--> ::هه‌رێمی هیچ ::

هه‌رێمی هیچ

Wednesday, March 30, 2005

به‌فر توایه‌وه. من له پۆتینه‌کانم ڕزگارم ئه‌بێ و پۆتینه‌کانم له پێکانم. دنیا که‌مێک گه‌رمتر بووه و هیوادارم ئیتر کڵاو و شاڵ و ده‌ستکێش و گۆره‌وی ئه‌ستوور بخرێته لاوه. هه‌رچه‌ند من زۆر له زستان بێزار نیم ئه‌وه‌نده‌ی له هاوینێکی سارد و ئاوس به باران بێزارم. زستان، زستانه و ئه‌زانی که ئه‌بێ سارد بێ. بزانین ئه‌م هاوینه چۆن ئه‌بێ. جارێ به‌هار دواکه‌وت...
پشوی پۆسکێکی خۆشمان تێپه‌ڕاند. خۆم و پیاو مناڵ چووین بۆ لای لانه. ئه‌مه پیلانی من و لانه بوو. ئالان و دیلان زۆریان پێخۆش بوو. قه‌ت شاره‌که‌ی لانه‌یان نه‌بینیبوو. له‌وێ هێشتا به‌فری لێ ماوه.
ده‌مێک بوو سه‌فه‌ری هێج کوێم نه‌کردبوو. گۆڕانێکی باش بوو. ئالان ئه‌یوت نه‌ئه‌بوایه بابه و دیلان بێن. خۆ ئه‌وان هاوین گه‌ڕانه‌وه کوردستان. به درێژی ڕێگاکه موناقه‌شه‌ی ئه‌و دووانه بوون. تا ئاخری لانه به‌ڵێنی به ئالان دا هاوین پێکه‌وه سه‌فه‌ر بکه‌ن. نه دایه و نه دیلان و نه بابه‌ش، که‌سیان له‌گه‌ڵ نه‌بێ.

ئه‌مه له ماڵه‌وه و له ده‌ره‌وه‌یش لوبنان و قه‌رقیزستان هه‌ر به موزاهه‌ره‌ و چه‌پڵه حوکمه‌ت لا ئه‌به‌ن و حوکمه‌ت دائه‌نێن. خوایه ئه‌م به‌ڵایه هه‌موو وڵاتانی ڕۆژ هه‌ڵاتی ناوڕاست بگرێته‌وه و ئیتر شه‌ڕ له هیچ کوێ نه‌بێت. تۆ بڵێی ڕۆژێک بێت ده‌نگی چه‌پڵه له ده‌نگی تۆپ به‌هێزتر بێت و ته‌ئسیری زۆرتر؟


* * * * * * * * * * * * * * * * * * * *

Wednesday, March 23, 2005


له‌ هیندستانه‌وه‌ (300) كرێكاری هیندیمان بۆ هات
[14:00 , 23 Mar 2005]
Peyamner- ئه‌مڕۆ پێشنیوه‌ڕۆ نزیكه‌ی 300 كرێكاری هیندی له‌ هیندستانه‌وه‌ بۆ كاركردن له‌ پرۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كانی كوردستان به‌ فڕۆكه‌یه‌ك گه‌یشتنه‌ فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی هه‌ولێر.به‌ پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی ده‌ست په‌یامنێر كه‌وتوون, ئه‌و ژماره‌ كرێكاره‌ هیندییه‌, به‌شێكن له‌ ژماره‌یه‌كی زۆری كرێكار كه‌ له‌ هیندستان و وڵاتانی باشوری رۆژهه‌ڵاتی ئاسیاوه‌ دێنه‌‌ كوردستان.ئه‌و كرێكاره‌ هیندیانه‌ بۆ كۆمپانیای (شه‌رقولئه‌وسه‌ت) كار ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌ركی دروستكرنی بازاڕی هاوچه‌رخی هه‌ولێری وه‌ئه‌ستۆ گرتووه‌.شایه‌نی باسه‌ كه‌وا هه‌ڵمه‌تێكی یه‌كجار گه‌وره‌ی ئاوه‌دانی و بنیادنان له‌كوردستان له‌گۆڕێیه‌ و خه‌ڵكی كوردیش كه‌متر ئاماده‌ن خۆیان له‌قه‌ره‌ی كاری كرێكاری بده‌ن و ئه‌وه‌ش بووه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ پێویست بكات له‌ده‌ره‌وه‌ڕا خه‌ڵك بهێندرێته‌ كوردستان. ئێستا له‌ به‌شێكی زۆری هه‌رێمی عاره‌بیی عێراقه‌وه‌ رۆژانه‌ ده‌یان كه‌س به‌ مه‌به‌ستی كاركردن روو ده‌كه‌نه‌ كوردستان و چاوه‌ڕێ ده‌كرێ له‌گه‌ڵ هاتنی وه‌رزی به‌هار و هاوین كه‌ واده‌ی كاركردنه‌ له‌ پرۆژه‌ خزموتگوزارییه‌كاندا
رێژه‌ی كرێكارانی بیانی له‌ كوردستان به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو به‌رز بێته‌وه
که‌مێک شکم له‌م هه‌واڵه هه‌یه. ئایا له کوردستان بێ ئیشی 0%ه؟ ئه‌گه‌ر وایه و وڵات بۆته کوێت ئه‌وه قسه‌یه‌کم نییه. به‌ڵام هه‌ر دوای ئه‌و هه‌واڵه هاتووه که خه‌ڵک کچ و کوڕییان له مه‌کته‌ب ده‌رده‌که‌ن بۆ ئیش کردن و شوانی و گاوانی که له‌گه‌ڵ هه‌واڵی سه‌ره‌وه یه‌ک ناگرنه‌وه. ئه‌ڵێن گوایه کورد زۆر مه‌غرورن و ئاماده نین کرێکاری بکه‌ن!!! ئه‌مه‌شم پێ ڕاست نییه، ئه‌گه‌ر وایه ئه‌ی ئه‌و هه‌موو کورده‌ی له هه‌نده‌رانین بۆ ئاماده‌ین هه‌موو ئیشیک بکه‌ین. بۆ ئه‌بێ ئیش کردن عه‌یب بێت؟ ئه‌ویش بگات به‌وه‌ی که وڵاته‌که‌ی خۆت ئاوه‌دان بکه‌یته‌وه. ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌م بۆ حه‌ل ناکرێت. هیوادارم که مه‌سه‌له ئه‌وه بێت که بیکاری له سه‌ددا سفره و بۆیه خه‌ڵک له‌ وڵاتانی تره‌وه دێن بۆ ئیش کردن،.


* * * * * * * * * * * * * * * * * * * *

دیسان پشووی خۆم و مناڵ و له‌رزم لێ هاتووه. سه‌ری ساڵ و نه‌ورۆز له ماڵه‌وه بووین. بۆ ئه‌مه‌یان ده‌ربازم نابێت ده‌ست بگرم به فه‌له‌که‌وه. هه‌موو ڕۆژێک ئالان دێته‌وه، ئالان موشکیله‌ی گه‌وره‌مه‌، یه‌کسه‌ر سه‌لاجه‌که ئه‌کاته‌وه بزانێت سێ، چوار سێت هێلکه‌م کڕیوه یان نه‌مکڕیوه. ته‌جروبه‌ی کردووه ئه‌گه‌ر سه‌لاجه پڕ له هێلکه بێت که‌واته له ماڵه‌وه ئه‌مێنینه‌وه. سه‌لاجه‌که‌مان هێلکه‌ فرییه. ئالان دڵنیا بووه له ماڵه‌وه نامێنینه‌وه و فزه‌ی نایه‌. له خوته و بۆڵه‌ی ڕزگارم بووه. دیلان وه‌کو هه‌میشه میهره‌بان و هێمنه و ڕازی به‌ڵام ئه‌ویش ده‌رکی کردووه که من و باوکیان شتێکمان به ده‌سته‌وه‌یه. دوو سێ جار هاته کۆشمه‌وه و ماچی کردم و قاپه‌کانی له‌گه‌ڵ شتم به‌ڵكو شتێکی ده‌ست که‌وێ. تا ئێستا خۆ راگر بووم و هیچم نه‌درکاندووه. هه‌وا خۆش بووه. که‌واته ئه‌م پشووه خراپ نابێت. دایه تووڕه نی‌یه و بابه‌ش که‌وتۆته‌وه فیکه لێدان.


* * * * * * * * * * * * * * * * * * * *

Sunday, March 20, 2005

نه‌ورۆزتان پیرۆز،

بیرتان ئه‌که‌م. هی هه‌مووتان. بیرم ئه‌که‌ن. هه‌ر هه‌مووتان. نه‌ورۆزتان پیرۆز، من و ئێوه‌ش ڕادێین. که‌‌ی؟ نازانم. له‌وانه‌یه 20 ساڵی تری بووێت... به‌ڵام ڕادێین.







* * * * * * * * * * * * * * * * * * * *

Friday, March 18, 2005

به‌هارێکی خۆش. خۆره‌تاوێکه سه‌ری که‌چه‌ڵ ئه‌سوتێنێ. ده‌ر و ده‌شت به گوڵ و گوڵزار خۆی خه‌مڵاندووه. په‌نجه‌ره‌کان کراونه‌ته‌وه و شنه‌ی شه‌ماڵ ژووره‌کانی فێنک کردۆته‌وه. به پێخاوسی به سه‌ر ئه‌و نه‌رمه گیایه‌دا ئه‌ڕۆم. به‌فر نابارێ، کڕێوه ناکا، ئاسمان ساف و بێ له‌که‌یه و پله‌ی گه‌رما له سه‌ره‌وه‌ی 20 ه.

خۆ خه‌ڵه‌تاندن وا نه‌بێ بۆچی باشه...



* * * * * * * * * * * * * * * * * * * *

Tuesday, March 15, 2005

له ڕاستێشدا کێ تاوانبار بوو؟ ئایا هه‌ڵه‌بجه وه‌ره‌قه‌یه‌کی سیاسی بوو؟ له‌وانه‌یه پرسیاری کێ تاوانبار بوو، پرسیارێکی باش نه‌بێ له‌م کاته‌دا. کێ تاوانبار بوو؟ ئاشکرایه سه‌دام حسێن، عه‌لی کیمیاوی و ڕژێمی به‌عس به گشتی. کێی تریش؟ هه‌موو ئه‌و وڵاته‌ عه‌ره‌بییانه‌ی ئه‌و کاره‌ساته‌یان دی و هیچیان نه‌ووت. هیند و چین و ئه‌مریکا و سوید و هه‌موو ئه‌و وڵاته نا عه‌ره‌بانه‌ی که یارمه‌تی چه‌کیان دا به ڕژێمی به‌عس و دانیی و قه‌ڵه‌ویان کرد. ئێران که تاقه ڕێگه‌ی ده‌رباز بوونی له شه‌ڕه‌که هێرش کردنه سه‌ر هه‌ڵه‌بجه و له‌وێشه‌وه ته‌قاندنه‌وه‌ی به‌نداوی ده‌ربه‌نیخان و خوا ئه‌زانی چی تر. کورده‌کان که هاوکاری ئێران و عیراقیان دا و بوونه که‌وا سووری به‌ر له‌شکر. کورده‌که، ئاخ کورده‌که.

کێ بێتاوان بوو؟ هه‌موو هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌کان که سه‌وزی به‌هاریان لێبوو به زه‌ردی خه‌زان. هه‌موو ژن و مناڵ و پیاو و پیریان که ده‌مه‌و نیوه‌ڕۆیه‌ک چوونه خه‌وێکی هه‌تاهه‌تاییه‌وه و هه‌رگیز ڕا نابنه‌وه له‌و خه‌وه ترسناکه بۆن خۆشه.


* * * * * * * * * * * * * * * * * * * *

Monday, March 14, 2005

حه‌یفم له دڵێ دێ که به‌بێ سوتمانه

دڵداری تیا نه‌کردوه هێلانه

هه‌ر ڕۆژێ که بێ دڵبه‌ر و بێ دڵداری

بێ نرخه پڕ و پوچه زیانی ژیانه



خه‌یام



له لامی، گیان په‌پولێکه له ڕوتا

ئه‌گه‌ر لێم دوور ده‌بی دڵ دێ به دوتا

له نێزیکی و له دووریت خاکه‌سارم

ئیتر یا دڵ نیه یان گیانه سوتا



\"بابا\" هه‌ژاری موکریانی





* * * * * * * * * * * * * * * * * * * *

Saturday, March 12, 2005

دیلان تووند له باوه‌ش ئه‌گرم. له پڕ بیرم ئه‌که‌وێته‌وه که ئه‌و ئیتر 4 ساڵان نییه‌ و خه‌ریکه ئه‌بێته 9 ساڵ. کوڕه‌که‌م گه‌وره بووه. قسه‌ی زل زل ئه‌كات . بۆنی قژه‌ نه‌رمه‌که‌ی ئه‌که‌م و تووندتر له باوه‌شی ئه‌که‌م. خۆی ڕائه‌پسکێنی و بۆی ده‌رئه‌چێ. دڵم ئه‌شکێ. دیلان ئیتر بچووک نی‌یه تا له باوه‌شی مندا ئارام بێته‌وه.
ئالان چاوێکم لێدائه‌گرێ، ها دایه، ئه‌وه بۆ عاجزی؟

- هیچ، دیلان ئیتر تاقه‌تی باوه‌شی منی نی‌یه.

_ هه‌ر ئه‌وه‌یه؟

له پڕ درێژ درێژ دێته باوه‌شم و هه‌ر دوو قاچی به‌ سه‌ر سۆفاکه‌دا درێژ ئه‌بێته‌وه.

دیلان به‌ په‌له دێته‌وه و ئه‌ڵێ هێی ئه‌وه بۆ له‌ باوه‌شی دایه‌ی؟ مه‌گه‌ر به منت نه‌وتبوو ئیتر وا مه‌که‌ عه‌یبه گه‌وره بووی!!!!

مه‌علوم کوڕه‌که‌م گه‌وره بووه و ڕێنوێنی له کاکییه‌وه وه‌رئه‌گرێ.


* * * * * * * * * * * * * * * * * * * *

Tuesday, March 08, 2005

نا نا ڕۆژی ژنیش ئه‌وه‌نه خراپ نه‌بوو. بۆ ڕۆژێکیش بێت ده‌ر و مناڵ( ده‌ر مه‌به‌ستم له پیاوه‌که‌مه چونکه من ماڵ و مناڵی ئه‌وم، ئه‌بێ ئه‌و ده‌ر و مناڵی من بێ) که‌مێک خۆیان عه‌زیه‌ت دا و که‌مێک نازیان کێشام. ئه‌وه‌ی که قازانجی کرد پێم و جووته پۆتینه‌کانم بوون. دوایی هه‌شت سه‌عات ئیش و سه‌عاتێکیش ڕێگه‌ی ئه‌مسه‌ر و ئه‌وسه‌ر هاتمه‌وه ماڵه‌وه، ده‌ره‌وه‌مان قاپی به‌یانی شت بوو. هه‌ر که هاتمه‌وه ته‌له‌فۆنی هه‌‌ڵگرت و داوای پیتزای کرد. ته‌ماشای ئه‌م لاو ئه‌و لام کرد دیم مناڵ له‌ ماڵه‌وه نین. ئه‌وه کوڕه‌کان له کوێن؟ له ده‌ره‌وه‌ن چوون بۆ سینه‌ما. ئاها!!!! وتی دیلان دیارییه‌کی هه‌بوو بۆت. ده‌ستمی گرت و ته‌ماشام کرد جووته پۆتینه‌کانی بۆ بۆیاغ کردووم. به قوربانی بم. ئالانیش ژووره‌که‌ی خۆی و حه‌مامه‌که‌ی پاک کردبۆوه. وتی ئه‌وه‌ش دیاری ئالان. وتم: ئای توتکه سه‌گ جا ئه‌وه که‌ی دیارییه؟ ده‌ره‌وه‌مان ناو چاوی تێکناو وتی: ده هیچ که‌واته دیارییه‌که‌ی منیشت پێ هیچه؟ وتم: جله‌کانت شتوه؟ وتی: نه‌ء. ماڵت گه‌سک داوه؟ وتی: نه‌ح، کچی منیش تۆزێ پێش تۆ هاتمه‌وه له کوێڕا فریا بکه‌وم. ئه‌ی ئه‌وه نه‌بوو پیتزام بۆ داواکردی. ئه‌وه دیارییه‌که بوو. مناڵه‌کانیشم لێت دوور خستۆته‌وه بۆ خۆت ئیسراحه‌ت بکه!

پاش پیتزا خواردن و که‌مێک ئیسراحه‌ت وتی خۆ باسی مانگرتن و شتت لای هاوکاره‌کانت نه‌کرد. پێم سه‌یر بوو پرسیم بۆ؟ وتی: چوزانم نه‌وه‌ک ده‌رت که‌ن. وتم: حه‌ی حه‌ی، وه‌ڵا جوانه جا ئه‌گه‌ر له ده‌رکردن بترسین هیچمان پێ ناکرێت. وتی: ده تۆ جارێ مان مه‌گره با گودرون شیمان حیزبه‌که‌ی دامه‌زرێنێ و تۆیش ببه ئه‌ندام ئه‌و کات خه‌‌ریکی شۆڕش به.

ده ته‌ماشا که جه‌نابی شۆڕشی کرد و بوو به پێشمه‌رگه نه‌موت خۆ ئه‌تگرن و مناڵه‌کانم هه‌تیو ئه‌بن. بێ یه‌ک و دوو شوێنی که‌وتم. من له خه‌یاڵی خۆشما بۆم نی‌یه مان بگرم چونکه ترسی ده‌رکردنم هه‌یه. ئه‌مه‌ش له پشتیوانی ده‌ره‌وه له‌ ماڵه‌وه.

دیارییه‌که‌ی دیلان به‌راستی دیاری بوو.



* * * * * * * * * * * * * * * * * * * *

Monday, March 07, 2005

به‌یانی ڕۆژی ژنه‌، وتم هیچ ناکه‌م و ئه‌بێ لای که‌می له ماڵیشه‌وه بێ که‌مێک خزمه‌تم بکه‌ن. سبه‌ی وه‌کو هه‌موو ڕۆژێکی تر به‌یانی زووتر له هه‌مووان هه‌ڵئه‌ستم و نان و چای به‌یانی بۆ مناڵ و مێرد حازر ئه‌که‌م. وه‌کو هه‌موو ڕۆژێک ئیشه‌کان ئه‌که‌م و وه‌کو هه‌موو سه‌ری مانگێک مه‌عاشی من له مێرده‌که‌م و پیاوه‌کانی که له‌گه‌ڵما ئیش ئه‌که‌ن که‌متره. باشه چی ئه‌بێ ئه‌گه‌ر ته‌نیا یه‌ک ڕۆژ، تاقه ڕۆژێک هه‌موو ژنه‌کان نه‌چنه سه‌ر ئیش و مانبگرن، ئه‌و کات حاڵ و وه‌زعی حوکمه‌ت چی لێ‌دێ؟ خه‌سته‌خانه و مه‌کته‌ب و باخچه‌ی مناڵان یه‌کسه‌ر ڕائه‌وه‌ستێ. ئه‌زانم که ئیشه نزمه‌کان که مه‌عاشی نزم و زه‌حمه‌تی زۆره هی ژنه. مه‌به‌ستم ئه‌و ئیشانه‌ی که په‌یوه‌ندی به خزمه‌ته کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانه‌وه هه‌یه. ئه‌گه‌ر ڕۆژێک تاقه ڕۆژێک واز له ئیش کردن بێنین، تۆ بڵیی شته‌کان نه‌گۆڕێت؟

دیلان هات وتی: دایه سبه‌ی ڕۆژی ژنه؟ وتم:ئا. وتی: باشه ئه‌بێ دیاریت بۆ بکڕم؟ وتم: نا. وتی: ئاخر تۆ خۆ بۆ ڕۆژی مناڵ هیچت بۆ نه‌کڕیم!!!!!

مناڵی ئه‌م ده‌ورو زه‌مانه.



* * * * * * * * * * * * * * * * * * * *