر ئه‌م هه‌وا قۆڕه ناخۆشی کردووه. داره‌کان سه‌وز، گیا ته‌ڕ و ناسک، جاده‌کان پاک و شۆراو.

تا له وڵات بووین ئه‌بوایه سه‌رمان نزم که‌ینه‌وه و ته‌ماشای به‌رپێمان بکه‌ین. ئاسمانی شین و مانگ و خۆرمان له خۆمان حه‌رام کرد، یان لێیان حه‌رام کردین. لێره‌ش ئاسمانێک نی‌یه ته‌ماشای که‌ی. هه‌میشه ئاسمان خۆڵه‌مێشی‌ و بێ خۆر و خه‌مبار. سه‌ریش به‌رز که‌یته‌وه چی ئه‌بینی؟ هیچ. ڕه‌نگێکی خۆڵه‌مێشی قورس و بێ کۆتایی.

سه‌ر به‌رزئه‌که‌یته‌وه و چاوت له که‌شناسی ته‌له‌ڤزیۆنه. ئه‌ویش نه‌خشه‌یه‌کی سارد و سڕت پیشان ئه‌دا. بارانه و سارده و ئاسمان خه‌مبار.

که‌س و کار له کوردستانه‌وه ئه‌گه‌ڕێنه‌وه. ئه‌وان باسی ئاسمانی شین، خۆری وریشه‌دار، نه‌خشه‌ی گه‌رمی که‌شناسی ئه‌که‌ن. ئاسمانی ئه‌وێ جوانه و گه‌شه. عه‌رزه‌که‌ی: داره‌کان ته‌پ و تۆزاوی، گیا وشک هه‌ڵگه‌ڕاو، جاده‌کان پیس و پڕ له زبڵ. خه‌ڵکه‌که‌ی یان زۆر زۆر ده‌وڵه‌مه‌ند یان زۆر زۆر فه‌قیر و ده‌ستکورت. سه‌رۆکه‌کانی بێ خه‌م و خه‌وتوو.



* * * * * * * * * * * * * * * * * * * *

Monday, June 27, 2005

جارێ به‌ قسه‌ی دایكم نه‌كرد،

له‌ به‌ر ئاوێنه‌ وه‌ستام و لێوم سوور كرد،

له‌ به‌ر شه‌ماڵ قژم په‌خشان كرد،

به‌ قسه‌ی دایكم نه‌كرد،

جلـێ كه‌ بۆ نه‌ورۆز بوو،

پێشتر له‌به‌رم كرد،

كه‌وشه‌ به‌رزه‌كانی دایكم له‌پێ كرد،

هه‌ستم كرد ئازادم ....

به‌ قسه‌ی دایكم نه‌كرد

له‌ سه‌ر دیواری حه‌وشه‌كه‌مان بازم دا،

له‌گه‌ڵ كوڕه‌كانی گه‌ڕه‌ك ئاشنا بووم ،

نه‌ترسام، له‌ سه‌ر سه‌كۆی حه‌مام دانیشتم ،

گوێم له‌ دایكم نه‌گرت .

به‌ ده‌نگی به‌رز پێكه‌نیم .

سه‌یری له‌شم كرد له‌به‌ر ئاوێنه‌...

نه‌مهێشت هه‌ڵمبژێرن ،

بێن بۆ خوازبێنیم .

نه‌مهێشت بمكڕن

جلـی سپیم له‌به‌ر كه‌ن .

خۆم هه‌ڵمبژارد

به‌ جلـی به‌رم بووم به‌ بووك

نه‌ڕۆیشتم بۆ بازاڕ...تا ئاڵتوونم له‌ مل كه‌ن ...

زه‌رۆشانییان نه‌كردم ،

كه‌وشی به‌رزم له‌ پێ نه‌كردو

لێوم سوور نه‌كرد،

هه‌ستم كرد ئازادم .

ئه‌مجاره‌ به‌ قسه‌ی یه‌زدانیشم نه‌كرد...

كاتێ دڵته‌نگ بووم، بێده‌ستنوێژ قورئانم له‌ ئامێز گرت

گوناهم كرد...

ئاوێته‌ بووم ،

ڕووت و ڕه‌ها...

وه‌كوو ئه‌و كاته‌ی له‌دایكبووم

وه‌كوو ئه‌كاته‌ی دایكم له‌ دایكبوو

ئازاد بووم ...ئازاد...



زوهره‌ موفتی زاده

گۆڤاری په‌یام





* * * * * * * * * * * * * * * * * * * *

Saturday, June 25, 2005

هیچ ڕۆژێ به قه‌د ئه‌مڕۆ دڵم نه‌گیراوه. ئه‌مڕۆ کوڕه‌ گه‌نجه‌کانی کۆڵانه‌کانی خۆمانم که‌وته‌وه بیر. ئه‌و کوڕانه‌ی شه‌هید بوون، بریندار کران، گیران و ئیعدام کران. گریام بۆ پوره فاتمم، کچێکی به‌ر ده‌سڕێژ که‌وت و دوو کوڕی شه‌هید کران. گریام بۆ کاک که‌مال که مه‌یته‌که‌ی هاته‌وه، گێڕایانه‌وه نینۆکه‌کانی هه‌ڵکێشرابوون، چاوی ده‌ر‌هێنرابوو. گریام بۆ ئه‌نفال بووه‌کان، بۆ مناڵه بێکه‌سه‌کانمان، بۆ ئاواره‌یی و ده‌ربه‌ده‌ری خۆمان...

ئێمه بۆ کورد و بۆ کوردستان خه‌باتمان کرد. ئێمه هیچ هه‌قمان به عراقه‌وه نه‌بوو. عراق بۆ ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه‌‌ی ئێمه ڕه‌شی نه‌پۆشی. ئێمه له‌به‌ر کورد بوونمان وامان به‌سه‌ر هات و به‌سه‌رمان دێ... نه‌ک له‌به‌ر عراقی بوونمان.

کوڕه‌کانی پوره فاتم ، کاک که‌مال و چه‌ندین شه‌هید و گومناوی تر ئه‌ندامی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان بوون. بۆ کوردستان گیانیان فیدا کرد. ئێستا مام جه‌لال له ڕۆژنامه‌یه‌کی تورکی ئه‌ڵێ: \"له‌و 58 ساڵه‌ی ته‌مه‌نمدا كه‌ خه‌باتم كردووه‌، سه‌ره‌تا بۆ عێراقێكی دیموكرات و ئازاد و دواتر بۆ مافه‌كانی كورد خه‌باتم كردووه‌\"

شه‌مسه خان وته‌نی:\" خۆ و به خۆ و بی\". ئه‌گه‌ر خۆت خڕه‌فاوی و سه‌رککۆمار بوون چاوه‌کانی کوێر کردووی، چۆن له ڕووت هات ئه‌و قسه‌یه بکه‌ی؟

ئه‌مڕۆ گریام. گریام بۆ ئه‌و هه‌موو خوێنه. گریام بۆ ئه‌و هه‌موو وزه و هێزه لاوانه، گریام بۆ ئه‌و کڵاوه گه‌وره‌یه که ڕۆژانه ئه‌چێته سه‌رمان...

گریام بۆ خۆم و خۆت. بۆ ته‌مه‌نی گه‌نجی به با چوو، بۆ ئاواره‌ییمان، بۆ برینداری تۆ...

ئه‌ڵێن گوایه سیاسیه‌کی ئێرانی وابزانم خامه‌نی جارێکیان به مام جه‌لالی وتوه: جه‌لالی تاڵه‌بانی قه‌حبه‌یه‌کی سیاسییه‌...





* * * * * * * * * * * * * * * * * * * *

Friday, June 24, 2005

ڕۆژێکی هاوینه‌ی خۆشه. یان خۆش بوو. سه‌عات 11 ی شه‌وه به‌ڵام ده‌ره‌وه هێشتا ڕووناکه. چه‌ند ڕۆژێکه له سه‌فه‌ر هاتووینه‌ته‌وه و هێشتا هه‌ر له جه‌وی سه‌فه‌ردا ئه‌ژیم و ته‌مه‌ڵی به‌رینه‌داوم.


* * * * * * * * * * * * * * * * * * * *

Sunday, June 12, 2005

ئه‌مانه‌ش وێبڵاگه به‌رده‌وامه‌کان
1. ئاراس هێشتاش هه‌ر ئێمه و خۆی به چاوه‌ڕاونی هێشتۆته‌وه!
2.ئاڵه‌کۆک ئه‌مه‌ش کیلک بکه‌ی لاپه‌ڕه‌یه‌کی فارسی دێت و من هه‌ر له سفحه تێگه‌یشتم.وا بزانم لاپه‌ڕه‌که‌ نه‌ماوه
3.ئه‌مینۆ ئه‌م لاپه‌ڕه‌ش ون بووه. هه‌ر که‌س دۆزیه‌وه خوا خێری بنووسێت.
4.باوکی میرۆش به ده‌رده‌که‌ی ئه‌مینۆ چووه
5.بارانیش له یه‌کی مایه‌وه تازه نه‌کراوه‌ته‌وه. ئه‌ترسم له‌و شه‌ڕه‌ به‌رده‌ی لای ئه‌وان تووشی شتێک بووبێت.
6.په‌یڤ، له یه‌کی دیسه‌مبه‌ری 2004ه‌وه تازه نه‌کراوه‌ته‌وه وه. مام جه‌لال بوو به سه‌رۆک و مه‌سعودیش بوو به سه‌رۆک، بۆ ئه‌مه‌یان چی ئه‌ڵی؟
7.چه‌کۆ، ون بووه و ئه‌مجاره جگه له وشه‌ی سفحه خه‌تاش فێر بووم. بچمه ئه‌م لاپه‌ڕانه ورده ورده فارسی فێر ئه‌بم.
8.خۆزگه ش له ون بووه‌کانه.
9. ئیتر به‌سه تاقه‌تم نه‌ما. خۆ که‌س به‌رده‌وام نی‌یه. هه‌ر ێین کلیک ئه‌که‌ین و هیچ. گوڵه‌گه‌نم خان به ساقه‌ی ئه‌و ناوه خۆشه‌ت بم له به‌رده‌وامییان بخه تا ئه‌و کاته‌ی ێنه‌وه.
10. زۆر سوپاسی ته‌وار خان و کانیاو ئه‌که‌م که پینگیان فێر کردم.
11.


* * * * * * * * * * * * * * * * * * * *

به بێ هیچ ته‌فسیرێک، ئه‌مڕۆ که شاری که‌رکوکی له تیڤی کوردییه‌کانه‌وه پیشان دا، به‌و هه‌موو ئاڵای کوردستانه‌وه به‌و هه‌موو کوردانه‌وه- خاوه‌نه ئه‌سڵییه‌کانی که‌رکوک- زۆر دڵم خۆش بوو. وتم به‌ بێ هیچ ته‌فسیرێک و زۆرتر قووڵ بوونه‌وه، بیرم له تورکمان و عه‌ره‌به هاورده‌کان کرده‌وه چۆن به بینینی ئاڵای کوردستان دڵیان شه‌ق ئه‌بات.. بۆ ساتێکی کورت هه‌موو که‌م و کوڕییه‌کانی حکومه‌ته‌کانی کوردستان که به‌ڕاستی هیوادارم ببێته یه‌ک حوکمه‌ت، له بیر چووه‌وه.



* * * * * * * * * * * * * * * * * * * *

Friday, June 10, 2005

چه‌ند هه‌واڵێکی شاهانه:



1. زیاد ئه‌سعه‌د مه‌لیکی گۆرانی کوردی

2. له‌یلای فه‌ریقی سه‌ندریلای گۆرانی کوردی

3. ڕه‌سوڵ گه‌ردی بولبولی گۆرانی کوردی

4. گۆرانی بێژی کورد باڵنده‌ی گۆرانی جیهانی1



1، له سه‌ر گردێک گۆرانی ئه‌ڵێن و باڵیان فش ئه‌که‌نه‌وه



ئه‌م هه‌واڵه‌ش له‌لایه‌ن ئالانه‌وه زیاد کرا:

کاکه، سڤێنیس هه‌رچی کرد کردی به‌ڵام خۆش بوو نه‌هات بۆ سوید و بۆ قه‌سری شای سوید بۆ وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی ڕۆژی نه‌ته‌وه‌یی سوید. سه‌فه‌ری جنوبی ئه‌فریقای پێ خۆشتر بوو له هاتن بۆ لای شا.



ئالانیش هه‌ر ده‌می کرده‌وه کاکه‌یه‌کی بۆ ئه‌ڵێ و ئینجا قسه‌کانی ئه‌کا. من به کاکه‌کانی تووڕه ئه‌بم و پێێ ئه‌ڵێم ئاخر ڕۆڵه گیان کاکه بۆ من ناوترێ ژنێکی خان ومان و کاکه‌یان نه‌وتووه به ساقه‌ی لوتت بم...

ئالانیش به بیستنی وشه‌ی لوت ئه‌چێ به ئاسمانا. به هیچ شتێک به قه‌د ناوبردنی لووت توڕه‌نابێ.

قسه‌ی خۆمان بێ کاکم لووتێکی مه‌لیکی هه‌یه. سبه‌ی ئه‌گه‌ر کوڕه‌که‌م بوو به شتێک ئه‌وه پێێ ده‌ڵێن

ئالان مه‌لیک لووتی کوردی.


* * * * * * * * * * * * * * * * * * * *

Wednesday, June 08, 2005

توخوا لێم مه‌گرن با منیش باسێکی په‌یامنێر بکه‌م. له سه‌ره‌وه دێڕی هه‌واڵه‌کان به په‌له په‌ل به دوای یه‌کدا دێن. هه‌ر ئێستا چووم ته‌ماشام کرد. ئه‌م هه‌واڵه زۆر گرنگه به په‌له‌ ئه‌‌هات و له به‌رده‌م چاو ون ئه‌بوو: ته‌ندروستی هونه‌رمه‌ندی میسری سه‌عید ساڵح خراپه...

هه‌ر چه‌نده 41 ساڵم و دایکی سێ مناڵ و عه‌یبه قسه‌ی ناشرین بکه‌م. به‌ڵام هه‌روه‌کو لانه ئه‌ڵێ:

Who the fuck is Said Saleh?


* * * * * * * * * * * * * * * * * * * *

حه‌فته‌‌که‌ی تر پشووی منیش ده‌ست پێ ئه‌كات. هه‌وره هه‌ور نی‌یه قیروسیا. گوێشی ناده‌مێ. به خۆم و ماڵ و مناڵ سه‌فه‌ر ئه‌که‌ین بۆ شوێنێکی گه‌رم و پڕ له خۆر و هیوادارم خۆشی.


* * * * * * * * * * * * * * * * * * * *

Saturday, June 04, 2005

ئه‌مڕۆ کاتژمێر 11.30 ده‌قیقه په‌رله‌مانی کوردستان کۆ بوونه‌وه.

باش بوو ئه‌مجاره‌ش نه‌یانکرده شه‌ڕ و ده‌ردی دایکم ئه‌یووت له کلکی گه‌ڕایه‌وه. به‌و خوایه ئه‌و مه‌سعود و جه‌لاله زۆر خۆشن. ئه‌ڵێی مناڵی بچکۆله‌ن، پێ ده‌خشێننه سه‌ر ئه‌و عه‌رزه و ئه‌یکه‌نه زیڕه و گریان و هه‌نسک هه‌نسک ئه‌یانگرێت بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌یان شتێکی هه‌بوو ئه‌وی تریش ئه‌یه‌وێ. خوا ماڵێ کۆندیرا ڕایس ئاوه‌دان کات گوێچکه‌یانی ڕاکێشا و عاقڵی کردن بۆ باوکیان.



پیرۆز بیت به‌شکم ئه‌مجاره له سه‌ر مه‌ساسه و مۆته نه‌که‌ونه لوشمه لوشم و لێگه‌ڕێن ئه‌ندامانی هه‌لبژێراوی گه‌ل(!!!!!!!!!) ئیشی خۆیان بکه‌ن.



باوک ئه‌ڵێ: ئای که‌ نایکه‌ن:_(



* * * * * * * * * * * * * * * * * * * *

Wednesday, June 01, 2005

لانه له شاره‌که‌ی خۆی ئیشی هاوینه‌ی ده‌ست که‌وتووه. هه‌ر حه‌فته‌یه‌ک لێره‌ ئه‌بێ.

ئه‌م هاوینه‌ش له‌وه ئه‌چێ سه‌وزه و گوڵه‌کانم به دڵی من نه‌بن. هه‌واکه‌ی سارد و بارانی یه.

ئه‌م هاوینه سه‌فه‌ر ئه‌که‌ین، ئه‌مجاره به بێ لانه. لانه له هێلانه‌که‌ی جیا بۆته‌وه و هێشتا سه‌رسامم له‌وه‌ی هه‌موو هاوینه‌که ته‌نیا حه‌فته‌یه‌ک له لامان ئه‌بێ.

لانه گه‌وره بوو، چه‌ند زوو...


* * * * * * * * * * * * * * * * * * * *