--> ::هه‌رێمی هیچ ::

هه‌رێمی هیچ

Thursday, December 30, 2004

له‌ لادێ


کراس که‌تانی، که‌وا سه‌وزی، به‌ژن و باڵا به‌رز،

به شان گۆزه‌وه چه‌نه جوانی ئه‌ی په‌ری سه‌ر ئه‌رز!


له دووره‌وه چ نمایانه پێچ و سه‌رپۆشت،

چ زوو ئه‌گاته ده‌ماغم شه‌پۆلی بۆی خۆشت!


شه‌ماڵی ڕێگه‌یی کانی ئه‌خاته باڵاکه‌ت،

له‌رانه‌وه‌ی له‌شی زیوینی شۆڕه‌بیی که‌ڵه‌گه‌ت!


ئه‌ڕۆی به عیشوه، به له‌نجه، به وه‌زنی گۆرانی

ئه‌ڕۆی.. زڕه‌ی که‌مه‌ره‌ت دێ هه‌تاکو به کانی!


ئه‌گه‌یته کۆمه‌ڵی پیاوانی به‌رده‌می مزگه‌وت،

سڵێک ئه‌که‌ی وه‌کو ئاسک له سێبه‌ری ئه‌شکه‌وت!


له ڕێگه‌تا هه‌یه پۆل پۆل له لاوی دێ کۆمه‌ڵ،

که هه‌ریه‌که گوڵی هێناوه چه‌شنێ، پڕ باخه‌ڵ


هه‌موو به عه‌زره‌ته‌وه‌ن گوڵ فڕێده‌نه به‌ر پێت،

خوایه ئاخۆ گوڵی کێ به دڵته‌وه ئه‌لکێت؟..



گۆران



* * * * * * * * * * * * * * * * * * * *

کاره‌ساتێکی ناخۆشه. چاوم به تیڤییه‌ و بێتاقه‌تی ئه‌و هه‌موو مه‌رگه ساته. له‌وه ئه‌چێ سروشت لێمان تووڕه بووه. سروشتیش وه‌کو مرۆڤه‌کان ته‌حه‌مولی نامێنێت و ئاوها ژه‌هری خۆی ئه‌ڕیژی و گه‌وره و مناڵ و دار و به‌رد بۆ خۆی هه‌ڵئه‌لوشێت. له‌وه ئه‌چێ مه‌رگ تێر خواردنی بۆ نه‌بێت. له‌‌وه ئه‌چێ ئه‌و هه‌موو شه‌ڕ و بۆمباران و کیمیاباران و یه‌کترسه‌ربڕینه هێشتا به‌رچاوی نه‌گرتبێت، که هێشتاش قوربانی ئه‌وێ.

دوعا ئه‌که‌م... نازانم دوعا بۆ چی، یان له کێ بپاڕێمه‌وه؟ به‌ڵام ئه‌پاڕێمه‌وه بۆ ئارامی گیانه‌کان. ئه‌پاڕێمه‌وه له دڵه‌کان و ده‌سته‌كان که یارمه‌تی بده‌ن و بنێرن... له هه‌مووتان ئه‌پاڕێمه‌وه.


* * * * * * * * * * * * * * * * * * * *

Thursday, December 23, 2004

به‌فرێکی زۆر باریووه و ئه‌بارێ. هه‌ر یه‌ک دوو سه‌عاتێک یه‌کێکمان ئه‌چێته ده‌ره‌وه و چادره‌که به‌فر ته‌کێن ئه‌که‌ین. له ژووره‌وه دائه‌نیشین. دوو ڕۆژی تر ئه‌چینه ژوورێک. ژوورێکی ڕاسته‌قینه. ژوورێک که میچی هه‌یه، دیواری هه‌یه و سه‌رشۆرکی هه‌یه. باسی ئه‌که‌ین...چه‌ند خۆشه ژوورێک که په‌نجه‌ره‌یه‌کی بچوکیشی هه‌یه. ژوورێک که سه‌ربانی هه‌یه و باگردێنیک...

دیسانه‌وه بیر له سه‌رشۆرکه‌که‌ی ئه‌که‌م. سه‌رشۆرکێک که له‌وێدا ته‌نه‌که‌یه ئاو گه‌رم بکه‌م و سه‌رم بشۆم و خۆم بشۆم. ئیتر پێویست نه‌کات ئه‌و بکه‌مه پاسه‌وانی چادره‌که و خۆمیش له‌ ژووره‌وه له‌سه‌رما چۆقه‌ی دانم بێت. ئای سه‌رشۆرکێک چه‌ند شته‌کان ئه‌گۆڕێت.



پاش دوو ڕۆژ شڕه‌ و پڕه‌کانمان کۆ ئه‌که‌ینه‌وه و ئه‌چینه ژووره‌که‌مان. ژوورێک که میچی هه‌یه، چوار دیواری هه‌یه، په‌نجه‌ره‌یه‌کی بچوکی هه‌یه، سه‌ربانی هه‌یه، باگردێنێکی هه‌یه و سه‌رشۆرکێکی هه‌یه...



ته‌نه‌که‌یه‌ک ئاو گه‌رم ئه‌که‌م. ده‌رگای ژووره‌که دائه‌خه‌م و چراکه‌ دائه‌گرسێنم. سه‌رپۆشه‌که‌ی سه‌رم فڕی ئه‌ده‌م و پرچه‌که‌م ئه‌که‌مه‌وه. قژم ئاڵۆز، درێژ و چڵکن بووه... شانه‌ی ئه‌که‌م. ده‌مێکه نه‌مشتووه ده‌مێکه پرچه‌که‌م نه‌کردۆته‌وه. قژه نه‌رمه‌که‌م زبر بووه. ئه‌چمه سه‌رشۆرکه‌که‌ و خۆم ئه‌شۆم. بۆنی هه‌ڵم و سابوونه‌که چه‌نده خۆشه. که ته‌واو ئه‌بم، ئه‌ڵێی بارێکی قورسم له‌سه‌ر شان بۆته‌وه. چڵک چه‌نده بارێکی قورسه!



قژه‌که‌م دائه‌هێنم و بۆنی ئه‌که‌م. بۆنی خۆشی سابوون و پاکژی. که دێته‌وه ئه‌ڵیم" ته‌ماشا قژم چه‌نده درێژ بووه؟ به‌ڵام زۆر زبر بووه..." ئه‌مباته سه‌رشۆرکه‌که و له‌ سه‌ر ته‌نه‌که‌که دامئه‌نیشینێ. مه‌قه‌سته‌که ئه‌‌هێنێت و جوان قژم دائه‌هێنێت. ورده ورده نووکی قژم ئه‌بڕێ...

دوایی قژه‌کانی سه‌ر سه‌رشۆرکه‌که کۆ ئه‌کاته‌وه و له‌ناو هه‌ردوو له‌پی کۆی ئه‌کاته‌وه. بۆنی ئه‌کات و ئه‌ڵێ: "ئای چه‌نده بۆنی خۆشه!" ئه‌ڵێم:" به‌ڵام زۆر زبر بوو بوو" قژه‌کانم هه‌ڵئه‌گرێت و له کونێکی دیواره‌که‌دا هه‌ڵیئه‌گرێ و ئه‌ڵێ: " دڵم نایه فڕێی ده‌م"


* * * * * * * * * * * * * * * * * * * *

Monday, December 20, 2004

دڵم ماندووم کردی،

ئه‌زانم ئه‌بێ ئاگام له خۆم بێت.



* * * * * * * * * * * * * * * * * * * *

Saturday, December 18, 2004


http://www.omila.com/music/Natacha.rm


* * * * * * * * * * * * * * * * * * * *

Thursday, December 16, 2004

زۆر بیری گه‌ڕانه‌وه ئه‌که‌م. به‌ڵام ئه‌زانم ئێره جێگه‌مه و ئه‌و‌ه‌ی به‌جێمهێشت تازه ته‌واو بوو.



دیلان باسی نه‌نه و پور وخاڵ و که‌س و کار ئه‌کات. سه‌ری ئه‌خاته سه‌ر ڕانم و ئه‌ڵێ دایه جاده‌کان وا بوون. خه‌ڵكی زۆ‌ر لێبوو. خه‌ڵكی له ژووره‌وه‌ش جگه‌ره‌یان ئه‌کێشا! ئه‌ڵێم بابه زه‌وقی هه‌بوو؟ ئه‌ڵێ: نا بابه جگه‌ره‌ی نه‌كێشا...



لانه ئه‌ڵێ دایه ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێمه‌وه ئه‌مکوژن؟ پرسیاره‌که‌ی قورسایی خسته سه‌ر دڵم. ئه‌ڵێم نا دایه‌ گیان ناتکوژن. ئه‌ڵێ ئه‌ی بۆ ئه‌وانی تریان کوشت. ئه‌ڵێم: نازانم... باوکه‌کان لێره‌وه بڕیاریان دا و له‌وێوه زه‌غتیان لێکردوون. ئه‌ڵێم که‌س تۆ ناکوژێ. من و بابه تۆمان خۆش ئه‌وێ. ئه‌ڵێ: ئه‌زانی ئه‌و ساڵه خاڵه... گه‌رایه‌وه کچه‌که‌ی ڕه‌فیقی برده‌وه. هه‌موو ڕۆژێک له ماڵێک ده‌عوه‌ت بوون و پیاوه‌کان به کۆمه‌ڵ خاڵه... و کچه‌که‌یان ده‌برد بۆ پۆبه‌کانی سه‌رچنار. به‌ڵام یه‌کێکیان ژنه‌کانی خۆیانیان نه‌ئه‌برد!

که ووتی پۆبه‌کانی سه‌رچنار پێکه‌نیم. دوایی بیرم له‌و کچه کرده‌وه که ئایا بۆی پرسیار نه‌بوو، بۆچی ئه‌‌و هه‌موو پیاوه ژنێکیان له‌گه‌ڵ نییه؟ له‌وانه‌یه بۆی پرسیار بێت و دوایی شتیان له‌سه‌ر بنوسێت. ئه‌مانه له‌ وڵاتی تر ئارام دائه‌نیشن و شته‌کان ئه‌خه‌نه ژێر موراقه‌به‌وه.

ووتم" ڕۆڵه گیان نازانم، له‌وانه‌یه ئه‌و پیاوانه وا بزانن ئه‌مه ژنێکی غه‌ربی به‌ره‌ڵایه و موڵکی ئه‌مان نییه‌ و ڕۆژێک له ڕۆژان خاڵه... وازی لێدێنێت و کورده‌ک ئه‌‌هێنێ. ئه‌و کات ئه‌گه‌ر گه‌ڕانه‌وه کوردستان ناچن بۆ "پوبه‌کانی سه‌رچنار" به‌ڵکو به ته‌نیا له‌گه‌ڵ هاوڕێکانی ئه‌ڕوا."

دیلان ته‌ماشای لانه‌ی کردو و ووتی:" لانه مه‌به به موڵکی دۆسته کوڕه‌که‌ت دوایی ئه‌بێ له ماڵه‌وه دانیشی و ته‌ماشای باندی بکه‌ی له تێڤێ!"

لانه‌:" دایه ده‌ی خۆ خۆشه به ته‌نیا بچیته ده‌ره‌وه و پیاوه‌که‌ت له‌گه‌ڵ نه‌بێ. خۆ نابێ دایمه پێکه‌وه بن".

ڕاستیش ئه‌کات. ئه‌گه‌ر هه‌ر دۆست و ده‌زگیران بی، پێکه‌وه چوونه ده‌ره‌وه خۆشه به‌ڵام که بوون به هی یه‌کتر ئیتر وا نامێنێت.

دیلان: لانه ئاها دایه چی ئه‌ڵێ ده قه‌ت له‌گه‌ڵ دۆسته کوڕه‌که‌ت مه‌بن به هی یه‌ک!!!

لانه: ده‌ی وا نییه دایه. ئه‌ی ئه‌وه نییه ئێوه پێکه‌وه ئه‌چنه جه‌ژن و لای هاوڕێ و که‌سوکار.

ئێمه کوردین من باسی پۆبی سه‌رچنارم بوو.

دیلان: دایه وا نییه، له‌وێ له‌گه‌ل بابه و مامه و ژنی مامه و کوڕه‌که‌ی مامه و کچه‌که‌‌ی پوره.... چووینه ده‌ره‌وه بۆ پوبه‌که‌ی سه‌رچنار!

دیلانم گرت و تێر ماچم کرد. ووتم ئێ ئاخری چووی بۆ پۆبیش. خۆش بوو؟

وتی: ئا ئه‌زانی چیم کرد؟چوومه ژێر مێزه‌که ئاراس و هین له ژێر میزه‌که ده‌ستی یه‌کتریان گرتبوو...

ئاها! که‌واته ئاراس و هینیش، به‌ڵێ!

لانه توڕه بوو ووتی" باشه بۆ ئاراس و هین بۆیان هه‌یه پێکه‌وه له‌گه‌ڵ بابه و مامه و جه‌ماعه‌ت بچنه ده‌ره‌وه و ده‌ستی یه‌کبگرن که‌‌چی تا من هاوڕێکه‌م هێنا بابه خه‌ریک بوو دنیا بڕوخێنێت!"

ئینجا ئێستا ئه‌م که‌ره چۆن له‌و قوڕه ده‌ربێنم. له‌ خۆمه‌وه وتم: "ئه‌وه زه‌ماوه‌ندی ڕێکخراوی پێ ئه‌ڵێن و"

لانه ووتی:" هیچ وا نییه، له به‌ر ئه‌وه کوڕه‌که کورده بۆیه."

منیش ووتم" ئا له‌به‌ر ئه‌وه کوڕه‌که کورده. له سلێمانی کوڕی وڵاتی تر له کوێ بێنن؟ پێم ناڵیی؟"

لانه توڕه بوو ووتی:" نه‌یهێنن به‌ڵام ئه‌ی بۆ که‌س هه‌ق به من نادات، ئه‌ی من کوڕێکی کورد له کوێ بێنم؟ نابێت تێبگه‌ن که هه‌ڵبژاردنه‌کانی منیش سنورداره. ئه‌گه‌ر منیش له سلێمانی بوومایه بۆ خۆم کوڕه‌کی کوردم ئه‌کرده هاوڕێ و شووم پێئه‌کرد. که لێره‌م وه‌زعه‌که شێوه‌یه‌کی تره... "


* * * * * * * * * * * * * * * * * * * *

Monday, December 13, 2004

ئه‌وه ئه‌ڕۆی بۆ باکوری عيرراق؟
نه‌وه‌ڵا ئه‌ڕۆم بۆ باکوری عێراق
ده‌ وه‌ڵا وامزانی ئه‌چی بۆ باکوری عێراق!


* * * * * * * * * * * * * * * * * * * *

به ڕێکه‌وت ته‌ماشای وێبلاگی کۆلیژی ئابوری(قوتابی) و زانکۆی کوردستانم کرد.



زانکۆی کوردستان:Saturday, October 09, 2004

ژاك دریدا فیلسووف و لێزانی فه‌ڕانسی، كۆچی دوایی كرد.



کۆلیژی ئابوری:2004/06/19

سوپاسی قوتابی ئا‌زیز فاتح ئیبراهیم ده‌كه‌ین بۆ ناردنی ئه‌م دوو بابه‌ته‌ی خواره‌وه:

چونیه‌تی ده‌رهێنانی معدل له به‌رنامه‌ی EXCEL

كورت كردنه‌وه‌ی ووشه‌كان AUTO CORRECT له به‌رنامه‌ی EXCEL



ته‌ماشایه‌کی مێژووی دوایین پۆستی ئه‌م دوو وێبلاگه بکه‌ن و هه‌روا ناوه‌ڕۆکی ئه‌و دوو سێ پۆسته‌ی هه‌یانبووه. خۆتان داوه‌ر بن!


* * * * * * * * * * * * * * * * * * * *

Friday, December 10, 2004

مرد!

چوار پێنج مانگه مردووه و منیش چوار مانگه ئه‌زانم مردووه. ئه‌زانم و هه‌موو جارێک به به‌هانه‌یه‌ک بیری ئه‌وم له خه‌یاڵی خۆم ده‌رده‌کرد. بیرم له شته‌کی تر ئه‌کرد و له‌ ماوه‌ی ئه‌م چوار مانگه‌دا هه‌موو جاره‌ک بیری ئه‌و هاتۆته‌وه خه‌یاڵی من و هه‌موو جارێک نه‌په‌رژاوم به ته‌واوی به دڵی خۆم بۆی بگریم. گریاوم، به ته‌نیا. گریاوم و هه‌وڵمداوه نه باوک و نه مناڵه‌کان چاوه سوور بووه‌کانم نه‌بینن.



ئێستاش به ته‌نیا له پرسه‌ی ئه‌و دانیشتووم و شینی بۆ ئه‌گێڕم. مناڵ لێره نین و باوکیان نازانم به چی‌یه‌وه خه‌ریکه و منیش به ته‌نیا ئه‌مه‌وێ هه‌موو بیره‌وه‌رییه‌کانی ئه‌و بێنمه‌وه یاد. ده‌موچاوی باریکه‌له‌ی، ده‌سته‌بچوکه‌کانی، باڵا کورت و جه‌سته زه‌عیفه‌که‌ی. ئه‌و ساڵانه‌ی که مێردمناڵ بوو، بوو بووه پێشمه‌رگه و به‌عزێ جار له‌گه‌ڵ مێرده‌که‌مدا ئه‌هاته‌وه. قه‌ت قسه‌ی نه‌ئه‌کرد به‌س گوهێم له مینجه مینجه‌ک ئه‌بوو. له بیرمه که خۆی ته‌سلیم کرده‌وه. له بیرمه کاتێ پاش راپه‌ڕین دیم. له بیرمه هه‌میشه هه‌ژار و به‌ده‌سه‌ڵات بوو. له بیرمه هه‌موو ژیانی هه‌ر ڕه‌نجی کێشا و هه‌موو ئیشێکی کرد بۆ ئه‌وه‌ی خۆی خۆی به‌خێو کات. له بیرمه که‌سێک نه‌بوو ده‌ستی بگرێ. له بیرمه هه‌میشه ته‌نیا بوو... ته‌نیاییه‌کی چڕ...

ئێستاش ئه‌زانم که به‌ ده‌ستی کۆمه‌ڵێک عه‌ره‌ب کوژرا و لاشه‌که‌یان ئاگر تێبه‌ردا. له‌وێ به ته‌نیا و له غه‌ریبی مرد، کوژرا.



منیش لێره به تاقی ته‌نیا شینی ده‌گێڕم...



* * * * * * * * * * * * * * * * * * * *

Tuesday, December 07, 2004

ئه‌م به‌یانی‌یه هه‌تاوێکی خۆش بوو، پاوسم هه‌بوو چوومه ده‌ره‌وه جگه‌ره‌یه‌ک بکێشم و ده‌موچاوێکی تازه‌م بینی. لێی چوومه پێشه‌وه و خۆمان به‌ یه‌کتر ناسان. ووتی من لێره پراکتیک ئه‌که‌م. ووتم زۆر باشه له‌وانه‌یه دوایی شه‌نسی دامه‌زراندنت هه‌بێ. ووتی: خوا نه‌کات، تاقه‌تی ئیشم نی‌یه. خۆ پاره‌که‌ی هه‌ر به قه‌د پاره‌ی سۆسیاله. جگه‌ له‌وه‌ش مێرده‌که‌م تازه چۆته کۆرسی زمان و ئه‌ویش له‌سه‌ر سۆسیاله. ووتم : ده‌ی زۆر باشه ئه‌گه‌ر تۆ ئیشت ده‌ستکه‌وێ وه‌زعتان باش ئه‌بێ. ووتی: نا وه‌زع باش نابێت ئه‌و کات هه‌موو پاره‌ی مێرده‌که‌م ئه‌بڕن چونکه مه‌عاشی من به ته‌نها له مه‌عاشی دوو که‌سی سۆسیال زۆرتر ئه‌بێ...



هه‌ڵه له کوێدایه؟ سیسته‌مه‌که که ئه‌وه‌نه چه‌وته خه‌ڵک ڕادێنێت به ته‌مه‌ڵی، یان ئه‌وه‌ی ئه‌وه‌نه قۆڕه پاڵنه‌رێک دروست ناکات که خه‌ڵک گه‌رم بێت به ئیش کردن و هه‌ست نه‌كات که زوڵمی لێئه‌کرێت له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئیش ئه‌کات بۆ ئه‌بێ پاره‌که‌ی ئه‌وه‌نده ببڕن بگاته ئاستی که‌سێک که له‌سه‌ر سۆسیال ئه‌ژی؟

من ناڵێم قسه‌ی ئه‌و ژنه ڕاسته یان هه‌ڵه‌یه. ئه‌ڵێم ئه‌بێ هه‌ستێک دروستکرێت که ئه‌و ژنه هه‌ست به دڵخۆشی بکات بۆ په‌یا کردنی بژێو ئیش کردن، نه‌وه‌ک بڵێ؛ جا من ئیش بکه‌م یان نا هه‌ر هه‌مان حیسابه.


* * * * * * * * * * * * * * * * * * * *

Sunday, December 05, 2004

خوایه شوکرت، که ئیشت جوانه!



* * * * * * * * * * * * * * * * * * * *

Thursday, December 02, 2004

ڕاکه‌ ڕاکه و ماندوو بوونی زۆر. شت بۆ ئه‌م کڕین و شت بۆ ئه‌و کڕین. ئه‌میان دێ، سه‌ری ساڵ چی ئه‌که‌ین؟ ئه‌وی تریان ئه‌پرسی من تاقه‌تی ماڵی فڵانم نییه. سه‌ری ساڵ بچن بۆ ئه‌وێ من نایه‌م. باوکیان هیچ ناکات و هه‌ر پرسیارێکی لێ‌بکرێت، ڕاسته‌وخۆ له دایکتان بپرسن.

خه‌ڵكی ئه‌ڵێن عوتڵه، پشوو، نازانم حه‌سانه‌وه. من ئه‌ڵێم ماندوو بوونی ڕووح و له‌ش و مێشکی من. به‌رنامه دانان و چ ڕۆژێ چی بکه‌ین. هاوین خۆمم دزییه‌وه‌، نازانم بۆ سه‌ری ساڵ چ به‌هانه‌یه‌ک بێنمه‌وه!



له هه‌مووی قۆڕتر هه‌ڵبژراندنه‌کانی عراق و کوردستانه. ئه‌چی بۆ هه‌رشوێنیک و ماڵێک و کۆبوونه‌وه‌یه‌ک، باسی هه‌ڵبژاردنه‌کانه و هه‌رچه‌ند و هه‌ڕچی دیقه‌ت ئه‌که‌م ئه‌و که‌سانه‌ی که باسی لێئه‌که‌ن هیچی لێتێناگه‌ن و ناشتووانن من تێبگه‌یه‌نن.



سه‌ری ساڵ لانه‌که‌م دێته‌وه بۆ لانه‌که‌ی خۆی. ئه‌وه خۆشترین شته. له‌م ماڵه پڕ پیاوه‌دا، هه‌ست به ته‌نیایی ئه‌که‌م.


* * * * * * * * * * * * * * * * * * * *