--> ::هه‌رێمی هیچ ::

هه‌رێمی هیچ

Monday, August 30, 2004

حه‌سه‌نه فه‌نیش له‌وه ئه‌چێ ته‌واو بووبێ. ئاگام له ئاخرین به‌شی نه‌بوو. به ڕۆژ له ماڵ نیم  و شه‌ویش دره‌‌گانێك پیشانی ئه‌دا.
كه ته‌ماشای ئه‌و زنجیره ته‌له‌ڤیزۆنانه‌ ئه‌كه‌م ئینجا بۆم ده‌رئه‌كه‌وێ ئه‌یهو چه‌نه له مێژه دوورم، چه‌نه شتی ئه‌وێم له بیر چۆته‌وه و چۆن بوومه‌ته هه‌ویرێكی سه‌یر و سه‌مه‌ره. شێوه‌ی قسه‌ كردنی خه‌ڵك له‌گه‌ڵ یه‌ک، پیاو له‌گه‌ڵ ژن ، گه‌وره له‌گه‌ڵ مناڵ.
زنجیره‌كه‌ی حه‌سه‌نه فه‌نی دوو مناڵی تێا بوو. مناڵه‌كان وه‌كو گه‌وره وا بوون یان دوو مناڵی یه‌كجار ساویلكه كه زوو قه‌ناعه‌تیان به قسه‌ی گه‌وره‌کان ئه‌كرد. مناڵه‌كان له‌وه ئه‌چوو بزانن كه دنیای گه‌وره‌كان دنیایه‌كی ئاڵۆز و پڕ له‌ شه‌ڕ و ناخۆشی و ئاژاوه‌یه. بۆیه ئه‌وان بۆ خۆیان نووسابوون به یاری و كه‌مپیوته‌ره‌كانیانه‌وه و خۆیان به گه‌وره‌كانه‌وه مه‌شغوڵ نه‌ئه‌كرد.  یان له‌وانه‌یه زۆریش مه‌راقی پرسیاركردن بووبێتن به‌ڵام چونكه هه‌موو جارێك وه‌ڵامی پرسیارێكی " لای دایك و باوك نابه‌جێ" به گوێ ڕاكێشانێك یان تۆ هه‌قو چییه؟ یان ووس به ئه‌درایه‌وه ئه‌وانیش وازیان هێنا بێت.
شتێكی تر كه هه‌موومان زۆر تا كه‌م ئه‌یكه‌ین جنێو و بۆڵه و خوته‌ی هاوسه‌ره‌كانمانه لای مناڵه‌كان. ئه‌وه‌ش له‌و زنجیره‌یا زۆر بوو.  بۆ نمونه ئه‌درێ له‌ ده‌رگای یه‌كێك له ماڵه‌كان له كاتێكا كه ژن و پیاوی ماڵ پێكه‌وه ده‌مه‌قاڵه‌یانه ژنه هاوار ئه‌كاته یه‌كێك له مناڵه‌كانی و به توڕه‌ییه‌وه ئه‌ڵێ ئه‌وه بۆ ده‌رگاكه ناكه‌یته‌وه خۆ كه‌ڕ نه‌بووی. زوو بیكه‌ره‌وه نازانم ئه‌و باوكه شێته‌ت بۆ وا ئه‌كا و كۆمه‌ڵێ شتی تر.


* * * * * * * * * * * * * * * * * * * *

Friday, August 27, 2004

پانزه ساڵه به‌و ڕێگه‌یه‌دا ئه‌رۆم. پانزه ساڵه سواری پاس، قه‌تار و پاس قه‌تار ئه‌بم بۆ خوێندن یان ئیش كردن. پانزه ساڵه و له‌م پانزه ساڵه‌دا فێری زمان بووم، خوێندم ئیشم كرد و دوو مناڵم هێنایه دونیا. پانزه به‌هار و زستان و پاییز و هاوینم به‌ڕێكرد. پانزه ساڵه سه‌رما و باران و خۆری ئه‌م وڵاته لێمئه‌دا و پانزه ساڵه و هێشتاش هه‌موو به‌یانیانێك كه ئه‌چمه ئیش و له‌‌ناو قه‌ره‌باڵغی خه‌ڵكدا هه‌نگاوه‌كانم هه‌ڵدێنم بۆ گه‌یشتن به پاس و قه‌تار، هه‌ست ئه‌كه‌م هه‌نگاوه‌كانم سوك به‌رز ئه‌بنه‌وه و قورس ئه‌كه‌ونه‌وه سه‌ر عه‌رزه‌كه. هێشتایش هه‌نگاوه‌كانم به‌ ئێره‌وه خوویان نه‌گرتووه. 
 



* * * * * * * * * * * * * * * * * * * *

Wednesday, August 25, 2004











زارم وه‌كو هیلال و نه‌حیفم وه‌كو خه‌یاڵ!
ئایا ده‌كه‌ومه زار و به دڵدا ده‌كه‌م خوتور؟!
له‌م شه‌رحی ده‌ردی غوربه‌ته، له‌م سۆزی هیجره‌ته
دڵ ڕه‌نگه بێ به ئاو و به چاوا بكا عوبور (نالی)


* * * * * * * * * * * * * * * * * * * *

Sunday, August 22, 2004

خۆزگه ترسنۆك ئه‌بووم. خۆزگه شه‌وانه چرای هه‌موو ژووره‌كانم دائه‌گیرساند.خۆزگه سرته‌یه‌كم لێ ئه‌بووه هاوارێك گوێمی كه‌ڕ بكردایه‌ت. خۆزگه له ترسا خۆمم له ژێر لێفه‌كه‌م گرمۆڵه ئه‌كرد و تا به‌یانی نه‌موێرایه چاو لێك نێم. خۆزگه چی كورسی و مێز هه‌یه له‌ پشت ده‌رگاكه هه‌ڵپه‌ساردایه. خۆزگه چه‌قۆیه‌كه‌م له ته‌نیشتم دانایه، خۆزگه له ترسا ته‌له‌فۆنه‌كه‌م به‌ ده‌سته‌وه بووایه.

 خۆزگه ترسنۆك زۆر ترسنۆك بوومایه... له ته‌نیایی، له تاریكی... خۆزگه ئه‌وه‌نده ترسنۆك بووایه‌م كه په‌رده‌كانم لێبوایه به دامه‌نی كراسی خێوێك. سێبه‌ری په‌ل‌وپۆی داره‌كان به ده‌ستی و په‌نجه‌ی جادوگه‌رێكی ڕزیوو. خۆزگه له ترسا تا به‌یانی چۆقه‌ی ددانم بهاتایه. خۆزگه ترسنۆك ئه‌بووم. خۆزگه ده‌نگی دڵۆپه‌ی ئاوم لێ بوایه‌ته ده‌نكی كوتانی چه‌كوشێكی گه‌وره. خۆزگه ده‌نگی هاتوچۆی شنه بایه‌ك كه له‌ درزی په‌نجه‌ره‌كه‌وه دێته ژوورێ لێم بوایه‌ته سرته‌ی ڕوحی مردووه‌كان و هه‌ناسه سارده‌كانیان. خۆزگه له ده‌نگ، ڕه‌نگ و بۆنی شه‌و و ته‌نیایی ئه‌ترسام. خۆزگه ئه‌وه‌نده ترسنۆك بووایه‌م كه تۆ نه‌و‌ێری ئاوها به‌ هه‌موو متمانه‌یه‌ك و خاترجه‌مییه‌ك به‌جێم بێڵی...

خۆزگه زۆر زۆر ترسنۆك بووایه‌م.



* * * * * * * * * * * * * * * * * * * *

Saturday, August 21, 2004

  



* * * * * * * * * * * * * * * * * * * *

Thursday, August 19, 2004

گڵاسێك و دووان و سێیان و من ئیتر سه‌رخۆشم. فرمێسكه‌كانم ورده ورده ده‌ڕژێنه خوارێ.
فێری خواردنه‌وه نیم به‌ڵام به‌عزه جارێك سه‌یر گڕووی یه‌ك دوو گڵاس ده‌گرم. جگه‌ره‌كێش نیم و به‌عزه جارێك شێتی قومێك دوكه‌ڵ ئه‌بم.
ئه‌زانم هیچ ده‌ردێك چاره ناكات به‌ڵام كه‌مێك شتم له‌ بیر ئه‌باته‌وه با بۆ كاتێكی زۆر زۆر كورتیش بێت. فرمێسكه‌كانیشم قورسایی سه‌ر دڵم سووك ئه‌كاته‌وه. بوێرم بڵێم هیچی تیا ناهێڵێت، نه‌ ناوێرم. چونكه ئه‌و كاته فرمێسكێك نامێنێت.

ئه‌ڵێ چوار ساڵه ده‌ستم له ده‌ستی مێرده‌كه‌م نه‌داوه. ئه‌ڵێم قه‌ت پێت خۆش نییه باوه‌شێكی پیا بكه‌یت. ئه‌ڵێ نه‌ هیچ هه‌ستێكم نه‌ماوه بۆی. ئه‌ڵێ ناچمه لای ده‌رونناسی ئه‌م وڵاته دوای پێم ئه‌ڵێن له مێرده‌كه‌ت جیا به‌ره‌وه و منیش ناتوانم. ئه‌ڵێ خۆ من بۆ پیاو نه‌مردووم. مه‌سه‌له‌كه ئه‌وه نییه كه وازی لێناهێنم. ئه‌ڵێم هه‌وڵئه‌ده‌ی بۆ گه‌رمتركردنی په‌یوه‌ندیتان؟ ئه‌ڵێ ئه‌گه‌ر من ده‌ستپێبكه‌م دوای له‌وانه‌یه مێرده‌كه‌م بمداته به‌ر توانج  بڵێ تۆ حه‌زت له هینه.... تێئه‌گه‌ی ئه‌ڵێم چی؟
تێئه‌گه‌م ئه‌ڵێی چی.


* * * * * * * * * * * * * * * * * * * *

Wednesday, August 18, 2004

لانه‌م گه‌ڕایه‌وه بۆ شاره‌كه‌ی خۆی بۆ خوێندن. بیری ئه‌كه‌م. دیلان ئه‌ڵێ دایه خۆزگه من كچ بوومایه. بۆ كوڕم؟ ئاخر ناوت لێئه‌نام لانه‌ی دووه‌م. كه لانه لێره نه‌ئه‌بوو من ئه‌بووم به‌ ئه‌و. به دیقه‌ته‌وه ته‌ماشای ده‌موچاوم ئه‌كات و ئه‌ڵێ: دایه ئه‌گه‌ر لانه‌ی دووه‌م بم فێری برۆ چاك كردن ئه‌بووم. برۆت ئێستا زۆر ناشرینه.
باوكی ئه‌داته قاقای پێكه‌نین و دیلان به‌رز ئه‌كاته‌‌وه له‌گه‌ڵ خۆیدا ئه‌یبا. پاش تاوێك به خۆی  موكێشێكه‌وه دێته‌وه. وه‌ره پیره‌ژنه‌كه‌م با برۆت چاك كه‌م وا دیاره چاوت له كزی ئه‌دا.
دیلان دێته‌وه كه ئه‌بینێ باوكی برۆم چاك ئه‌كات! ماته‌م دایئه‌گرێت و ئه‌ڵێ: ئۆهۆۆۆۆ بابه بوو به لانه‌ی دووه‌م!



تێبینی: برۆمی خراپتر كرد.



* * * * * * * * * * * * * * * * * * * *

Sunday, August 15, 2004

حه‌فته‌كانی یه‌كه‌می ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی ئیش زۆر زوو ماندوو ئه‌بم و تا ئیش و ژیان ئه‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر ڕۆتینی خۆی ته‌واو بێتاقه‌تم ئه‌کات. سواری پاس بووم به‌ره‌و ماڵه‌وه بێمه‌وه دوو كه‌س له كورسیه‌كانی پێشوه‌ی من دانیشتبوون. یه‌كیان به‌وی تری ووت، ئه‌وه دایكی ئه‌و كچه‌یه كه دۆسته كوڕی هه‌یه، و به مل و برۆ ئیشاره‌ی بۆ من ئه‌كرد. ئه‌و دوو كه‌سه ماوه‌یه‌كه سڵاو ناكه‌ن و ناوی منیشیان له بیر چووه. ئێستا ناوی من له ده‌فته‌ر نفوسی ئه‌واندا " دایكی ئه‌و كچه‌ی دۆسته كوڕی هه‌یه‌" یه. خه‌ڵكێكی بێ ئیشن كه ئاگایان له ماڵ و حاڵی خۆیان نییه‌ و هه‌موو گیانیان بووه به گوێ و چاو بۆ هه‌ڵسوكه‌وتی خه‌ڵكی.
یه‌كه‌م جار كه لانه هاوڕێ كوڕه‌كه‌ی هێنا. له بیرمه پێش ئه‌وه چه‌نده ماندوو بووم. ماندوو بۆ ئه‌وه‌ی بۆ باوكی باسی كه‌م، بۆ ئه‌وه‌ی تێیگه‌یه‌نم و ڕازی بێت. ووتی باشه با بێت به‌لام با هه‌ر خۆمان بزانین... خــــــــــــ-ۆمان بزانین! دیسانه‌وه چه‌‌ندین سه‌عات دانیشتین و قسه‌مان كرد بۆ به‌س خۆمان بزانین؟ به چ مه‌نتقێك، له‌به‌ر كێ؟ چه‌ندین سه‌عات پڕ له گرژی و توڕه‌بوون و فرمێسك و نائومێد بوون. هه‌ردووكمان له خۆمان ئه‌پرسی ئه‌مه ئه‌و كه‌سه‌یه زیاتر له بیست ساڵه ئه‌یناسم و خۆشمئه‌وێ، ئاوها بیر ئه‌كاته‌وه؟ به‌ڵێن و قسه‌كانی خۆمانمان بیر یه‌كتر ئه‌خسته‌وه ده‌رباره‌ی په‌روه‌رده‌ی مناڵه‌كانمان. ئه‌و مناڵانه‌ی ئه‌و ده‌م هێشتا نه‌خوڵقابوون. بیرم ئه‌خسته‌وه.. بیرت دێ و بیرت دێ؟
پێمووت من ده‌ستت ماچ ناكه‌م و كڕنوشت بۆ نابه‌م چونكه ڕێگه ئه‌ده‌ی هاوڕێكه‌ی لانه بێت. ئه‌مه هه‌ر ئه‌بێ وا بێت، ناسروشتیه ئه‌گه‌ر وا نه‌بێ. ئه‌و‌نده‌مان وت و وت تا هه‌ردووك له‌و باسه ماندوو بووین. ئیتر ووزه‌مان تیا نه‌ما. من زانیم، له دڵه‌وه زانیم كه بۆ هه‌ردووكمان ئه‌مه هه‌نگاوێكی گه‌وره‌یه. نا لێتان ناشارمه‌وه، پێش ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ باوكی قسه‌ بكه‌م هه‌وڵمدا قه‌ناعه‌‌ت به خۆم بكه‌م. ئێمه هیچ نمونه‌یه‌كی ترمان نه‌بوو یان نییه ته‌ماشای كه‌ین. له وڵاتی ئێمه ئه‌م شتانه نییه. هه‌موو شت به دزی و پڕ له عه‌یبه‌یه. نه من و نه باوكیان ته‌جروبه‌مان نییه. نه‌مویست داری بێ ته‌جروبه‌یی ئێمه به‌ سه‌ر لانه‌دا بشكێته‌وه، باشتره بڵێم نه‌مانویست. ئێستاش نازانم چۆن ئه‌بێ...
هاوڕێ كوڕه‌كه‌ی لانه هات. هه‌ردوولا هه‌م ئه‌و و هه‌م من و باوكی لانه شڵه‌ژاو بووین و شه‌رمن بووین و لانه‌یش هه‌وڵیده‌دا خۆی نیگه‌ران پیشان نه‌دات. ئالان پێیوابوو كوڕێكی فشه‌كه‌ره به‌ڵام پاسكیله‌كه‌ی پێ جوان بوو. دیلان به چپه له گوێمدا ووتی، دایه ئیتر لانه له ماڵی خۆمان نامێنێته‌وه؟
نا كوڕم لانه جارێ به جێمان ناهێڵێ.



* * * * * * * * * * * * * * * * * * * *

Saturday, August 14, 2004

با بچین یاری بكه‌ین!باشه ماوه‌یه‌كی تریش سه‌رم سوك ئه‌بێ له‌ سه‌رگه‌رم كردنی مناڵه‌كان.
 یارییه‌كانی ئۆله‌مپیك ده‌ستی پێكرد.
هه‌موو چوار ساڵێك كه یارییه‌كی جیهانی ئه‌كرێ و وڵاته‌كان به خۆیان ئاڵاكانیان به‌وێدا تێده‌په‌ڕن من توشی خه‌مۆكی ئه‌بم.




* * * * * * * * * * * * * * * * * * * *

Friday, August 13, 2004

ژنه‌كه خۆی و دوو مناڵه‌كه‌ی كوشتووه. ژنێكی تریش له شارێكی تر ئه‌ویش هه‌ر خۆی كوشت. پێش دوو سێ ساڵ له‌مه‌وبه‌ریش كچێكی گه‌نجی 21 ساڵه‌یش خۆی هه‌ڵواسی.
زۆر ڕه‌شبینم. هیچ باوه‌ر به‌و قسانه ناكه‌م. خۆیان كوشت، یان خۆیانیان پێ كوژرا. جا دوایش پرسه‌یان بۆ دائه‌نێن و خۆیان تازیه‌بار و ڕه‌شپۆش ئه‌كه‌ن بۆیان.



* * * * * * * * * * * * * * * * * * * *

Wednesday, August 11, 2004

هه‌ر كه‌س له كوردستانه‌وه دێته‌وه به شێوه‌یه‌ك ده‌نگ و باس ئه‌گێڕێته‌وه. به‌ڵام هه‌موو له‌یه‌ك خاڵدا یه‌ك ئه‌گرنه‌وه ئه‌وه‌ش گه‌رما و خۆش بوونی شووتی خواردن!. به‌ڵام شتێكی تری پێ زیاد بووه ، یان هه‌ر هه‌بووه و من پێم نه‌زانیوه. ئه‌ویش ژماردنی جانتاكانی یه‌كتره. كچی فڵانه كه‌س گه‌رایه‌وه حه‌و جانتای پێ بوو. كاك سین گه‌ڕایه‌وه سه‌یاره‌یه‌كی به دیاری بۆ خه‌زوری برده‌وه.
به‌ڵام حه‌و جانتا و له توركیا وه بگه‌ڕێیته‌وه زۆر موشكیله‌یه. له‌و هه‌موو سه‌یته‌رانه ڕاتگرن و له هه‌مووشی بتپشكنێن و جانتا و مانتات پێبكه‌نه‌وه و دیسانه‌وه دایخه‌یت و ئه‌م شته ده‌یان جار دووباره بێته‌وه به‌و گه‌رمایه.
لانه هات و ووتی دایه حه‌و جانتای چۆن؟ له‌وانه‌ی پوره...؟ منیش ووتم ئا ته‌قریبه‌ن وه‌كو ئه‌وانه. ووتی ئه‌و جانتایانه زۆر گرانن و دوای كه هاتنه‌وه له‌م ماڵه بچوكانه‌ی ئێمه له كوێ جێگه‌ی ئه‌بێته‌وه؟ ئه‌گه‌‌ر دیاری و شتی وایه باشتر نییه پاره‌یان بۆ به‌رنه‌وه؟ له‌وێ به هه‌وه‌سی خۆیان ئه‌وه‌ی پێویستیانه بیكڕن؟
له ڕاستیدا نازانم. نازانم تا چه‌نده ئه‌توانی پاره ببه‌یته‌وه له‌گه‌ڵ خۆتدا، به‌ڵام بردنه‌وه‌ی حه‌و جانتاش زۆره. نازانم ئه‌و كچه حه‌و جانتای برده‌وه یان قسه‌ی كابرا " زۆره مام ساله" بوو. 



* * * * * * * * * * * * * * * * * * * *

Wednesday, August 04, 2004

سوپاس كه هه‌ی، هاوڕێ!



* * * * * * * * * * * * * * * * * * * *

Monday, August 02, 2004

هاوینێكی خاو خلیچكه. هاوینێكی ڕه‌نگ خۆڵه‌مێشی و سارد و شێداره. هه‌رچه‌ند تین ئه‌ده‌مه به‌رخۆم بۆ ڕێكخستنی بالكۆنه‌كه و ڕێككردنی گه‌ڵای گوڵدانه‌كان، تاقه‌تم نییه. زه‌وقی هیچم نییه. دیلان جار به جار دێته باوه‌شم، دایه بۆ بێتاقه‌تی؟ نازانم. دوای ده‌ستی ئه‌كاته ملم و ئه‌ڵێ ئه‌گه‌ر ماچێكت بده‌مێ دڵت خۆش ئه‌بێ. ماچێكی ئه‌كه‌م و دڵم خۆش ئه‌بێ. دیلان به‌و ئیشه‌ی خۆی دڵی خۆشه و به شانازییه‌وه ملی پاسكیله‌كه‌ی ڕاده‌كێشێ بۆ ده‌ره‌وه. چاوێكی لێدائه‌گرم. ئه‌ویش ئه‌ڵێ دایه خۆم ئه‌زانم ماچ بده‌مه هه‌ر كه‌س دڵی خۆش ئه‌بێ! له دڵی خۆمدا ئه‌ڵێم ئه‌ی توتكه سه‌گ ئه‌وه له كه‌یه‌وه ئاوها گه‌وره بووه.
هه‌ر بێتاقه‌تم لانه له ئیشی هاوینه‌ی دێته‌وه. دایه ئه‌وه چیته؟ وه‌ڵا لانه گیان نازانم له‌شم قورسه‌. لانه‌ش دێت و له جانتاكه‌ی بنێشتێكم ئه‌داتێ و ئه‌ڵێ ها ئه‌مه بخۆ و ئه‌چم شه‌ربه‌تێكت بۆ دروست ئه‌كه‌م. بنێشت ئه‌خه‌مه ده‌مم. بۆنی بنێشتی ئه‌بو سه‌همی لێدێت. كچێ لانه ئه‌و بنێشته‌ت له كوێ په‌یا كرد؟ دایه ئه‌وه تازه هاتووه كه‌شفم كرد تامی خۆشه. بنێشتی ئه‌بو‌سه‌‌همه‌كه كه‌مێك بوژاندمییه‌وه.
له‌سه‌ر سۆفاكه پاڵئه‌كه‌وم و خه‌ریكه وه‌نه‌وز ئه‌مگرێت كه ئالانیش دێته‌وه. ئه‌بینێ من نیوه خه‌وتووم به ئه‌سپایی ئه‌چێته ئه‌ودیوو. گوێم لێیه له‌سه‌ر خۆی ئه‌ڵێ دایه چییه‌تی؟ دایه قه‌ت ئه‌م كاتانه ناخه‌وێ. خۆی و لانه ته‌قه ته‌قییان دێت و به گڵاسێك شه‌ربه‌ته‌وه دێن بۆ لام. ئالان ئه‌ڵێ: ده‌ی ده‌ی توشی ده‌رده ته‌مه‌ڵی بووی و حه‌زت له‌ شه‌ربه‌ت كردووه. لانه ئه‌ڵێ: نا مێشی تسیتسی پێوه‌ی داوه. ته‌ماشا چاوی چۆن ئاوساوه، شڵپ ماچێكم ئه‌كا و ئۆخه‌یش دایكم بۆته ژاپۆنی!
من هه‌ر له‌شم خاوه و هاوینیش خاوخلیچك . من و هه‌تاو هه‌ردووك ته‌مه‌ڵ و بێتاقه‌ت. نه من گه‌رمی ئه‌ده‌مه ماڵه‌كه و نه ئه‌و به ئێمه.




* * * * * * * * * * * * * * * * * * * *