--> ::هه‌رێمی هیچ ::

هه‌رێمی هیچ

Monday, March 29, 2004

به‌داخه‌وه نه‌متووانی وه‌كو هاوڕێكه‌ی ئه‌لفۆنس بم... بێده‌نگ نه‌بووم، به‌ڵكو زۆریشم قسه‌ كرد و زۆریشم گوێگرت و كه‌مێكیش قیژاندمان به‌سه‌ر یه‌كتردا. ئالان بڕیاری دا جگه‌ره‌كێشان ته‌رك كات و منیش كه‌مێك تێگه‌یشتنم بۆ خه‌مه‌كانی ئه‌و هه‌بێت! باوكیش بووبه دادوه‌ر له‌و نێوانه‌دا.


* * * * * * * * * * * * * * * * * * * *

Thursday, March 25, 2004

له‌م هه‌رێمه‌دا هیچ شتێك وه‌كو خۆی نامێنێته‌وه. ژیان له‌م هه‌رێمه‌دا ئه‌ڵێی شه‌پۆله... هه‌ندێ جار ورده شه‌پۆلی جۆگه‌له‌یه‌كه، هه‌ندێ جار شه‌پۆلی گه‌وره‌و به‌رز و پڕ له لرفه‌‌ی زه‌ریایه‌كی توڕه‌یه. شه‌پۆله‌كان چ ورد و چ درشت دێن و ئه‌ڕۆن و جێپه‌نجه‌یان له‌سه‌ر هه‌رێمه‌كه‌م جێدێڵن. جار و بار ورده‌ شه‌پۆلێك هێنده جوانی ئه‌داته هه‌رێمه‌كه‌م كه ئاواته‌خوازی به‌رده‌وام بوونیم. به‌رده‌وام ئه‌بێت و ئه‌بێته شتێكی ئاسایی. ئاسایی وه‌ك كورسییه‌كه، نانخواردنی ئێواره، خه‌وتن، ئیش وتابلۆكانی دیواره‌كان. هه‌ندێك جار شه‌پۆله‌كه هێزی دێته‌وه به‌ر هه‌موو هه‌رێمه‌كه‌م ئه‌هه‌ژێنێت، داری به‌سه‌ر به‌ردییه‌وه ناهێڵێت. هه‌موو شته‌كان لوول ده‌دات و هه‌ستئه‌كه‌م وا خه‌ریم ئه‌خنكێم... ئه‌و شه‌پۆله‌ش ئه‌هوه‌ن ئه‌بێته‌وه، ئارام ئارام پاشه‌كشه ئه‌كات و له پاش خۆی گوێچكه‌ماسییه‌كی بچكۆله به‌جێدێڵێت... مرواریه‌ك له‌ناو نه‌رمایی گوێچكه ماسییه‌كه‌دا ئه‌دره‌وشێته‌وه.


* * * * * * * * * * * * * * * * * * * *

Wednesday, March 24, 2004

   When two people embarce
  The sky descends,
  and we get off the reach
 . of our names
  To love is to strip the tommorrow
  of all names

Octavip Paz 



* * * * * * * * * * * * * * * * * * * *

Monday, March 22, 2004



ئه‌‌مسال ئه‌بمه 40 ساڵ. چه‌ندساڵێك له‌مه‌وبه‌ر كابرایه‌كی سه‌ر كه‌چه‌ڵی ، كورته باڵام دی ووتی: ده‌بمه 40 ساڵ. كه‌ وای ووت لۆچ كه‌وته نێوچاوانی و خه‌مێكی قوڵ ڕووخساری داگرت... 40 ساڵ! چوارێك و سفرێكی سه‌رزل... چه‌نده ئه‌سته‌مه...
پێش دوو ساڵیش ژنێكم بینی كه ووتی 8 ساڵی تر ئه‌بمه 40 ساڵ. دڵم زۆرته‌نگه و هه‌ستئه‌كه‌م ژیانم ئیتر ته‌واو بووه.
منیش ئه‌مڕۆ ئه‌بمه چل ساڵ. ئه‌و چوار و سفره سه‌رزله... به‌ڵام هه‌ستێكی تایبه‌تم نییه... قژه‌كانم ده‌مێكه سپی بوون و به‌ڕه‌نگ دایان ئه‌پۆشم. ده‌وروبه‌ری چاویشم پڕن له لۆچ و پۆچ و ده‌سته‌كانیشم خاڵدار بوون. مه‌مكم خه‌ریكی شۆڕبوونه‌وه‌ن له پاش چه‌ندین ساڵ شیردان به‌مناڵ و گووشین به ده‌ستی یار... مناڵه‌كانم خه‌ریكن له خه‌م ئه‌ڕه‌خسێن و مێرده‌كه‌شم ده‌مێكه چل ساڵ و ئه‌و ده‌وره پڕ زه‌حمه‌ته‌ی تێپه‌ڕاندووه... له بیرمه كه بوو به چل ساڵ ئه‌و ڕۆژه ماوه‌یه‌كی زۆر له پێش ئاوێنه‌كه وه‌ستاو ووتی؛ ئافره‌ت خۆ بووم به چل ساڵ! بزانه ته‌مه‌ن چه‌ند خێرا ئه‌‌ڕوا. ئه‌و ڕۆژه ماچم كرد و چێشتی دڵخوازیم بۆ لێنا...
ئه‌مڕۆ منیش 40 ساڵم پڕ كرده‌وه. ‌‌‌‌‌‌‌هیچ باسم نه‌كرد، ئه‌ویش هیچی نه‌ووت. من ترسام له ژماره‌ی 40... له سپی بوونی قژه‌كانم، له زیاتر ده‌رخستنی خاڵه‌كانی ده‌ستم و لۆچه‌كانی ده‌وری چاوم و مه‌مكه شۆڕه‌كانم... ترسام له ته‌نیایی، له‌ باڵه‌فڕێی مناڵه‌كانم...



* * * * * * * * * * * * * * * * * * * *

Sunday, March 21, 2004

چێشتی خۆشم لێنا، چه‌پكێ گوڵم دانا، سێوی سوور و چه‌ره‌ز و نوقڵ و چكلێت و شیرینیم دانا، مۆمم داگیرساند. جلی كوردیم له‌به‌ركرد. گۆرانی كوردێم گوێ لێگرت. ڕووخۆشتر بووم له ڕۆژه‌كانی تر. توڕه نه‌بووم له مناڵه‌كان و مێرده‌كه‌م. باسی خۆر و به‌هار و سه‌وزایی و سه‌یرانم كرد. به‌ڵام سه‌ر ده‌رهێنان له ده‌لاقه‌ی ماڵه‌كه‌مه‌وه به‌س بوو كه بڵێت: هه‌وڵت بێهوده‌یه. نه‌ورۆز ڕوو لێره ناكات... تۆ له‌ نه‌ورۆز دوور و نه‌ورۆز له تۆ دوور...



* * * * * * * * * * * * * * * * * * * *

Saturday, March 20, 2004



ساڵی نوێ و ڕۆژی نوێتان پیرۆز بێت!
ئاواتی ڕۆژانێكی گه‌شتر له ساڵی پارتان بۆ ئه‌خوازم.



* * * * * * * * * * * * * * * * * * * *

Wednesday, March 17, 2004

سه‌رۆكی كار پاش هه‌فته‌یه‌ك نه‌خۆشی دێته‌وه. هه‌موو وه‌كو مه‌یموون بۆی ئه‌كه‌وینه سه‌ما، به‌خێر بێیته‌وه، كه‌فاره‌تی گوناحان!. هه‌موو گورجوگۆڵانه ئیشه‌كان به‌رێ ئه‌كه‌ین. كه‌س بۆڵه‌ی نایه‌ت،وه‌كو ڕۆبۆت. چاوی سه‌رۆك دیاره و هه‌موو له‌و كاتانه‌دا ده‌ستی یارمه‌تی بۆ یه‌ك درێژ ئه‌كه‌ین. هه‌موو هه‌وڵئه‌ده‌ین له‌ كاتی پشووی خۆمان بگرینه‌وه و خێراتر له‌وی تر بگه‌ڕێینه‌وه سه‌ر ئیشه‌كانمان. ته‌له‌فۆنه‌كان به قسه‌ی تایبه‌تی مه‌شغوڵ ناكه‌ین. ڕێكو‌پێك. كه‌س پێنج ده‌قه زووتر ناڕواته‌وه. هه‌موو ئه‌ڵێی خه‌ریكی پێشبڕكێن  بۆ باشتر كار كردن. یاخود به‌نده‌یی كردن، نازانم. سه‌رۆك ساغ و سه‌لامه‌ته و ئیشكردنی مه‌یمون ئاساییانه‌ی ئێمه‌ش به‌رده‌وام.

ڕۆژێكی تر:

كچێكی گه‌نجه و یه‌كه‌م ئیشی ڕه‌سمییه بۆی. هه‌موومان به‌مه ئه‌زانین. ئه‌و هیچ له ژیانیی ئیشكردن نازانێت. سفر كیلۆمه‌تر، تازه له زانكۆ وه هاتۆته ده‌ره‌وه. له‌م لاو له‌و لا كه‌موكوت ئیشی كردووه، به‌ڵام له شوێنێكی ئاوها گه‌وره‌ و لێپرسراوییه‌تی هه‌بێت، نا. ئه‌زانین ناشییه. ددانمانی بۆ تیژ ئه‌كه‌ین، مێشكمانی بۆ ئه‌خه‌ینه كار و پیلانی بۆ دائه‌نێین: چۆنی بچه‌وسێنینه‌وه؟ خوا ناردوویه‌تی بۆمان. ئیشه‌كان به ئه‌و ئه‌كه‌ین خۆ ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌یه‌كیش ڕوویدا، یه‌كسه‌ر ئه‌و تووش ئه‌كه‌ین. قابیله ئێمه هه‌ڵه بكه‌ین؟ پاش ئه‌و هه‌موو ساڵه ئه‌زموونه؟ سه‌رۆك گوێبگره ئه‌م گه‌نجه‌ت هێناوه ، ته‌جروبه‌ی نییه‌! زه‌هری خۆمان ئه‌ڕێژین. لای ئه‌ویش دڵمان ئه‌بێته مۆم و نه‌رم نه‌رم ده‌توێینه‌وه بۆی. ئای كه گوناحی سه‌رۆكێكی بێڕه‌حممان هه‌یه، بیر له تازه‌كاری و هه‌رزه‌كاری تۆ ناكاته‌وه.

ڕۆژانێكی تر:

ئاژه‌ڵه‌كان به‌ناو یه‌كدا دێن و ئه‌چن. ماڵی و كێوی، دڕنده و به‌سته‌زمان... هه‌مووی له ته‌قه‌لادایه... شه‌ڕه! شه‌ڕ بۆ مانه‌وه!

تــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــف چ ڕۆژانێكه!



* * * * * * * * * * * * * * * * * * * *

Monday, March 15, 2004



به له‌نجه و به‌ له‌نجه
ئۆخه‌ی به‌ لارو له‌نجه
باری كرد، باریكرووه، بۆ شاره‌كه‌ی هه‌ڵه‌وجه...

به‌ له‌نجه و به‌ له‌نجه ، زۆر به ئاسپایی، زۆر له سه‌رخۆ، ئێواش ئێواش وه‌كو گه‌ڵای پاییزه ته‌نوره‌یان كرد و كه‌وتنه خواره‌وه. گه‌‌ڵایه‌ك، دووان، سێیان، چوار، پێنج، شه‌ش، حه‌وت، هه‌شت، نۆ، پازده، په‌نجا، سه‌د، پێنج سه‌د، هه‌زار، دوو هه‌زار، سێ هه‌زار، چوار هه‌زار، پێنج هه‌زار. وای، وای چ گه‌ڵاڕێزانێك... وای له‌ له‌نجه‌ی وه‌رینی ئه‌و هه‌موو گه‌ڵایه. وای له‌و به‌هاره‌ی گوڵ هه‌ڵبوه‌رێت، ئه‌ویش نه‌یه‌ك نه‌ دوو، به‌ڵكو پێنج هه‌زار...  وای له‌وكۆڵانانه‌ی كه چیدی قریوه‌ی پێكه‌نینی مناڵه هاروهاجه‌كانی لێ نابیسرێت... وای كه‌سه‌كانم...
چاوم ئه‌نوقێنم، خۆم له ناوپاسێكی كۆسته‌ردا ئه‌بینم پاسه‌كه لێره‌و له‌وێ ئه‌وه‌ستێ، عه‌ربه‌ت، سه‌ی سایه‌ق و ئه‌گاته زه‌مه‌قی. ئاهێكم دێته‌وه به‌ردا، ئۆخه‌ی گه‌یشتین و ئینجا هه‌ڵه‌بجه. جاده‌ی سه‌ره‌كییه‌كه‌ی شار، گه‌ڕه‌كی كانی ئاشقان، دووكانه‌كان، گه‌ڕه‌كی مامۆستایان. له‌وبه‌ره‌وه گردی شه‌هیدان دیاره پشتی گرده‌كه سه‌وزایی چڕوپڕی عه‌بابه‌یلێ. ئه‌ڕۆم بۆ ئه‌وێ، به‌ناو گه‌ڕه‌كی باخاندا سه‌ر ئه‌كه‌وم ، ئای چ بۆنێكی هه‌بوو. بۆنی پونگه، بۆنی گوڵه باخه‌كان. له‌وێ وێنه‌یه‌ك ئه‌گرم. ئه‌وكات گه‌نجم كراسێكی كوردی سوورم له‌به‌ره و هه‌ڵه‌بجه‌ش وه‌كو من گه‌نج و خۆی به گوڵاله سوره خه‌‌مڵاندووه. ئێستاش هه‌ر له ناو خه‌یاڵه‌كانمدام... ئه‌چمه باوه‌كۆچه‌ك... كچی خاڵم بیر ده‌كه‌وێته‌وه پڕ به ده‌می پێده‌كه‌نێت و هاوار ئه‌كات بردمه‌وه بردمه‌وه!!! له‌وێ نامێنم و به‌ره‌و عه‌نه‌و... ڕاده‌چه‌نم... خه‌و خه‌یاڵ نییه، ڕاستییه. ئه‌و هه‌موو شوێنانه زه‌رد بوون، سیس بوون، خنكان...
جارێكی تر چوومه‌وه هه‌ڵه‌بجه پاش وه‌رینی، ئه‌مجاره ڕه‌گه‌كانی خۆی له خاك گیر كردبوو، گه‌ڵای بچوك بچوك چه‌كه‌ره‌ی كردبوو. به‌ گه‌ڕه‌ك و كۆڵانه نیوه ڕووخاو نیوه ئاوه‌دان كراوه‌كانیدا تێپه‌ڕێم. نه‌مئه‌توانی هه‌نگاو بنێم ب‌‌سه‌ر ئه‌رزه‌كه‌دا. نه‌مئه‌توانی سه‌رم به‌رز كه‌مه‌وه، نه‌مئه‌توانی ته‌ماشای كه‌س و هیچ بكه‌م. پێویستیشی نه‌ئه‌كرد وا بكه‌م. هه‌موو كاته‌كه وێنه‌ و خه‌یاڵی ئێوه بوو له پێش چاوم. له‌نجه‌ی  وه‌رینی ئێوه بوو. ئه‌ترسام پێم به‌ر زه‌وی بكه‌وێت، نه‌كا ئه‌و گه‌ڵا بچوكانه ئێوه بن.


* * * * * * * * * * * * * * * * * * * *

Friday, March 12, 2004

زۆرتان ئالفۆنس ئۆبێری ئه‌ناسن. چه‌ند ساڵێک له‌مه‌وبه‌ر 25 ساڵی پڕكرده‌وه. ئالفۆنس هاوڕێیه‌كی خه‌یاڵاوی هه‌یه. ته‌نیا خۆی ئه‌یبینێ وته‌نیایی خۆی له‌گه‌ڵدا به‌ش‌ئه‌كات. ناشزانم چه‌ند كه‌س هه‌یه كه ها‌وڕێیه‌كی وای هه‌یه، به‌ڵام ئه‌وه‌نه ئه‌زانم كه بوونی هاوڕێی وا باشی زۆری هه‌یه. ئه‌تووانی له‌گه‌ڵی به سه‌ربه‌ستی قسه بكه‌یت، توڕه بیت و بگریت بێئه‌وێ ده‌ستبكاته نه‌سیحه‌ت كردن و ڕێگه‌ی چاكه‌ و خراپه پیشاندان.
نه‌مویست باسی ئالفۆنس بكه‌م. ئالان و جگه‌ره كێشانه‌كه‌ی بیری خستمه‌وه. ئالان ئه‌و كاته‌ی مناڵ بوو، ئه‌چووه باخچه‌ی ساوایان و من شه‌وانه ئالفۆنسم بۆ ئه‌خوێنده‌وه تا ئه‌خه‌وت. له ناو هه‌موو چیرۆكه‌كاندا زیاتر ئه‌و چیرۆكه‌ی پێخۆش بوو كه ئه‌چووه لای دایه‌گه‌وره‌ی و له‌وێ كێك وكولیچه‌ی ئه‌خوارد به دزی نه‌نه‌وه. زۆر جار ئه‌یپرسی دایه، من دایه گه‌وره‌م هه‌یه. ئه‌مووت ئا دایه گیان هه‌ته، له كوردستانه. وێنه‌ی دایه گه‌وره‌ی ئه‌و وه‌كو دایه‌گه‌وره‌ی ئالفۆنس نه‌بوو. دایه‌گه‌وره‌ی ئه‌و كڵاو وله‌چكی هه‌بوو، كراسه‌كه‌ی درێژ و فه‌قیانه‌ی هه‌بوو، ملوانكه‌ی شینی له ملدا بوو. كه سه‌یری ئه‌كرد ئه‌یووت دایه دایه‌گه‌وره‌ی من و ئالفۆنس وه‌كو یه‌ك وان! هه‌ردووكیان قژیان سپییه، هه‌ردووكیان خڕن.   
بیر له ئالان ئه‌كه‌مه‌وه. حه‌ز ئه‌كه‌م دووباره مناڵ بێته‌وه... بچوك، بچوكتر و بچوكتر تا ده‌بێته ئاله ساواكه‌ی خۆم و توند توند له باوه‌شی بگرم. بۆن به لامله‌كه‌یه‌وه بكه‌م... دانه دانه په‌نجه بچوكه‌كانی ماچ كه‌م.
زۆر له باسه‌كه ده‌رچووم. ئالفۆنسم خوێنده‌وه بیرم له هاوڕێكه‌ی كرده‌وه. ئارام بوومه‌وه. منیش له‌گه‌ڵ مناڵیی ئالان و تا گه‌وره‌یی قسه‌م كرد. ئه‌و شتانه‌ی كه له دڵمدا بوون پێمووت. هه‌وڵئه‌ده‌م كاتێك قسه‌م له‌گه‌ڵ كرد وه‌كو هاوڕێكه‌ی ئالفۆنس بكه‌م؛ بێده‌نگ بم و گوێی لێبگرم. گوێ له هه‌نگاوی به‌ره‌و گه‌وره بوونی بگرم. هه‌ستئه‌كه‌م هه‌نگاوه‌كانی زۆر خێران. نازانم ئه‌توانم له‌و گه‌وره‌بوونه بگه‌م یان نه؟



* * * * * * * * * * * * * * * * * * * *

Thursday, March 11, 2004

بۆم ده‌ركه‌وتووه ئالان به دزییه‌وه جگه‌ره ئه‌كێشێ. من تازه بۆم ده‌ركه‌وتووه. نازانم له‌كه‌یه‌وه ده‌ستیپێكردووه، نازانم هه‌ر به جگه‌ره‌وه وه‌ستاوه یان شتی تریشی تاقیكردۆته‌وه. زۆر نیگه‌رانیم. جارێ باسم نه‌كردووه له‌گه‌ڵی. ئه‌مه‌وێ كاتێكی گونجاوی بۆ بدۆزمه‌وه كه من و باوكی و ئالان، سێ قۆڵی باسیكه‌ین. چه‌ند ڕۆژێكه خه‌و به ته‌واوه‌تی نه‌چۆته چاومه‌وه. ئه‌م جگه‌ره كێشانه‌ی بۆته مۆته‌كه و یه‌خه‌م ئه‌گرێت. باوكی ئه‌ڵێ پێویست ناكات ئه‌وه‌نده گه‌وره‌ی كه‌ی، ئه‌و له ته‌مه‌نێكدایه كه پێیخۆشه ئه‌زمونی هه‌بێت. توڕه ئه‌بم لێی، شت نه‌ما تاقیكاته‌وه‌ جگه‌ره‌ی بۆگه‌ن نه‌بێ؟
ئه‌مڕۆ پڕ به‌‌دڵ حه‌زم ئه‌كرد لانه له ماڵ بووایه. بزانم ئه‌ویش به‌مه ‌ئه‌زانێ و له منی شاردۆته‌وه. نازانم...



* * * * * * * * * * * * * * * * * * * *

Sunday, March 07, 2004

                  ‌



* * * * * * * * * * * * * * * * * * * *

نازانم بۆ ئه‌بێ قاپ شتن و ماڵ پاككردنه‌وه، ببێته شتێكی ئه‌وه‌نده گه‌وره و هه‌را و به‌زمی لێپه‌یدابێت. ڕاستییه‌كه‌ی بۆ من وایه ئه‌گه‌ر ده‌ستم به شتێكه‌وه بێت  بۆ نمونه گۆڤارێكی خۆش یان فیلمێك یان قسه‌وباس له‌گه‌ڵ هاوڕێ و مناڵه‌كانم. قاپ شتنه‌كان دائه‌نێم بۆ دواتر. خۆ قاپه‌كان ڕا ناكه‌ن و هه‌ر له موتبه‌خ كه‌وتوون. ئه‌وه هاوڕێ و ئه‌و ساته خۆشانه‌ی من و مناڵه‌كانمه كه له‌وانه‌یه له‌ده‌ست ده‌رچێت. یان ئه‌گه‌ر له ئیش بێمه‌وه و ماندوو بم، باوكی مناڵه‌كان ماڵه‌كه‌ی كۆ نه‌كردبێته‌وه منیش نایكه‌م، تا پشوویه‌كی باشی بۆ نه‌ده‌م. ئێستا ئه‌م باسه‌ بۆ ئه‌كه‌م، هۆكه‌ی ژنێكی خزمی خۆمه. ئه‌و به ڕۆژان ئیش ئه‌كا و مێرده‌كه‌ی شه‌وانه ئیش ئه‌كا. دوێنێ ویستم هه‌واڵی بپرسم. ووتی ماندووم، مناڵه‌كانم لای مێرده‌كه‌م بوون كه‌چی حه‌فازه‌كه‌ی كچه‌كه‌ی نه‌گۆڕیووه. ئه‌و كچه هه‌ژاره‌م هه‌موو له‌شی سووتابووه‌وه. قاپه‌كانیشی نه‌شتبوو. ئیتر هه‌ر كه هاتمه‌وه خه‌ریكی مناڵ پاككردنه‌وه و قاپشتن بووم. یه‌ك ده‌قه‌ش دانه‌نیشتووم.  هه‌رچه‌ند  مێرده‌كه‌شم ووتی قاپه‌كان مه‌شۆ سبه‌ی خۆم ئه‌یانشۆم... به‌ڵام فه‌قیره ئه‌ویش تا به‌یانی ئیش ئه‌كات. دیسانه‌وه هه‌ندێ گله‌یی تری كرد كه مێرده‌كه‌ی هیچ له ئیش وكاری ناوماڵدا یارمه‌تی نادات. منیش پێمووت ده‌ی قاپه‌كانت بۆ دابنایه بۆ سبه‌ی. خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌مشه‌و نه‌یشۆیت و له متبه‌خ بمێنێته‌وه دنیا سه‌روژوور نابێ. ووتی تۆ هه‌ر وای ته‌مه‌ڵی. گوێ ناده‌یتێ.

هه‌رچه‌ند بیرم كرده‌وه ته‌مه‌ڵیم له خۆمدا شك نه‌برد. به‌ڵام ته‌مه‌ڵ بم یان نه، پێموایه كه له ئیش دێمه‌وه و ماندووم ، ئه‌بێ كه‌مێك پشووی بۆ بده‌م بۆ ئه‌وه‌ی بتووانم سبه‌ی دووباره ده‌ستپێبكه‌مه‌وه. ئینجا كه كابرا ئه‌ڵێ لێیگه‌ڕێ سبه‌ی خۆم قاپه‌كان ئه‌شۆم. بۆ وا ناكه‌م، با سبه‌ی خۆی بیانشوات. ئه‌م  حه‌ساسیه‌ته‌ی بۆ چییه؟!


* * * * * * * * * * * * * * * * * * * *

Saturday, March 06, 2004



دره‌نگێك له ئیش‌ هاتمه‌وه. له‌ ناو قه‌تاره‌كه‌دابه‌رامبه‌رم ژنێك دانیشتبوو. ته‌مه‌نی ده‌ورووبه‌ری چل ساڵێك ئه‌بوو. ژنێكی كه‌ڵه‌گه‌تی باریك ئه‌ندام بوو. قژێكی درێژی زه‌ردی هه‌بوو كه به‌سه‌ر شان و ملیدا په‌خش بووبووه‌وه. دوو چاوی گه‌وره‌ی شین و ده‌مولێوێكی قه‌ڵه‌وی هه‌بوو. پانتۆڵێكی چه‌رم و پاڵتۆیه‌كی فه‌روداری له‌به‌ردا بوو. جله‌كانی گه‌رم بوون. له جله‌كانی گه‌رمتر نیگاكانی بوون، ده‌موچاوی پڕ بوو له بزه‌ و گه‌شی. پاش ماوه‌یه‌ك ته‌له‌فوونه ده‌ستیه‌كه‌ی له جانتاكه‌ی ده‌رهێنا و ته‌ماشایه‌كی كرد.
ته‌له‌فۆنه‌كه‌ی خسته‌وه ناو جانتاكه‌ی، دیسانه‌وه ده‌ریهێنا و ته‌ماشایه‌كی تری كرد و دیسانه‌وه له جانتاكه‌ی كرده‌وه. بۆ جاری سێیه‌م ده‌ریهێنا و زۆر به نه‌رمی شاشه‌ی ته‌له‌فۆنه‌كه‌ی ناز كرد و ته‌ماشایه‌كی ده‌ره‌وه‌ی كرد و پاشان من، بۆم پێكه‌نی و سه‌رێكی ڕاوه‌شاند. ئه‌مجاره‌یان به نادڵنیاییه‌وه ته‌له‌فۆنه‌كه‌ی خسته‌وه ناو جانتاكه‌ی. ساتێكی پێنه‌چوو ده‌ریهێنا، ئه‌مجاره‌یان زۆر به په‌له ده‌ستی كرد به نووسینی په‌یامێك. په‌یامه‌كه‌ی نووسی، ته‌ماشایه‌كی كرد، ده‌ستی به شاشه‌كه‌دا هێنا و هه‌ناسه‌یه‌كی هه‌ڵكێشا؛ چاوه‌ شینه‌كانی بوون به ده‌ریایه‌‌ك، فرمێسك تێیدا شه‌پۆلی ئه‌دا. په‌یامه‌كه‌ی نارد... ته‌له‌فۆنه‌كه‌ی خسته‌وه جانتاكه‌ی و چاوه‌كانی لێكنا... بزه‌ی سه‌رلێوی هه‌موو ده‌موچاوی ڕووناك كردبووه‌وه.



* * * * * * * * * * * * * * * * * * * *

Wednesday, March 03, 2004

چاوه‌كانی من، دنیای تۆ



* * * * * * * * * * * * * * * * * * * *

Monday, March 01, 2004

كه ئه‌مه‌م خوێنده‌وه،هیچ هه‌ستێكی تایبه‌تیم لا دروست نه‌بوو. فیدراڵی درا به كورد! چووم زیاتر له لای ماڵه كورده‌كان شت بخوێنمه‌وه به‌ڵام NADA ، هیچم ده‌ستنه‌كه‌وت.


* * * * * * * * * * * * * * * * * * * *

خۆر، هه‌تاو، ڕۆژ، پرشنگ، تیشك، ئاسمانی شین، ڕوناكی، ساماڵ... ئه‌مڕۆ ئێره هه‌واكه‌ی زۆر خۆش بوو. له‌وه ئه‌چوو به‌هار بێ. خه‌ریك بوو به‌هارم له بیرئه‌چووه‌وه. خه‌ریك بوو ترسم لێئه‌نیشت و ده‌كه‌وتمه دڵه‌خورپه: تۆ بڵێی به‌هار ئه‌م هه‌رێمه‌ی له‌بیر چوو بێت!



* * * * * * * * * * * * * * * * * * * *