--> ::هه‌رێمی هیچ ::

هه‌رێمی هیچ

Friday, April 30, 2004




* * * * * * * * * * * * * * * * * * * *

هه‌وای ده‌ره‌وه هه‌تا بڵێی خۆش و به‌هارییه. به‌ڵام من نه‌خۆشم و تایه‌كی باشم لێهاتووه. ئالان دێت و ده‌ستی ئه‌خاته سه‌ر ته‌وێڵم، دایه تات هه‌یه! . ئه‌وه‌نده‌ی پێناچێت دێته‌وه پارچه‌یه‌كی ته‌ڕ كردووه‌ و له‌سه‌ر ته‌وێڵمی دائه‌نێت. هه‌ستئه‌كه‌م ئه‌یه‌وێ شتێك بڵێت. ئالان گیان شتێك هه‌یه پێت خۆشه بیڵێی؟ ئالان ته‌ماشام ئه‌كات و ده‌ستی به‌سه‌رمدا دێنێت. دایه توخوا كه‌م كه‌م نه‌خۆش به‌! ماڵه‌كه زۆر ناخۆش ئه‌بێت كه تۆ نه‌خۆش ئه‌كه‌ویت. كه‌سیش نایه‌ت ژێر سه‌رینه‌كه‌م بگه‌رێت بۆ جگه‌ر‌ه... خۆش نییه، دیلان و بابه نازانن چۆن شه‌ڕم پێفرۆشن!



* * * * * * * * * * * * * * * * * * * *

Wednesday, April 28, 2004



لا حول ولا قوة الا بالله العلى العظيم. أمس في مصر واليوم بالكويت وعلى ما يبدو سوف تكون موضة وسوف نرى نصف الشباب العربي يتحول إلى بنات آه وآه. وأنا أسأل نفسي: رجال الأمة العربية يفكرون أن يصبحوا نساء والبقية الباقية يفكرون فى النساء ليل نهار، "وابقى قابلني" لو الأمريكان خرجوا من أراضينا أو حررنا فلسطين أو الجولان أو مزارع شبعا أو العراق الجريح أو حتى حررنا أنفسنا. يا خسارة، كل هذا عملوه الأمريكان في الكويت.
حلمي الشافعي -مصري بالسعودية 
"پیاوانی ئومه‌تی عه‌ره‌بی ئه‌یانه‌وێ ببنه ژن و ئه‌و پیاوانه‌ی كه ماوون شه‌و و ڕۆژ بیر له ژن ئه‌كه‌نه‌وه"
ئه‌مه به‌شێكه له قسه‌ی ئه‌و حلمی شافعیه‌یه له باره‌ی باسێك له BBC ی عه‌ره‌بی، ده‌رباره‌ی گۆڕینی جنسیه‌تی پیاو بۆ ژن له‌ كوێت. حه‌كایه‌ت و ڕا گۆڕینه‌وه‌یه‌كی خۆشه.



* * * * * * * * * * * * * * * * * * * *

Tuesday, April 27, 2004

دیسانه‌وه هه‌موو له‌شی ئێشێت؛ سه‌ری، پشتی، كه‌مه‌ری، قاچی، ئه‌ژنۆكانی. پێچی ئێش به ناوسكیدا تێئه‌په‌ڕێت. ئه‌ڵێی ده‌ستێكی بێ‌به‌زه‌یی دانه‌ دانه‌ی ڕیخۆڵه‌كانی ڕائه‌كێشێت. ئێشه‌كه دوو ڕۆژ پێش كاتی خۆی ده‌ست‌پێئه‌كات. هه‌میشه هه‌روا بووه. له‌پێشدا سه‌ر ئێشه‌ و پاشتریش ژانه‌كانی تر.
هه‌موو مانگێك، هه‌فته‌یه‌ك ڕێك وه‌كو په‌ككه‌وته‌كان ئه‌كه‌وێت. حاڵی حاڵ نییه. ئه‌و ده‌م، له خۆی، له‌ ده‌وروبه‌ر، له مێرده‌كه‌ی، سروشت، خوا، ژن بوونی خۆی بێزار ئه‌بێت. هه‌میشه ئیمانی له هه‌موو كاتێكی تر ته‌نكتر ئه‌بێت. بۆ ئه‌بێ مانگی هێلكه‌یه‌ك به فیڕۆ بڕوات؟ له‌گه‌ڵ به فیڕۆدانی هه‌ر هێلكه‌یه‌ك خه‌مێكی قووڵیش دایئه‌گرێت. هێلكه‌یه‌ك، دوو، سێ، چوار، ده، سه‌د. ته‌مه‌نی هه‌ر هه‌ڵئه‌كشێته‌ سه‌ره‌وه، ژانه‌كه‌ی زۆرتر، توانا و ته‌حه‌مولی كزتر و هێلكه‌كانی ڕووله كه‌م بوونه‌وه ئه‌كه‌ن.

چ بێدادییه‌كه... ئه‌م ئازاره زۆره، ئه‌م ژماره سنورداره‌ی هێلكه‌كانی، ویستی بوونه دایك، زوو تێپه‌ڕ بوونی كات.


* * * * * * * * * * * * * * * * * * * *

Monday, April 26, 2004



* * * * * * * * * * * * * * * * * * * *

Friday, April 23, 2004

ده‌نگی ویزه‌ی كه‌مپیوته‌ره‌كه دێت. له‌ ده‌ره‌وه ده‌نگی ناڵه‌ و هاوار و قیژه‌ی چه‌ند سه‌رخۆشێك دێت. مناڵه‌كان نوستون. جار به جار ده‌نگی دڵۆپه‌ی به‌لوعه‌كه دێت. ته‌ق... ته‌ق... ته‌ق. چه‌نده پێی وه‌ڕسم و توانای هه‌ستانم نییه. ناچار به لۆژه لۆژ ئه‌یبه‌ستمه‌وه. ده‌نگی ته‌په‌ ته‌پێك له ماڵی پیره‌ژنه‌كه‌ی دراوسێمانه‌وه دێت. ئه‌وه ئه‌چێ میز ئه‌كات... بێده‌نگی...

لوره‌ی سه‌گ دێت له‌ دووره‌وه. لوره ئه‌بێته وه‌ڕینێكی زۆر ونابڕێته‌وه. پیره‌ژنه‌كه ئه‌ڵێ خوا ڕه‌حم كات. ده‌نگێكی سه‌یردێت. وه‌كو ده‌نگی پێی ئاژه‌ڵێكی زۆر. ڕممه‌ی دێت. دوای ئه‌بێته گرمه گرم دوای ئه‌بێته ده‌نگی تایه‌ وزنجیر.
پیره‌ژنه‌كه ده‌ستوبرد كوڕه‌كه‌ی بانگ ئه‌كات. بیبه بۆ ماڵی خاته شێت، كه‌س شك له‌وێ ناكات! كوڕه‌كه‌ی خێرا له پێش منه‌وه ئه‌ڕوات و منیش كوێره كوێر به‌ دوایدا. پیره‌ژنه‌كه به ده‌نگێكی خنكاوه‌وه بانگمان ئه‌كا‌ت: وه‌ره جلوبه‌رگه‌كانت ببه. ئه‌گه‌ڕێمه‌وه. ده‌نگی خشپه‌ی پێم دێت. ده‌نگه‌كه‌ ئه‌ڵێی بۆمبه، به‌سه‌ر ده‌نگی زنجیر و ڕممه‌ی پێی میوانه نامۆكانی شه‌ودا زاڵ ئه‌بێت. به ده‌ممدا ئه‌كه‌وم. كوڕه‌كه دێت ده‌ستم ئه‌گرێت: هه‌سته باجی من شته‌كانت هه‌ڵئه‌گرم، مه‌ترسه! ده‌ستی ئه‌گرم و كۆمه كۆم به‌ره‌وماڵی خاته شێت ئه‌ڕۆین. دیسان ئه‌كه‌ومه‌وه. ئه‌مجاره ده‌نگی كه‌وتنه‌كه‌م كه‌ڕم ئه‌كات، ئه‌وه‌نده گه‌وره‌یه. دیسانه‌وه هه‌ڵئه‌ستم... ماڵی خاته شێت له‌ كوێییه بۆ نایگه‌ینێ؟  ئه‌گه‌ین. ده‌رگا ته‌نه‌كه‌ینه‌كه‌ی ئه‌كه‌ینه‌وه. جیڕڕڕڕڕڕڕڕڕڕڕ و خۆمان ئه‌كوتینه ژووره‌وه...
ده‌نگی ده‌سڕێژێژێكیش هاوكات به‌ر گوێ ئه‌كه‌وێت.
ده‌نگی خاته شێت به درێژایی ئه‌و شه‌وه: ‌ئه‌حه‌یان كوشت... ئه‌حه‌یان كوشت... ئه‌حه‌یان كوشت...



* * * * * * * * * * * * * * * * * * * *

Wednesday, April 21, 2004

له‌‌سه‌رخۆ گوڵه‌كان له‌سه‌ر گۆڕه‌كه دائه‌نێم و پاشه‌كشێ ئه‌كه‌م. هه‌موو له‌ یه‌ك جیا ئه‌بینه‌وه. نامه‌وێ زوو بگه‌ڕێمه‌وه. به‌ ناو گۆڕستانه‌كه‌دا پیاسه‌ ئه‌كه‌م. 1893 له‌ دایك بووه، 1985  كۆچی دوایی كردووه- 1904 له‌ دایك بووه، 1992 كۆچی دوایی كردووه...  ته‌ماشای زۆربه‌ی كێلی گۆڕه‌كان ئه‌كه‌م. زۆرینه‌یان زۆر ژیاوون، ته‌مه‌نێكی دوور و درێژ. له‌وه ئه‌چێ زۆربه‌یان  مردنێكی ئاساییان بووبێت. نه‌ له سێداره دراون، نه زینده‌ به چاڵ كراون، نه به گازی كیمیاوی...  نازانم ژیانی یه‌كه یه‌كه‌ی دانیشتوانی ئه‌م گۆڕستانه چۆن بووه، به‌ڵام مردنه‌كه‌ و هه‌رێمه‌كه‌یان ئارام و هێمنه.
ئێمه ژیانێكی ئاساییمان نه‌بوو، تۆ بڵێی مردنێكی ئاساییمان هه‌بێت؟



* * * * * * * * * * * * * * * * * * * *

Tuesday, April 20, 2004

Please forgive me!له‌ لای خۆمان ئه‌گه‌ر كه‌سێك سوك كه‌ن ئه‌ڵێن ڕه‌بی سه‌رت به تاشین چێت! ئه‌ڵێن گوایه یاریزانه جوانه‌كه‌ی یاری تۆپێنی بریتانیا، سه‌ری خۆی تاشیوه.
لانه: ئه‌وه خیانه‌تی له ژنه‌كه‌ی كرد بۆیه سه‌ری خۆی تاشی بۆ ئه‌وه‌ی ژنه‌كه‌ی لێی ببورێت.
ئالان: نه‌خێر! له‌به‌ر ڕاهێنانه‌كانه بۆیه سه‌ری خۆی تاشیووه.

ڕۆژنامه‌نوسێكی سوێدی: ئه‌گه‌ر مه‌سه‌له داوالێبوردن كردن بێت. ئه‌وه هه‌موو سه‌رتاشراوه‌كانی تریش ئه‌چنه ژێر پرسیاره‌وه، داخوا چییان كردووه؟ بۆ سه‌ریان به تاشین چووه؟

من: بۆ ئه‌گه‌ر پیاوێك خیانه‌ت بكات و دوای ئه‌وه سه‌ری خۆی بتاشێت، ژنه‌كه‌ی لێیئه‌بورێت؟

له گه‌ڕه‌كه‌كه‌ی خۆمان، پوره قه‌ده‌م خێر دایم ئه‌و دوعایه‌ی له‌ مناڵان ئه‌كرد: ده‌ك ڕۆڵه سه‌رت به تاشین چێت!
مه‌به‌ستی پوره قه‌ده‌م خێر:
1. سه‌ری به تاشین چێت چونكه مۆدیله و مۆدێرنه.
2. كه گه‌وره بێت خیانه‌ت له ژنه‌كه‌ی بكات و پاشان سه‌ری بتاشێت بۆ مه‌به‌ستی ئاشت بوونه‌وه.



* * * * * * * * * * * * * * * * * * * *

Monday, April 19, 2004


الراجل عیبو فی جیبو.
عه‌یبی پیاو له گیرفانیدایه ( په‌ندێكی میسری)

الف مبروك علیه المال وعلیكی العیال! ( پیرۆزبایی ژیانی نوێ ده‌ستپێكردن)
هه‌زار جار پیرۆزه، له‌سه‌ر ئه‌و ( مێرد) پاره و له‌سه‌ر تۆ مناڵ دروستكردن.

و زۆر شتی تری له‌م بابه‌ته...




* * * * * * * * * * * * * * * * * * * *

Sunday, April 18, 2004

ساته‌كان كه ته‌نیا هی خۆمن، ته‌نیا موڵكی خۆمن و بۆ كه‌سێكی تر نین و هه‌ر بۆ خۆشمی به‌كاردێنم، زۆر ئارامن... ئه‌و ساتانه مێشكم هێمنانه بیر له شته‌كان،  ڕوودواه‌كانی هه‌فته‌ی پێشوو، ساڵی داهاتوو، پار و 20 ساڵ پێش ئه‌كاته‌وه. هێمنانه بیری لێئه‌كه‌مه‌وه؟ ئه‌و هه‌موو ڕووداوه به په‌له‌ و ته‌مه‌نه خێرا ڕۆیشتووه‌، ئه‌و هه‌موو هه‌واڵی كوشتن و بڕینانه... چۆن ئه‌بێ هێمنانه بیری لێبكه‌مه‌وه؟ خۆمیش نازانم. له‌وانه‌یه ساته‌كه ئارام بێت. له‌وانه‌یه پاش 40 ساڵ، ژیان فێری كردبێتم، هه‌ڵبه‌ز و دابه‌ز سوودی نییه. له‌وانه‌یه كاتی هێمنی تایبه‌ت به خۆمم ئه‌وه‌نده كه‌م بێت كه ئه‌و كه‌مه ده‌رفه‌ته، هه‌لێك بێت و بیقۆزمه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو ده‌ماره گرژه‌كانی شان و مل و سه‌رمی پێ خاو بكه‌مه‌وه... دڵنیام كه هێمنانه بیر ئه‌كه‌مه‌وه.



* * * * * * * * * * * * * * * * * * * *

Saturday, April 17, 2004

با لینكێكی سایتی ئه‌و وێنه‌ی سه‌روه‌تان بۆ دانێم. وێنه‌ی زۆر زۆر جوانی تێدایه. حه‌یفه هه‌ر من بیبینم. فه‌رموون...



* * * * * * * * * * * * * * * * * * * *



* * * * * * * * * * * * * * * * * * * *

Friday, April 16, 2004

كـــــــــــــــــــــــــــــــێی زه‌لام؟

شوو ئه‌كه‌م... 19 ساڵ له‌مه‌وپێش. به‌ره به‌یانییه‌كی‌ زۆر زووه و هێشتا خۆر هه‌ڵنه‌هاتووه، سه‌یاره‌یه‌ك له‌به‌رده‌م ماڵی باوكمدا ڕائه‌وه‌ستێت. چاوه‌كانم له‌به‌ر بێخه‌وی و گریانی زۆر سوور و ئاوساون. كراسێكی كوردی شینم له‌به‌ره و سه‌رپۆشێكی بچكۆله‌شم له‌سه‌ر كردووه. دوو جانتام پێیه. دایكم وباوكم له ژووره‌وه‌ و به ئه‌سپایی ماڵئاواییم لێئه‌كه‌ن. دایكم ئه‌گری و باوكیشم ده‌نگی له‌رزه‌ی تێكه‌وتووه. خه‌سوومیش باوه‌ش به دایكمدا ئه‌كات و ئه‌ڵێ خه‌مت نه‌بێ، ئینشائه‌ڵا قه‌ده‌می خێر ئه‌بێ و زوو ئه‌گه‌ڕێنه‌وه ناومان.
من و خه‌سووم و شوبراكه‌م ئه‌كه‌وینه ڕێ. هێشتا خۆر به ته‌واوی هه‌ڵنه‌هاتووه كه ئه‌گه‌ینه شارۆچكه‌كه. له ماڵێك ئه‌بینه میوان. شوبراكه‌م به خۆی و سه‌یاره‌كه‌ی ئه‌گه‌ڕێته‌وه من و خه‌سووم و پیاوی خانه‌خوێ به لاندرۆڤه‌رێك ده‌گه‌ینه لادێیه‌كی قه‌دپاڵی چیا. تازه كاتژمێر 10 ی به‌یانییه. له لادێكه، له‌ماڵێكی تر ئه‌بینه میوان. ئه‌وه‌نده ماندووم چاوم بۆ ناكرێته‌وه. خانه‌خۆی جار به جار ته‌ماشام ئه‌كات و سه‌رێك ئه‌له‌قێنێت و ئه‌ڵێ وره‌ت به‌رز بێت! ئافه‌رین كچم! ژنه‌كه‌ی جێگه‌م بۆ ڕاده‌خا و ئه‌ڵێ: كچم ماندوویت، پشوویه‌ك بده كه‌مێك ڕاكشێ دواتر خه‌به‌رت ئه‌كه‌مه‌وه! ئه‌خه‌وم. خه‌وێكی قوڵ... به بۆنی كۆلكه داری  تازه ئاگراوی ناو زۆپا به‌خه‌به‌ر دێمه‌وه.
ئێواره‌یه‌ هێستره‌كان له‌ ده‌ره‌وه ڕاگیراون. ژنی خانه‌خوێكه ڕانه‌كێكم ئه‌داتێ: كچم ئه‌وه له‌به‌ر كه و كراسه جوانه‌كه‌ت له‌وێ له‌به‌ر كه! به‌ ڕانه‌كه‌وه ئاسانتر به‌سه‌ر هێستره‌كه‌دا زاڵ ئه‌بی و ناكه‌ویت. 
شه‌وێكی دره‌نگ، لێره‌واڕێكی چڕ و پڕ و هاژه‌ی چه‌مێكی سه‌ر شێت و بۆنی خۆشی گه‌ڵا داره‌كان وگژوگیا شه‌ونم لێدراوه‌كان...
كێییییییی زه‌لام؟
خۆمانین، بوكمان پێیه!



* * * * * * * * * * * * * * * * * * * *

Wednesday, April 14, 2004



ئه‌م زنجیره‌م زۆر پێخۆشه. نازانم خۆمی گه‌نجێتیم  بیر ده‌خاته‌وه یان چی. هه‌رچه‌ند  گه‌نجێتی من و ئه‌وان  جیاوازی زۆره، به‌ڵام جلوبه‌رگ و مۆدیلی قژ و ئه‌و هه‌موو گوڵ و گوڵزاره. كه بیر له پێڵاوه پاژنه به‌رزه‌كانمان ده‌كه‌مه‌وه پێكه‌نینم دێت. ئه‌و هه‌موو قه‌یتان به‌ستنه. یان زوڵف و لاجانی مێرده‌كه‌م و پانتۆڵه چارلستۆنه‌كانی و یه‌خه‌ درێژه‌كانی كراسه‌ نوقته نوقته‌كانی. ئای یادی به‌خێر.


* * * * * * * * * * * * * * * * * * * *

Monday, April 12, 2004



* * * * * * * * * * * * * * * * * * * *

Sunday, April 11, 2004

ڕۆژێكی گه‌رمی هاوینه، من و خه‌سووم سواری پاسێكی كۆسته‌ر به‌ڕێگه‌وه‌ین. له‌ ده‌روازه‌ی شار دێینه ده‌رێ و یه‌كه‌م پرسگه یان شوێنی پشكنین پاسه‌كه ڕائه‌گرێت. خه‌سووم له ژێر لێوه‌وه ورته‌ی دێت و خه‌ریكی دوعا خوێندنه. به په‌نجه زبره‌كانیشی دانه‌ی ته‌زبیحه‌كه‌ی ئه‌ژمێرێ و جار نه‌ جار هه‌ناسه‌یه‌كی قوڵ هه‌ڵئه‌كێشێت. منیش ئه‌ترسم و لێدانی دڵم زیاد ئه‌كات. سه‌ربازه‌كه سه‌رئه‌كه‌وێت و به مۆڕه‌وه ته‌ماشایه‌كی خه‌ڵكه‌كه ئه‌كات و به خێسه‌وه به پیاوه‌كان ئه‌ڵێ: هه‌ویه‌كه‌ت ( ناسنامه‌كه‌ت)؟ ئه‌وانیش خێرا خێرا ده‌ست ئه‌كه‌نه باخه‌ڵییان و هه‌وییه‌كانیان ده‌رئه‌‌هێنن و سه‌ربازه‌كه‌ش به لاچاوێك ته‌ماشایه‌كی ئه‌كات و بۆیان فڕێ ئه‌داته‌وه. ساته‌كان ئه‌وه‌نده قورسن هه‌ر ناڕۆن. ته‌نانه‌ت هه‌وای ناو پاسه‌كه، نیگاكانیش قورسن و خاو. چركه له‌كه‌سه‌وه نایه‌ت. من  ته‌ماشای ده‌ره‌وه ئه‌كه‌م. نامه‌وێ سه‌ربازه‌كه چاوی به چاوم بكه‌وێت. ئه‌ترسم چاوم بخوێنێته‌وه. بزانێت مناڵه پێشمه‌رگه‌یه‌كم له هه‌ناومدا شاردۆته‌وه، چه‌ند نامه‌یه‌كی دایك و ده‌زگیران و كه‌سوكاری پێشمه‌رگه‌م پێیه. ئه‌ترسم تێبگات كه  ئیتر هه‌رگیز چاوم به شاره‌كه‌م ناكه‌وێته‌وه و ڕێگه‌یه‌كی درێژ و سه‌ختم له‌به‌ره. ئه‌ترسم تێبگات ئه‌و مه‌نجه‌ڵه یاپراخه‌ی پێمانه، ئێواره  ئه‌بێته شیوی پیشمه‌رگه‌كان.

سه‌ربازه‌كه چاوێكی تر به ناوپاسه‌كه‌ و نیشته‌جێكانی ئه‌بڕێت و ئه‌ڵێ هه‌موو پیاوه‌كان دابه‌زن بۆ پشكنین. زه‌عیفه‌كان با له‌ ناو پاسه‌كه‌دا بمێننه‌وه.



* * * * * * * * * * * * * * * * * * * *

Wednesday, April 07, 2004

به‌هه‌شت له ژێر پێی دایكدایه.

من دووگیانم و هه‌موو له‌شم ئاوساوه. كۆمه‌ڵێك كوڕی گه‌نج به په‌نامدا تێئه‌په‌ڕن و به خێسه‌یه‌كه‌وه ته‌ماشام ئه‌كه‌ن و ئه‌ڵێن: ئه‌ڵێی مار گه‌ستوویه‌تی. شه‌رم ئه‌كه‌م. هه‌وڵئه‌ده‌م خۆم بدزمه‌وه و بشارمه‌وه و ببمه دڵۆپه ئاوێك به زه‌ویه‌كه‌دا ڕۆچم.

دوو گیانم و ئه‌چم بۆ نه‌خۆشخانه. ماندووم و نزیكی مناڵ بوونمه و زۆر به ئاسته‌م ئه‌تووانم ئه‌مدیوو و ئه‌و دیوو بكه‌م. سسته‌ره‌كان من ئاماده ئه‌كه‌ن. یه‌كێكیان به ده‌موچاوێكی گرژه‌وه پێم ئه‌ڵێ: نازمان بۆ مه‌كه عه‌یار! زوو كراسه‌كه‌ت داكه‌نه. ئه‌ویتر به توڕه‌ییه‌وه ئه‌ڵێ: بۆ ئه‌گریت؟ بۆ شووت كرد؟ نه‌تزانی شوو كردن، مار گه‌ستنیشی له دوایه، مناڵ بوونی له دوایه؟ بۆ هار بووی بۆ شووكردن؟

ئه‌و كاته من هه‌ر شه‌رمم كرد و گریانه‌كانم قووت دا. نه‌موێرا هاوار بكه‌م چونكه له كاتی مناڵ بوونه‌كه‌شدا سسته‌ره‌كه دوو سێ جار لێیدام. نه‌‌فره‌تم له خۆم كرد كه هار بووم و شووم كرد، كه هێشتم مار بمگه‌زێت، كه هێشتم مناڵم بێت و تووشی ئه‌م ئازاره بم.

هار بووم و شووم كرد هیچ لێكچوونێكی هه‌یه له‌وه‌ی كه پیاوێكم خۆشویست و له‌گه‌ڵی ژیانی هاوبه‌شم ده‌ستپێكرد؟

مارگه‌ستن و خۆشه‌ویستی كردن چ په‌یوه‌ندییه‌كیان هه‌یه پێكه‌وه؟

ئه‌و كوڕه گه‌نجانه و سسته‌ره‌كان نه‌یانتوانی پێناسه‌یه‌كی جوانتریان بۆ خۆشه‌ویستی كردن و دووگیان بوون و دروستكردنی ژیانێكی نوێیان هه‌بێت؟

سسته‌ره‌كان چۆنیان زانی من عه‌یارم، یان ناز ئه‌كه‌م یان كاتی خۆی بۆ شوو هار بووم؟ خۆ ئه‌وان هه‌رگیز منیان نه‌بینیبوو، هه‌ر نه‌شیان ده‌ناسیم.


* * * * * * * * * * * * * * * * * * * *

Tuesday, April 06, 2004

لانه هاته‌وه. نێوان من وئالانیش باشتر بووه. گرژییه‌كان خه‌ریكن نامێنن. دیلان له خۆشی هاتنه‌وه‌ی لانه قسه‌شمان له‌گه‌ڵ ناكات و بابیان بسكه‌ی سمێڵی دێت. دیسانه‌وه حه‌مام به‌رناكه‌وێت، شه‌ڕه‌شه‌قی منالان زیادی كردووه. له‌سه‌ر گوێگرتن له گۆرانی و یاری كۆمپیوته‌ر و كه‌ناڵی ته‌له‌ڤزیۆن ده‌بێته هه‌را و ده‌مه‌قاڵه. ماڵه‌كه‌ پڕه له ده‌نگه ده‌نگ. پێم سه‌یره لانه به‌و بچوكییه‌ چۆن ئه‌و هه‌موو  ده‌نگه‌ ده‌نگه ئه‌خوڵقێنێ. سبه‌ی پیاوانی ماڵ سه‌فه‌ر ئه‌كه‌ن و خاتونه‌كان ئه‌مێننه‌وه. له‌وانه‌یه قژمان كورت كه‌ینه‌وه، بچین بۆ مه‌له یان دوو سێ فیلمی كۆنی ڕه‌ش و سپی قه‌رز كه‌ین له‌گه‌ڵ كیلۆیه‌ك گوڵه‌به‌ڕۆژه‌ و سه‌رمان بگرین له‌خه‌نه. شت زۆره بیكه‌ین به‌ڵام كاته‌كان زوو ده‌ڕۆن.


* * * * * * * * * * * * * * * * * * * *

Saturday, April 03, 2004



* * * * * * * * * * * * * * * * * * * *

Thursday, April 01, 2004

لانه دێته‌وه. په‌یوه‌ندی نێوان من و ئالان وه‌كو سه‌رده‌می شه‌ڕی سارد وایه. كتێبه‌ شیعرێكی به‌ڕۆژ ئاكره‌ییم ئه‌خوێنده‌وه و ئیتر بێزار بووم و فڕێم دا و ووتم. ئه‌ه بۆنی جگه‌ره‌ی لێدێ. ئالان، چونكه له خۆی به‌شك بوو كردی به هات و هاوار و ووتی: بۆنی جگه‌ره‌ی چی؟ من هه‌ر تاقه‌تی ئه‌و كتێبه كۆنانه‌م نییه. بۆ باوه‌ڕم پێناكه‌ی؟ كه پێمووتی ئیتر نایكێشم، نایكێشم. به‌سه ئیتر.
حه‌په‌سام، من هیچ مه‌به‌ستم قسه‌ی تێكڵدارنه‌بوو. مه‌به‌ستم شیعره‌كانی به‌ڕۆژ ئاكره‌یی بوو كه زۆر وشه‌ی جگه‌ره‌ و چه‌خماخه‌ و دوكه‌ڵی تێدا بوو.



* * * * * * * * * * * * * * * * * * * *