--> ::هه‌رێمی هیچ ::

هه‌رێمی هیچ

Friday, January 30, 2004

به‌رخه‌كه‌م نه‌رمونۆڵه... په‌روه‌رده‌ی هه‌رد و چۆڵه



* * * * * * * * * * * * * * * * * * * *

Wednesday, January 28, 2004

ژیان بۆته چی؟ ئیش، ماڵ، مناڵ، خواردن،... هتد. ماندوو ده‌بیت و ڕۆژنامه‌یه‌ك ده‌خوێنیته‌وه، زۆر زۆره‌كه‌ی ئه‌گه‌‌ر بته‌وێت نقه‌یه‌یكت لێوه بێت ئه‌وه‌یه كه ڕۆژنامه‌كه فڕێده‌ده‌ی و ده‌ڵێی هیچی تێدا نییه، باسی شه‌ڕ و كوشتار نه‌بێت. پاشتر ده‌چیته سه‌ر لاپه‌ڕه‌ی بۆرس و ئیكۆنۆمی و هه‌ستان و دابه‌زینی دراوی ئه‌و وڵاته‌ی تێیدا نیشته‌جێی. یان ته‌ماشای ئه‌و كه‌لوپه‌لانه ده‌كه‌ی كه هه‌رزان كراون. هێنده ماندووی تاقه‌تی ئه‌وه‌شت نییه كه كارێك بكه‌یت بۆ گۆڕینی شته‌كان. بۆ خۆ حه‌شاردانیش له گرفته‌كان پاساوی باش دێنیته‌وه؛كاتم نییه، خۆم تێكه‌ڵی ئه‌و باسانه ناكه‌م ئاخر خاوه‌نی ماڵ و مناڵم، من بۆ خۆم ماندوو كه‌م ئه‌و ده‌مه‌ی من ماندوو بووم و خه‌باتم كرد ئه‌وان چییان بۆ من كرد. دانیشم و ده‌ست به‌ كڵاوی خۆمه‌وه بگرم باشتره. جاروبار ئه‌گه‌ر ته‌ماشای مناڵه‌كانمان، خوشك و برا لاوه‌كانمان ده‌كه‌ین زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌كی تاڵ ده‌كه‌وێته سه‌ر لێوانمان و له دڵه‌وه ده‌ڵێین: حه‌ی ئه‌وه هه‌مووی هه‌وای گه‌نجێتیه. ئێمه‌ش زۆرمان كرد كه‌چی هیچ ده‌رچوو... ئه‌وانیش ئێستا قسه‌ی زل ده‌كه‌ن دوواتر ده‌یانبینینه‌وه....
ئه‌رێ به‌ڕاست وایه؟ یان ئه‌و هه‌موو من من كردنه و چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ كردنه كه من ئه‌وه ده‌كه‌م تۆش بۆ منی بكه، كۆڵی پێداین؟ پێموانییه‌ دڵگه‌رمی جاران و گه‌نجێتی ئێمه‌ش هێنده بێسوود بووبێت. وایه له‌وانه‌یه ئێستا كاتی پشوودانی فیزیكی ئێمه‌ بێت. به‌ڵام خۆ بیر ده‌توانێت هه‌میشه له شۆڕشدا بێت و به‌دووی نوێكارییه‌وه بێت. ترسناكه ئه‌گه‌ر گه‌نجه‌كان چاوترسێن بكرێن و بێ‌هیوا. ئه‌گه‌ر بیره پڕ له‌ شه‌پۆله تونده‌كانی ئه‌وان نه‌بێت، ئه‌گه‌ر خه‌یاڵه به‌رزه‌فڕه‌كانی ئه‌وان نه‌بێت و ته‌نیا بیره‌ ماندووه‌كانی ئێمه بمێنێته‌وه، ده‌بێت دنیا و ژیان چ ڕه‌نگێك به خۆیه‌وه بگرێت؟


* * * * * * * * * * * * * * * * * * * *

Tuesday, January 27, 2004

وشه‌ی جینۆساید به 70 زمان...



* * * * * * * * * * * * * * * * * * * *

Monday, January 26, 2004

ئه‌وه چه‌ند هه‌فته‌یه‌كه لانه سه‌فه‌ری كردووه. بیری ده‌كه‌م. ده‌چمه ژووره‌كه‌ی. بۆن به كراسه‌كه‌یه‌وه ده‌كه‌م كه له‌سه‌ر كورسییه‌كه فڕێداروه. ژووره‌كه‌ی گه‌سك لێده‌ده‌م. له ژێر ته‌خته‌كه‌یدا كۆڵێك كتێب و وه‌رقه شڕ‌ی چرچ و لۆچ كراو و تاكێك پێڵاو و گۆره‌وییه چڵكنه‌كانی ده‌دۆزمه‌وه. به‌دیارییانه‌وه داده‌نیشم و تێر ده‌گریم. هه‌ڵده‌ستمه‌وه لێفه‌و سه‌رینه‌كه‌ی ڕێكده‌خه‌م. ئاوێنه‌ و مێزه‌كه‌ی ده‌سڕمه‌وه. دانه دانه ته‌ماشای وێنه‌كانی ده‌كه‌م. دیسانه‌وه دڵم پڕ ده‌بێت. له‌به‌ر خۆمه‌وه بالۆره‌ی بۆ ده‌ڵێـم: ئای ڕۆڵه نازداره‌كه‌م، داخوا شه‌وانه سه‌رمات نابێت؟ وای كچه‌ شیرینه‌كه‌م برسیت نییه، تینووت نییه. نه‌خۆش كه‌ویت كێ ئاگای لێتده‌بێت... هه‌روا درێژه‌ی پێده‌ده‌م. ئاگام لێ نییه كات تێپه‌ڕ ده‌بێت. كوڕه‌ گه‌وره‌كه‌م خۆی ده‌كا به ژوورێدا: دایه چی بووه؟ لانه چی لێهاتووه؟... هیچ، ده‌ترسم شه‌وانه لێفه‌كه‌ی لێبێته‌وه‌و خه‌وی لێنه‌كه‌وێت. ده‌ترسم برسی بێت، تینوی بێت. كوڕه‌كه‌م د‌‌ڵێ: دایه خه‌می ئه‌وت نه‌بێت باو‌‌ڕكه سه‌لامه‌ته. ئێستا منم خه‌ریكم له برسا ده‌مرم. چی خۆشت بۆ لێناوین؟



* * * * * * * * * * * * * * * * * * * *

Wednesday, January 21, 2004

گرتم سۆراخی چاوه‌كه‌ت


* * * * * * * * * * * * * * * * * * * *

Tuesday, January 20, 2004



* * * * * * * * * * * * * * * * * * * *

Saturday, January 17, 2004

فاتیمه‌ و ئاه و ناڵه‌ی ئۆرگازمی كوردان

دوێنێ گروپێكی كوردانی ستۆكهۆڵم به‌رنامه‌یه‌كیان ڕێكخست به‌بۆنه‌ی یادی فاتیمه شا‌هینداڵه‌وه. هیچ باسی كه‌موكوڕییه‌كانی ناكه‌م. له‌ چاو به‌رنامه‌كانی تری كوردان زۆر باشتر بوو. هه‌ندێك هاتن و هه‌ندێك شتیان له‌باره‌ی فاتمه‌و، كوژران له‌سه‌ر شه‌ره‌ف و كۆمه‌ڵگه‌ی باوكسالاری... هتد باسكرد. هه‌ندێك هاتن و زۆر له پیاوان توڕه بوون و گووتیان ده‌بێت ژنان شۆڕش بكه‌ن، یه‌كگرن ژنان دژی پیاوان! پیاوه‌كانیش دوێنێ ( ئه‌وانی له‌وێ بوون) ملیان شۆڕكرده‌وه و نه‌یانده‌زانی بۆ كوێ سه‌ری خۆیان هه‌ڵگرن. خولاسه ئه‌وانیش هاتن و ووتیان بابه وه‌ڵا وا نییه. ئێمه‌ش گۆرانمان هه‌بووه كه له شیعره‌كانیدا دژی ئه‌و جۆره كوشتنانه بووه. به‌خوا فڵان شاعیر ، فستان ڕۆشنبیرمان وای ووتوه و وایكردووه. هه‌ر وه‌ده‌رمان نه‌نێن هیچمان ناوێت. له‌ده‌روه‌ی ساڵۆنه‌كه‌ش پیاوێك گووتی: بابه، هۆی توڕه بوونی ئه‌و ژنه ئه‌وه‌یه كه له مێرده‌كه‌ی جیا بۆته‌وه... ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كی پیاوانه!. یه‌كێكی تر به گاڵته‌وه هه‌ڵیدایه: ئه‌ه بابه، خۆ نایه‌ڵن به ئازادی ژنێكیش بكوژین. ئه‌مه‌یان ئایرۆنی بوو...
به‌شی دووه‌می به‌رنامه‌كه ده‌ستی پێكرد. با له‌بیرم نه‌چێت له‌به‌شی یه‌كه‌می به‌رنامه‌كه‌دا مه‌هاباد قه‌ره‌داغی هه‌لی كۆبوونه‌وه‌ی خه‌ڵكی قۆسته‌وه‌و‌ه و ژنانه، كتێبه‌ تازه هێشتا چاپنه‌كراوه‌كه‌ی خۆی ناساند به‌و خه‌ڵقوڵایه... كتێبه‌كه‌ی ناوی شه‌ره‌فنامه‌یه، من ده‌یكڕم ئێوه كه‌یفی خۆتانه. به‌ڵی عه‌رزم ده‌كردن، به‌شی دووه‌می به‌رنامه‌ی یادی فاتیمه ده‌ستی پێكرا. فاتیمه‌ی خێر له دنیا نه‌دیوو له‌م به‌شه‌ی به‌رنامه‌كه له‌ كوله‌كه‌ی ته‌ڕیشدا باس نه‌كرا. كاك حه‌مه سه‌عید حه‌سه‌ن هات و هه‌ندێك كۆنه شیعری ئاشقانه‌ی خوێند‌وه كه دڵی به‌ردی ده‌كرده ئارد. پاش ئه‌و كاك پشكۆ نه‌جمه‌دین هات. وه‌ی خوایه، چی هات! یه‌كپارچه دۆن جوان، سێكس بۆمب. ده‌نگێكی نێری گڕ. هه‌ر كه‌ ده‌ستیپێكرد و نه‌یكرد، ئاو زایه د‌ه‌م و له‌وس و شوێنی تری ئاماده‌بووان. یه‌كسه‌ر له گۆی مه‌مكی تورت و نه‌رم و گوشین و لیمۆ و هه‌نار‌وه ده‌ستپێكرد تا خوا پێمنه‌گرێت ژێر ناوكیشی گرته‌وه. جا ئه‌و ده‌نگه نێر و گڕه و سمێڵه بۆیاغ كراوه قه‌ترانییه‌كه‌ی هارمۆنییه‌كی جوانی ساز كردبوو. ‌كاك پشكۆ گڕی له عاله‌م به‌ردا و پاشان مه‌هاباد قه‌ره‌داغی هات. ئه‌م خانمه به پێچه‌وانه‌ی كاك پشكۆ وه كه ڕه‌مزی پیاوه‌تی و زبری بوو، ئه‌م نموونه‌ی ژنانه بوون و نه‌رمی و ناسكی و خودی ڤینۆس بوو. شیعره درێژه‌كه‌ی ده‌ستپێكرد به‌ ده‌نگێكی یه‌كجار ناسك و باریك و چپه‌دوو. شیعری مه‌هاباد خان باسی دڵداری جوامێرێك و كه‌وێكی سركی ناو كورده‌واری بوو. باسی ئه‌شقبازی ئه‌و جووته بوو. ئه‌میش له نیگای چاوه‌‌‌وه ده‌ستیپێكرد تا گه‌یشته به‌ ته‌واوی جوووت بوون و ته‌نانه‌ت ده‌تتوانی بانگ و نازی ئۆرگازمیشی هه‌ست پێبكه‌ی. 
به‌شی دووه‌میش ته‌واو بوو. هه‌م پیاو نه‌فره‌ت كران، هه‌م وه‌سفی مه‌مك كراو پاشانیش له‌ مه‌راسیمێكی جواندا دڵداری كرا و گه‌یشتینه ئۆرگازمیش. 
ئامانج: فاتیمه‌تان بۆ كوشت؟ ها مه‌گه‌ر نابینن سێكس چه‌ند خۆشه؟ به‌ڵام ڕوحی فادیمه ئێستا شاده‌ و له‌ به‌هه‌شتی به‌ریندا ده‌فڕێت، ئه‌ی ئه‌وه نییه خه‌باتی وێ به خۆڕایی نه‌چوو. ئه‌وه نییه حه‌مه‌ سه‌عید و كاك پشكۆ چه‌نده ئازادیخوازانه ده‌ڕواننه خۆشه‌ویستی وسێكس و ووشه‌ی مه‌‌مك له‌ ده‌میاندا ده‌توێته‌وه. نا بابه، پیاوی كوردیش هێنده زاڵم نین. ئه‌وه نییه، مه‌هاباد خانیش چه‌ند جوان و ئازادانه، هه‌موومانی گه‌یانده ئاستی ئۆرگازم.
 بژی یادی فاتیمه به‌ هۆی ئه‌وه‌وه به‌و شه‌وی هه‌ینیه عاله‌مێك كۆبوونه‌وه‌ وخۆشمان ڕابوارد و دیدارێكیشمان نوێ كرده‌وه له‌گه‌ڵ كۆنه ئاشنایان.

شیعره‌كه‌ی مرێمی هۆله‌ و مه‌قامه‌كانی مه‌رزه و ساكسیفۆنی فه‌ریبورز هه‌مووی هێنا. 
هه‌ركات وته به‌رزه‌كانی فاتیمه كه له پارله‌مانی سوێددا گووتویه‌تی ده‌بیسم یان ده‌یخوێنمه‌وه پڕ ده‌بم له‌شانازی. فاتیمه له‌وه به‌رزتر و ژیرتره كه ئێمه بتوانین به یادێكی ئاوها سوك ناوی بێنین. 
فاتیمه ببوره، داوای لێبوردنت لێده‌كه‌م دوێنێ بۆ ئه‌وێ چووم! خۆت چاوت لێبوو چه‌نده توڕه بووم.  ئاگاشم لێبوو به دریژایی به‌رنامه‌كه چاوه توڕه پڕ له‌ خه‌مه‌كانتم تێبڕیبوو. ده‌تگووت: من شایانی وشه‌ی به‌ز‌ه‌یی ئێوه نیم. پێویستم به‌م به‌رنامه وشكانه نییه. ده‌مه‌وێ ئێوه‌ش وه‌كو من ڕاستگۆ بن و ئازا. من ئازا بووم و كه‌سم ناوێ دڵی بۆم بسوتێت. گووتت: من به‌زه‌ییم به ئێوه‌دا دێت. مردوویه‌كن له پێستی زیندواندا دێن و ده‌چن و هه‌ر قسه‌ی كۆنه به بادا ده‌د‌ه‌ن. گووتت: برۆن كارێك بكه‌ن، چاره‌یه‌ك بۆ خۆتان بدۆزنه‌وه! 


* * * * * * * * * * * * * * * * * * * *

Wednesday, January 14, 2004

كه ده‌رده‌كه‌وت، وه‌كو ئه‌وه وابوو خۆر هه‌ڵاتبێت. وه‌كو هاتنی به‌هار و هیوایه‌كی نوێ وابوو بۆی. له‌و دنیایه‌دا كه‌س كه‌سی نه‌بوو، ئه‌م نه‌بێت، ئه‌وی هه‌بوو. ده‌رگاكه‌ی ده‌كرده‌وه له‌گه‌ڵ كردنه‌وه‌ی ده‌رگاكه ده‌رگای دڵ و هه‌‌ست و سۆزی بۆی له‌سه‌ر پشت ده‌كرایه‌وه. ئه‌و هه‌تاو بوو، سه‌رچاوه‌ی ژیان بوو بۆی. كه‌می نه‌گووتوه ئه‌گه‌ر بڵێت خودی ژیان بوو.
ئێستا ده‌ركه‌وتنی هه‌ر كه‌سێك كه له‌و بچێت، ژانێكی گه‌وره‌یه، دڵه‌له‌رزیه‌كه هه‌ر مه‌پرسه. به‌ ده‌ركه‌وتنی ته‌نانه‌ت خه‌یاڵی ئه‌ویش موچوڕكی ترس به‌هه‌موو له‌شیدا دێت. ترسێك كه هه‌موو بوونی هه‌ژاندووه. ترسێك كه‌ بۆته كراسێكی ڕه‌ش و به‌باڵایدا بڕاوه‌ته‌وه. . ئێستا چیدی ئه‌و سه‌ر چاوه‌ی ژیان نییه. ئه‌و گڕكانێكه له ڕق و كینه‌ و خیانه‌ت...




* * * * * * * * * * * * * * * * * * * *

Monday, January 12, 2004



              


ئــــــــــــــــــــــــــــــۆی نـــــــــــــــــــــــــــــــازداره‌كـــــــــــــــــــــــــه‌م!


* * * * * * * * * * * * * * * * * * * *

Friday, January 09, 2004

 نازانم بۆ، به‌ڵام دوێنێ هه‌ستێكی سه‌یر، گه‌وره، وه‌سف‌نه‌كراو هه‌موو منی داگیر كرد. سوك بووم، سووك. ورده ورده به‌رز بوومه‌وه. به‌تاڵ بوومه‌وه. هیچ شتێكم تێدا نه‌ما... به‌تاڵ له خه‌م، به‌تاڵ له نه‌خۆشی، به‌تاڵ له بیر. نازانم هه‌ستم كرد وا ده‌مرم. خه‌ریكم خڕۆكه‌ی  زه‌وی به‌جێدێڵم. سوک سوك به‌ره‌و سه‌رێ هه‌ڵده‌كشام. ئه‌وه‌ش نه‌بوو كه‌سێك ده‌ستم ڕاكیشێت. چونكه هه‌ستم به هیچ بارستاییه‌ك نه‌ده‌كرد. قورس نه‌بووم. نه گۆشتم هه‌بوو نه ئێسقان. ناتوانم بڵێم ڕووتیش بووم. چونكه له‌شێكم نه‌بوو. من هیچ بووم. هیچێكی به‌ته‌واوه‌تی هیچ. پێشتر هیچ بوونم پێ ڕه‌ش یا سپی بوو. به‌ڵام ئه‌و ده‌م كه خۆم هیچ بووم، ڕه‌نگی هیچ ڕه‌نگێكم نه‌بوو. ناشتوانم بڵێم وه‌كو ئاو بووم. با وه‌كو ئاو بووم. بێڕه‌نگ بوونه‌كه‌ی ده‌ڵێم. به‌ڵام ئاو تام وكێشی هه‌یه، من نه‌مبوو. نازانم پێویست ده‌كات زۆرتر بڵێم. من دوێنی هیچ بووم. بۆش و به‌تاڵ و سووك بووم. هیچ بوونێكی زۆر خۆش... هیچێك كه له هه‌موو شتێك ئازاد بووم...



* * * * * * * * * * * * * * * * * * * *

Thursday, January 08, 2004

دوو لاپه‌ڕه‌ی كتێبێك ده‌خوێنمه‌وه و یه‌كسه‌ر چاوم قورس ده‌بێت و ده‌خه‌وم. ئه‌م پشووی سه‌ری ساڵه شتێكی باش بوو. هه‌م هه‌واگۆڕینێك و هه‌م دیداری ئازیزان. به‌ڵام هێشتا پاشماوه‌ی ناخۆشییه‌كانی پاییز و نه‌خۆشییه‌كانی ماوه. ئه‌وه‌تا ناتووانم ئه‌و چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه ته‌واو كه‌م. ئه‌وه‌شی كه ده‌یخوێنمه‌وه، ده‌بێت دوو سێ جارێك پێیدا بێمه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی تێبگه‌م باسی چ ده‌كات. بیرم بۆ هه‌زار شوێن ده‌ڕوات. ناچار كتێبه‌كه داده‌خه‌م و بۆ خۆم خه‌یاڵ پڵاوی لێده‌كه‌م.
ئه‌مڕۆ هه‌وا خۆش بوو. پیاسه‌یه‌كی دوور و درێژم ئاره‌زوو ده‌كرد. به‌ڵام كه هاتمه‌وه زۆر سه‌یر ماندوو بووم. ته‌نانه‌ت چاوم بۆ هه‌ڵنه‌ده‌هات. دوو پرته‌قاڵ و پیاڵه‌یه‌ك خۆشه‌ویستی زیندووی كردمه‌وه.


* * * * * * * * * * * * * * * * * * * *

Tuesday, January 06, 2004

ته‌ماشا كردنی فیلمی زه‌ماوه‌ند و جه‌ژنه‌كانی دیم پێخۆش نییه. نازانم بۆ به دیتنیان دڵم ته‌نگ ده‌بێت. نه‌گبه‌تیه‌كه‌ش له‌وه‌دایه هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی چوویته میوانییه‌ك جارێ دوو قسه‌ت نه‌كردووه یه‌كسه‌ر كاسێتی زه‌ماوه‌ندت بۆ سه‌رده‌خه‌ن. خۆ ئه‌گه‌ر بڵێی خێرتان ده‌گاتێ سه‌ری‌مه‌خه‌ن و من هاتووم بۆ لای خۆتان نه‌ك ته‌ماشا كردنی ئاهه‌نگی زه‌ماوه‌ندی كوڕی پوری ئامۆزای دایكتان. لچت لێهه‌ڵده‌قورتێنن و ده‌ڵێن ئه‌ها ئه‌وه ئێره‌یی ده‌بات، وشكه، بێزه‌وقه و هه‌زارویه‌ك شتی دی. جا ئه‌گه‌ر له كاتی سه‌رداندا یه‌ك دوو كوڕی گه‌نجی ڕه‌به‌ن یان پیره پیاوی ڕه‌به‌نت له‌گه‌ڵدا بێت، ئه‌وا هێنانی لێدانی كاسێته‌كه زۆر به‌‌له‌زه‌تتر ده‌بێت و ده‌ڵێن ئه‌مه تایبه‌ته به ئێوه.  خاوه‌ن ماڵ جاروبار به‌ده‌م له ده‌مئاخنینی میو‌ه‌ و شیرینی و چه‌ره‌زاته‌وه له كوڕه‌ ڕه‌به‌نه‌كان ده‌پرسێت كه ئایا جنسیه‌ی وڵاتێكی ئه‌وروپیان هه‌یه و چ كاره‌ن. پاش وه‌رگرتنی وه‌ڵام ده‌ستده‌كاته غه‌یبه‌ت كردنی كچی ڕۆژئاوا كه به‌كه‌ڵك نایه‌ن و هه‌ر پێویست به باس كردن ناكات... ئینجا دێته سه‌ر باسی ئه‌و كچه خۆوڵاتییانه‌ی كه له ڕۆژئاوا گه‌وره بوون.... وه‌ی وه‌ی نه‌عوزو بیلا، ئه‌مانه له‌وان خراپترن. خۆ نازانن ڕێز و حورمه‌ت چییه. ژن ئه‌بێت ژن بێت و پیاو ده‌بێت پیاو. ژنی كابرای خانه‌خوێش له‌ولاوه داده‌نیشێ و چونكه وه‌زیفه‌ی ژنانه‌ی خۆی باش ده‌زانێ زوو زوو شت دێنێته به‌ر ده‌ستی میوانان و مێرده‌كه‌ی. و به ده‌نگێكی چپه‌دو ورده ورده كچه عازه‌به‌كانی ڤیدیۆكه بۆ میوانه ژنه‌كان باسده‌كات. ئه‌وه‌یان كیژی ماڵه فڵانه، كچی چاكه، زۆر ده‌ست‌ ڕه‌نگینه. ئه‌مه‌یان پێبكه‌نێت دانی ده‌رناكه‌وێت. هه‌ر زۆر به‌ حه‌یا و شه‌رمه. له‌ناكاو كچێكی جوان ده‌رده‌كه‌وێت كه ده‌موچاوی هێنده ڕه‌نگ كردووه له گه‌یشای ژاپۆنی ده‌چێت. هه‌موو ده‌ڵێن ئه‌مه كێیه؟ ژنه به سرته‌وه ده‌ڵێت: حه‌یف ئه‌مه شووی كردووه. شووی كردووه به پیاوێكی زۆر له خۆی به‌عه‌مرتر، به‌ڵام مێرده‌كه‌ی گه‌له‌ك ده‌وڵه‌مه‌نده!
ئیدی ته‌ماشا كردن، له یادكردنه‌وه‌ی ڕووداوێكی پڕ له سۆز و خۆشه‌ویستی دێته ده‌رێ و ده‌بێته بازاڕی كڕین و فرۆشتنی گۆشت به‌رامبه‌ر به پاسپۆرت



* * * * * * * * * * * * * * * * * * * *

وا دیاره ژیانی من بۆته خه‌و و خه‌و بینین. دوێشه‌و خه‌وم به مه‌مله‌كه‌تی ژنانه‌وه بینی. وڵاتێكی سه‌رسه‌وز، گوڵه‌هه‌ناره‌ی ئاڵ، شكۆفه‌ی داره‌كان، دامێنی چیا و خۆره‌تاو و ئاسمانی ساف. وڵاته‌كه پڕ بوو له ئارامی و ئاشتی. مرۆڤ و سروشت له هارمۆنیدا بوون. به‌یانی به سه‌رئێشه‌وه هه‌‌ستام. تۆ ده‌ستت به‌ته‌وێڵمدا هێنا. به‌یانیت باش گوڵم! چاوێكم كرده‌وه و بزه‌یه‌ك به‌یانی با‌ش...
وه‌ره ئامێزم. دێم و تۆش به‌ په‌نجه‌كانت یاری به قژم ده‌كه‌یت. ناسازی گوڵم؟ ئه‌رێ، مێنسم هه‌یه. ده‌ بخه‌وه. دامده‌پۆشی و بۆ خۆت ده‌ڕۆیت. دێیته‌وه نانی گه‌رم و ماستم بۆ دێنیت. خه‌ونه‌كه‌ت بۆ ده‌گێڕمه‌وه... ده‌زانی له‌و مه‌مله‌كه‌ته ته‌نیا ژن و منداڵی لێبوو. ده‌ڵێی ده‌ی بۆیه خۆش بووه. پیاوی تێدا نه‌بوو. ته‌ماشات ده‌كه‌م... نانه‌گه‌رمه‌كه‌ و ماسته‌كه ده‌خۆم و چایه‌كیشم بۆ دێنی. ده‌ڵێی هه‌ی ئه‌و گوڵه مه‌یمونه‌ی خۆم، هێنده ته‌ماشای فیلمان ده‌كات خه‌وه‌كانیشی ده‌ڵێی فیلمه!
ئه‌م سه‌رئێشه‌م له كۆڵ نابێته‌وه... نازانم ژنانی ئه‌و مه‌مله‌كه‌ته‌ش تووشی بێنوێژی ده‌بن؟ ئه‌وانیش میهره‌بانێكیان هه‌یه كه نان و ماستیان بۆ بێنێت و چایه‌كی گه‌رمیش؟



* * * * * * * * * * * * * * * * * * * *

Monday, January 05, 2004

هه‌ور
هه‌ور
هه‌ور
هه‌ور
هه‌ور
هه‌ور
هه‌ور



* * * * * * * * * * * * * * * * * * * *

Sunday, January 04, 2004

تا ئێستا زستانی ئاوها جوانم نه‌دیتبوو. به‌درێژایی ڕێگه‌كه چاوم ‌بڕیبووه سرووشت. داره به چلوره ڕازاوه‌كان، شاخ و كێوه سپی‌پۆشه‌كان، هه‌تاوه ته‌مه‌ڵه‌كه‌ی باكور كه به‌ ئاسته‌م نوزه‌ی تێدا مابوو... جوان بوو، جوان بوو...
شایف البحر شوكبیر
كبر البحر بحبك
شایف السما شو بعید
بعد السما بحبك
كبر البحر و بعد السما بحبك یا حبیبی! ( فیروز)
****
ناڤ باخچان ڕێ هه‌یه كه‌زی زه‌را من
ئیشه‌ڤ ژڤانێ مه‌یه چاڤ خه‌زالا من
تێر نه‌بووم ژ ڤێ كه‌سه‌رێ
كه‌سه‌را مێرێ به‌رێ
به‌ر په‌ردێ ده‌ركه‌ڤه چاڤ ڕه‌شا من
به‌لكی چاڤ ب ته بكه‌ڤێ چاڤ خه‌زالا من
بهنا ئه‌شقێ ژ ته تێ
بهنا شێڤا ژ ته تێ

جوان حاجۆ

هاتینه‌وه، ڕێگه‌كه هه‌میسان جوان بوو... كۆڵێك وێنه‌مان گرت...


* * * * * * * * * * * * * * * * * * * *